بەرپرسانی عێراق دووشەممە (25 ئایار) یەکەمین حاڵەتی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) لەنێو ئاوارە ناوخۆییەکاندا تۆمارکرد، ئەمەش بووەی هۆی گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەنێو ئەو خێزانانەدا كه لە کەمپەکە دەژین.
بەڕێوبەری لقی ههولێری وهزارهتی کۆچ و کۆچبەران، سوعاد ئیسماعیل وتی نەخۆشەکە ئاوارەیەکی ناوخۆی گەنجی دانیشتووی کەمپی حەسەن شامە، کە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای شاری هەولێر.
بە دیارونای وت کەمپەکە هەزاران ئاوارەی خەڵکی پارێزگای نەینەوا لەخۆدەگرێت.
حاڵەتەکە لەلایەن یەکێک لە تیمە پزیشکیەکانەوە دۆزرایەوە کە لە خاڵێکی پشکنینی ئەمنیی کوردی دانرابوون، لە کاتێکدا گەنجەکە هەوڵیدابوو گەشتبکات بۆ شاری موسڵ بۆ هەندێك کاروباری فهرمی.
کوڕە گەنجەکە وتی پێشتر سەردانی بەغدای کردووە، دواتر بەرەو موسڵ چووە و بۆ ماوەیەکی کورت لە کەمپەکە ماوەتەوە، لەوێ لەژێر خێمەیەکدا دهژی کە بۆ ئەو ئاوارانه دابینکراوه کە ژیانی هاوسەرگیرییان پێکنەهێناوە و خێزانەکانیان لە کاتی شەڕی دژ بە تیرۆریزمدا لەدەستداوە.
سوعاد ئیسماعیل وتی بەڕێوبەرێتی تەندروستی هەولێر دەستبەجێ ئاگادارکرایەوە و دەستیکرد بە جیاکردنەوەی ئەوانەی لەژێر خێمەکەدا بوون و خرانە کەرەنتینەوە.
رێوشوێنەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا
وتی هاوکات، لەلایەن بەرپرسانی تەندروستییەوە پشکنین بۆ نزیکەی 100 ئاواره ئەنجامدرا کە هامشۆی توشبووە گەنجەکەیان كردبوو یان زۆر لێی نزیکبوونەتەوە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ئەنجامی پشکنینەکان نێگەتیڤ بوون.
وتی لهگهڵ ئهوهشدا "ئاوارەكان بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتینه دەکرێن بۆ دڵنیابوون لەوەی ڤایرۆسەکەیان نەگرتووە".
کارەبای بەردەوام و خواردن و کەرەستەی پزیشکی و حەوانەوە بۆ خێمەکانیان دابینکراوه.
ئیسماعیل وتی تۆمارکردنی حاڵەتی تووشبوونەکە بووە هۆی ئەوەی بەرپرسان هەوڵەکانیان زیاتربکەن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەنێو ئاوارەکانی کەمپەکەدا و وتیشی هەڵمەتێکی خاوێنکردنەوە و رشاندن بە ماددەی دژە ڤایرۆسیان دەستپێکردووە لە کەمپی حەسەن شام و سهرجهمی کەمپەکانی دیکە.
وتی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە لە کەمپەکان دەستپێدەکرێن بۆ هۆشیارکردنەوەی ئاوارەکان دەربارەی لێکدووریی کۆمەڵایەتی و گرنگی پەیڕەوکردنی رێنماییەكانی سهلامهتی و پاکوخاوێنی.
هەروەها، چوونەدەرەوە و هاتنەناوەوە بۆ کەمپەکە سنوورداردەکرێت و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشكی زیاتردەکرێت.
ناوبراو وتی هەرچەندە ئەمە ئەرکێکی قورسە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هەموو کارێک دەکات بۆ پاراستنی کەمپەکان لە هەر مەترسییەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، کە دەکرێت ببێتە هۆی ههڕهشهیهكی گەورە بۆسەر ژیانی ئاوارەكان.