حکومەتی عێراق دهستیكردووه به گرتنهبهری رێوشوێنی خێرای تەندروستی لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا لە سهرانسهری وڵاتەکە، بەئامانجی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (كۆڤید-19).
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگهیاند: "سەبەتە تەندروستییەکان" و ماسکە پزیشکییەکان دابەشکراون، کەمپەکانیش بە ماددهی پاكژكردنهوه ڕشێندراون.
وەزارەتەکە کاری لەسەر پێدانی رێنماییش بە دانیشتوانی کەمپەکە كردووه سەربارەت بە خۆپارێزی لە دژی ڤایرۆسەکە، لەکاتێکدا پەتا جیهانییەکە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە.
وەزارەتەکە رایگەیاند كه رێوشوێنەکانی پشتیوانی سەرەتایی تەندروستی لە پارێزگای دهۆک دابینکراوە، کە زۆربەی زۆری ئاوارەكانی دەوروبەری نەینەوا لەخۆدەگرێت.
![سەبەتەی تەندروستی و ماسکی پزیشکی لە کەمپێکی ئاوارەکان لە دهۆک دابەشدهكرێن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]](/cnmi_di/images/2020/03/20/23043-IDPs-Iraq-aid-600_384.jpg)
سەبەتەی تەندروستی و ماسکی پزیشکی لە کەمپێکی ئاوارەکان لە دهۆک دابەشدهكرێن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]
بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، ئەسکەنەدەر محەمەد وتی سێ "سەبەتەی تەندروستی" بۆ هەر خێزانێک لە 16 کەمپەکەی پارێزگاکە دابەشکراوە، کە کۆی گشتییان دەگاتە 30,000 خێزان.
ناوبراو بە دیارونای وت پلانی پشتیوانیی تەندروستی پێکدێت لە دابەشکردنی ماسکی پزیشكی بەگوێرەی پێداویستیی هەر کەمپێک، هەروەها رشاندنی ناوکەمپەکە بە ماددهی پاكژكهرهوه.
وتی ئەو رێوشوێنانە بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی گیراونەتەبەر، هەروەها بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی ئاوارەکان لە ناوەڕاستی زیادبوونی نیگەرانییەکاندا سەربارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
چەندین حاڵهتی تووشبوون لە سهرانسهری عێراق تۆمارکراون
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، عێراق یەکەمین حاڵەتی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند -- كه خوێندکارێکی ئێرانی بوو لە عێراق -- له 22 شوبات، دواتریش چوار ئەندامی یەک خێزان کە پێشتر سەردانی ئێرانیان کردبوو، تووشبوون.
رێکخراوەکە یەکشەممە (15 ئازار) رایگەیاند کە تۆمارکردنی حاڵەتەکان بەرزبووەوە و زۆربەی پارێزگاکانی عێراقی گرتهوە، كه تا 12 ئازار 83 حاڵەتی توشبوون و 8 كهیسی مردن تۆماركرابوون.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگهیاند: "ئەمە نیگەرانی لەنێو بەرپرسانی تەندروستیدا دروستکردووە سەبارەت بە گوێزانەوەی ناخۆیی نەخۆشییەکە کە دهشێت ببێته هۆی ئالهنگاری بۆ سیستمە تەندروستییە لاوازەکەی وڵاتەکە، کە بە شەڕی چەند ساڵە و قەیرانی ناوخۆیی زیانی بەرکەوتووە."
"بەرپرسانی تەندروستی کۆبوونەوە بەکۆمەڵهكانیان قەدەغەکردووە، خوێندنیان راگرتووە و مۆڵ و شوێنەکانی کۆبوونەوەشیان داخستووە تا 21 ئازار."
ئاژانسی فرانس پرێس له 14 ئازار رایگەیاند کە حکومەتی عێراق گەشتەکانی لە چەندین وڵاتەوە رادەگرێت، کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبۆتەوە.
عێراق بەتایبەتی نیگەرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە لە ئێرانی دراوسێوه، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین رێژەی تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە لێ تۆمارکراوە.
لەکاتێکدا حاڵەتەکانی تووشبوون روو لەزیادبوونن، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پلانی چەند هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە دادەنێت بۆ رێنماییپێدان بە دانیشتوانی کەمپەکان دەربارەی شێوازەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی لە کەمپەکاندا.
بەگوێرەی بەڕێوبەری گشتی بەشی پەیوەندییەکانی وەزارەتەکە، عەلی عەباس، وەزارەتەکە کار لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی دەکات بۆ دابینکردنی تیمی پزیشکیی گەڕۆک.
بە دیارونای وت ئەو تیمانە سەردانی ههموو کەمپی ئاوارەکان دەکەن و کەرەستەی خۆپارێزییان سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆڤید-19 پێشکەشدەکەن.
وتی ئەو تیمانە شوێنەکانی کەمپەکان بە ماددهی پاكژكهرهوه دەڕشێنن بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی.
کەمپەکان پێویستیان بە پشتیوانیی بەپەلە هەیە
بەڕێوبەری کەمپی خانکی لە دهۆک، سولەیمان عیدۆ وتی ئاوارەکان پێویستیان بە پشتیوانی تەندروستیی بهپهله هەیە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشی.
بە دیارونای وت خێوەتەکان رێوشوێنە سەرەتاییەکانی سەلامەتییان تێدا نییە و ئاماژەی کرد بەوەش کە ئاوارەکان لاوازترن بە بەراورد بە دانیشتوانی كۆمهڵگه سهقامگیرترهكان.
هۆشداریشیدا کە تهنها حاڵەتێکی تووشبوونیش لە کەمپەکاندا دهشێت به مانای ئهوهبێت كه رەنگە ڤایرۆسەکە بڵاوببێتهوه بۆ سەدان و رهنگیشه هەزاران ئاوارەی تر، بەهۆی بەرکەوتەی راستەوخۆیان به یهكتر و بەکارهێنانی شوێنه هاوبەشهكان.
عیدۆ داوای لە بەرپرسان کرد بۆ دروستکردنی ناوەندێکی تەندروستیی جێگیر لە ناو کەمپەکاندا بۆ بەهاناوەچوونی هەر حاڵەتێکی تەندروستیی بەپەلە و کەرەنتینهکردنی هەر دانیشتوویەکی کەمپەکان لەکاتی تووشبوونیدا.
وتی سەرباری رێوشوێنەکانی تەندروستی، بەرپرسان پێویستە دڵنیایی بدهن له چاودێریی ئەمنی، بۆ دڵنیابوون لەوهی ئهو ئاوارانهی هاتوچۆدهكهن بۆ دەرەوەی کەمپەکان یان وەڵاتەکە، بەتایبەتی بۆ ئێران، بەرپرسانی پەیوەندیدار ئاگاداردهكهنهوه لە کاتی گەڕانەوەیاندا.
عیدۆ ستایشی ئاوارەکانی کرد بۆ ههستكردن به بهرپرسیارێتی و پابهندبوونیان به رێنماییە پزیشکییەکان کە پێیاندهدرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ههڕهشه تەندروستییە.