وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رێخۆشکەریی کردووە بۆ گەڕانەوەی گروپێکی نوێی ئاوارهكان بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان لە پارێزگای نەینەوا، وەزارەتهكه دووشەممە (22 حوزەیران) رایگەیاند.
یاریدهدهری بەڕێوبەری لقی هەولێری وەزارەتهكه، سوعاد ئیسماعیل وتی 54 خێزان کە لە کەمپەکانی خازهر و حەسەن شام دەژیان گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان لە پارێزگای نەینەوا.
ئەو کەمپە، كه کەوتۆتە باشوری خۆرهەڵاتی نەینەوا، لەلایەن وەزارەتەوە بەڕێوەدەبرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی لە پارێزگای هەولێر.
بە دیارونای وت ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە بۆ نەینەوا، پهیوهندیی نزیكیان به هێزەکانی سوپا و پۆلیسهوه ههیه.
وتی داواکاریی گەڕانەوەیان کردووە بۆ ناوچەکانی خۆیان، "بەهۆی ئەو سەختیەی تووشیان بووە کاتێك چوونەتە نێو کەمپەکان یان لێی دەرچوون بەهۆی ئەو هەنگاوانەی گیراونەتە بەر بۆ بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
سوعاد وتی خێزانی ئاوارەی زیاتر بەردەوامن لە گەڕانەوە و ئاماژەیکرد بەوەی "هەر داواکارییەك بەدەستمان بگات بۆ گەڕانەوە لەلایەن ئاوارەکانەوە، کۆدەکرێتەوە و راستەوخۆ دەنێردرێت بۆ لایەنی بەرپرسی حکومی".
وتی دواتر وەزارەت مامەڵەی گەڕانەوەیان رێکدەخات و رێکەوتن کراوە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە بۆ دابینکردنی پاس و لۆری بۆ گواستنەوەی ئەم خێزانانە.
گەڕانەوەی خۆبەخشانە
سوعاد وتی هەندێك خێزان به پارهی خۆیان دەگەڕێنەوە و ئاماژەیکرد بەوەی "بڕیارەکە لەدەستی خۆیاندایە و ئازادن لەوەی ئەوە بکەن کە دەیانەوێت".
جەختیکردەوە لەوەی تەواوی پرۆسەکە خۆبەخشانەیە و هەندێك لە خێزانه ئاوارەكان رەنگە پێیان باش بێت لە کەمپەکاندا بمێننەوە تەنانەت کاتێك ئاستەنگەکانی رێگر لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان لادەبرێن.
وتی ئەمە بەهۆی سوودی خزمەتگوزاریی ئامادەوه بۆیان لەنێو کەمپەکاندا.
وتی: "هەفتانە بڕێك خۆراك و دەرمان و پێداویستی تری چێشتلێنان و شمەکی فریاگوزاریی دیكهی وەك لێفە و راخەر دابەشدەکەین، لەگەڵ سوتەمەنی."
وتی وەزارەت خزمەتگوزاری تەندروستیش بۆ ئاوارەکان دابیندەکات، بەتایبەتی لەکاتێکدا پەتای جیهانی کۆڤید-19 بەردەوامە.
سوعاد وتی ژمارەی ئەو کەسانەی دەخوازن بگەڕێنەوە دەکرێت زیادبکات لە چەند مانگی داهاتوودا، کە "بەشێوەیەکی پلەبەندی نزیکترمان دەکاتەوە لە ئاکامی کۆتایی بۆ کێشەی ئاوارەیی".
وەزیر ئیڤان فایەق جەبرۆ لەکاتی سەردانیدا بۆ پارێزگای ئەنبار یەکشەممە وتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنە رەسەنەکانیان "ئهركی ژمارە یەك"ی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە.
وتی وەزارەت بەردەوامدەبێت لە دابەشکردنی كۆمهكی دارایی و دابینکردنی هاوكاری و خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی گەڕاوە "تا هانی تەواوی ئاوارەکان بدات بگەڕێنەوە و لە ناوچەکانی خۆیان نیشتەجێ ببنهوه".
وتی: "بیست کەمپ لە ئەنبار تائێستا داخراون" و تەنیا 1,706 خێزانی ئاوارە لە ئەنبار ماونهتهوه.