وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی جیهانی چاودێری چەکە ژەهراوییەکان پێنجشەممە (9 تەمموز) هۆشدارییان دا بە سوریا کە دەکرێت کاردانەوەیان هەبێت دوای لێکۆڵینەوەیەك كه بۆ یەکەمین جار بەڕوونی رژێمی سوریا تۆمەتباردەکات بە هێرشەکانی گازی ژەهراوی.
ئەنجومەنی جێبەجێکردنی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بە زۆرینەی هەرەزۆر دەنگی دا لەسەر ئەوەی سوریا دەبێت تەواوی وردەکارییەکان ئاشکرابکات دەربارەی ئەو دەزگایانەی بەکاریهێناوە بۆ بەرهەمهێنانی گازی سارین و کلۆر لە هێرشەکانی 2017.
ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە تیمی لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوەکە لە یەکەمین راپۆرتیدا لە نیسان رایگەیاند کە هێزی ئاسمانی رژێمی سوریا ههردوو گازه کیمیاییهكهی لە گوندی لەتامینە بەکارهێناوە لە ئازاری 2017.
تەنیا روسیا و چین و ئێران دەنگیان دژی بڕیارەکەی پێنجشەممە دا لە ئەنجومەنی جێبەجێکردنی رێکخراوەکەدا، کە دەزگایەکی 41 ئەندامیی سەر بەو رێكخراوهی نەتەوە یەکگرتوەکانە كه لە 193 وڵات پێکهاتووە.
باڵیۆزی فەرەنسا لویس ڤاسی کە وڵاتەکەی بابەتەکەی پێشکەشکرد، وتی: "ئەمە ئەنجامێکی باشە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی و شەڕ دژی پارێزبەندی."
"ئەمە سەرکەوتنە بۆ رێکخراوەکە، کە ئهركهكهی خۆی بهجێدێنێت."
دبلۆماتکاران وتیان گەر لە ماوەی 90 رۆژدا کارێك بەم ئاراستەیە نەکات، سوریا دەکرێت مافی دەنگدانی هەڵبپەسێردرێت لەژێر سزای باڵای رێگەپێدراودا لەلایەن ئەو رێکخراوەوە کە بنکەکەی لە لاهایە.
لە دۆخی زۆر خراپدا، رێکخراوەکە دەتوانێت وڵاتان بداته ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لهسهر پێشێلكردنی رێکەوتنی چەکە کیمیاوییەکان.
'نیگەرانییهكی قووڵ'
لەو دانیشتنەدا بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان لەلایەن سوریاوە سەرکۆنەکرا و "نیگەرانییهكی قووڵ" نیشاندرا لەوەی هێرشەکانی 2017 ئاماژەن بەوەی رژێمی سوریا شکستی هێناوە لە ئاشکراکردن و تێکشکاندنی تەواوی چەکە کیمیاییەکانی.
بڕیارەکە 90 رۆژیش دەدات بە سوریا بۆ "راستکردنەوەی دۆخەکە" بە راگەیاندنی تەواوی دەزگاکانی کە چەکی کیمیاییان لە 2017 تێدا "گەشەپێدراوە، بەرهەمهێنراوە، پارێزراوە و بۆ گواستنەوە ئامادەکراوە".
لە دانیشتنەکەدا هات كه رژێم دەبێت تەواوی چەکە کیمیاییە بەردەستەکانیشی ئاشکرابکات، لەنێویاندا گازی سارین و کلۆر.
گەر سوریا شکستبهێنێت لە پابەندبوون، رووبەڕووی دەنگدانێك دەبێتەوە لە کۆبوونەوەی ساڵانهی ههموو وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە لە تشرینی دووەمدا.
سوریا بەردەوامە لە نکۆڵیکردن لە بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان و سوورە لەسەر ئەوەی تەواوی ئەو چەکانەی بەگوێرەی رێکەوتنی 2013 رادەستکردووە، کە دوای هێرشێکی گومانلێکراو بە سارین هات کە 1,400 کەسی لە غوتەی خۆرهەڵات کوشت.
تیمی لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوەکە درکی بەوە کردووە کە دوو فڕۆکەی جەنگی سوریا بۆمبیان بەرداوەتەوە کە گازی دەماری سارینیان تێدابووە لە لەتامینە و ئەوەش کە کۆپتەرێك بۆمبێکی بەرمیلی بەرداوەتەوە کە پڕبووە لە کلۆر لە هەمان گوند.