چالاکوانان ماوەیەکە بەڵگەنامە دەدەن بە رێکخراوێکی چاودێری چەکی کیمیایی تا دڵنیایی بدەن لەوەی ئهو بەرپرسانهی تاوانبارن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نایاسایی رژێمی سوریا لێپرسینهوهیان لێبكرێت بەرامبەر کارەکانیان.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند حکومەتەکانی دنیا لە 27 حوزەیران بڕیاریاندا دەسەڵاتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی زیادبکەن تا بتوانێت کەسانی پشت هێرشە ژەهراوییەکانی سوریا ئاشکرابکات.
بڕیارەکە بە کۆی 82 بەرامبەر 24 دەنگ دەرچوو، سەرەڕای دژایەتیکردنی روسیا و سوریا و ئێران.
پارێزەرێكی سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت: "رێکخراوە سورییەکانی مافی مرۆڤ زیاد لە 350 راپۆرتیان داوە دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی مەدەنیەکان لەلایەن سوپای رژێمەوە لە ساڵانی رابردوودا."
وتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی تەنیا لە ژمارەیەکی کەم لەم راپۆرتانەی کۆڵیوەتەوە، کە رووماڵی 70 هێرش دەکەن، چونکە سەختە بچیتە ئەو شوێنانەی گوایە هێرشەکانی لێ رووداوە.
وتیشی: "ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی سوری له ناوەوە و دەرەوەی وڵاتهكه بەوردی چاودێریی ئەم بابهته دەکەن تا دادپهروهری جێبهجێبكرێت و ئەوانەی بەرپرسن لەم کردە تاوانکارییانە دژی مەدەنییەکانی سوریا، لێپرسینهوهیان لێبكرێت."
بەسام وتی ئەو چالاکوانانەی لەگەڵ رێکخراوە فریاگوزاری و تەندروستییەکان کاردەکەن هەوڵیانداوە، تا ئەو رادەیەی توانیبێتیان، بەڵگە دەربارەی بەشداریی رژێم دابینبکەن.
وتیشی: "پشکنینی پزیشکی بۆ هەندێك لەو کەسانە کرا کە برینداربوون و گوازرانەوە بۆ دەرەوەی سوریا بۆ چارەسەر دوای هەڵمژینی گازه ژەهراوییهكه."
بەڵگەنامەی وێنە و ڤیدیۆشیان خستۆتهڕوو کە ئەو ساتانە دەردەخەن مەدەنیەکان تەنگەنەفەس دەبن و دواتر دەمرن دوای هەڵمژینی گازه ژەهراوییهكه.
شوێنی هێرشه گومانلێکراوهكان
بەگوێرەی كاردانهوهكانی كارمهدنانی پزیشكی لهسهرهتادا، نزیکەی 40 کەس مردن لە هێرشێکی 7 نیساندا کە گوایە کیماییی بووە بۆسەر دومای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن.
رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە 13 حوزەیران رایگەیاند هیچ بەڵگەیەکی بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی لە هێرشەکەدا نەدۆزیوەتەوە، بەڵام رایگهیاند كه دەکرێت کلۆر بەکارهاتبێت و ئاماژهی بهوهش كرد كه تیمی دۆزینەوەی راستییەکانی رێکخراوەکە "لەپاڵ پاشماوەكانی تەقەمەنییهكاندا، ماددەی كیمیایی جیاوازی كلۆراوییشیان" دۆزیوەتەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاند: "کاری تیمەکە بۆ دەرخستنی گرنگیی ئەم ئەنجامانە بەردەوامە."
لە 13 حوزەیرانیش، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی رایگەیاند كه سارین و کلۆر "ئەگەری زۆرە" بەکارهاتبن لەدوو هێرشی جیاوازدا بۆ سەر گوندی لهتامنه لە باکوری خۆرئاوای سوریا لە 24 و 25 ئازاری 2017.
بەڕێوبەری رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ئەحمەد ئوزومجو، ساڵی رابردوو بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لە 30 ئازار، تەلمەنەس رووبەڕووی سێیەمین هیرش بووهوە کە سارینی تێدا بەکارهاتبوو.
هێرشەکەی خان شێخونلە 4 نیسانی 2017، كە زیاد لە 80 کەسی کوشت، پێشتر وادادهنرا یەکەمین بەکارهێنانی سارین بێت لەلایەن رژێمەوە لە کاتی هێرشە کوشندەکەی ئابی 2013 لە غوتەی خۆرهەڵات.
رۆژنامەنوسی سوری، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت نەتەوە یەکگرتوەکان پشتڕاستیکردەوە کە سارین بەکارهاتبوو لە هێرشەکەی 2013، کە زیاد لە 1,000 کەسی کوشت، لەنێویاندا زیاد لە 400 منداڵ.
سزادانی رژێمی سوریا
پرۆفیسۆری یاسای تاوان لە زانکۆی قاهیرە و توێژەر لە ناوهندی هەرێمی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، وائیل شەریمی وتی: "هێزەکانی رژێمی سوریا هێرشی بەرنامەبۆداڕێژراویان کردۆتەسەر مەدەنییەکان بە چەکی کیمیایی قەدەغەکراو."
شەریمی بە دیارونای وت ئەم ستراتیژە بەکارهاتووە بۆ "ملپێکەچکردنی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی" و ئاماژەشیکرد بەوەی رژێم و بڵاوکراوە رۆژنامەوانیەکانی سەر بەو لێدوانی دووبارەیان بڵاوکردۆتەوە کە نکۆڵی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەن.
وتی: "سەلماندنی سەخت نیە، بەڵام کاتی دەوێت، چونکە پاشماوەی هەندێک لەو ماددانەی بەکارهێنراون، بەتایبەتی گازی خەردەل و سارین، شاردنەوەیان زهحمهته." وتیشی بەکارهێنانی گازی کلۆر شاردنهوهی ئاسانترە.
شەریمی وتی بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، بەرپرسیارێتی لەسەر شانی ئەو کەس و کۆمپانیایانەشە کە گواستویانەتەوە و ئاسانکارییانکردووە، یاخود پاڵپشتیی دارایی ئەم ئۆپەراسیۆنانەیان کردووە.
وتی: "ئەمە وایکرد وەزارەتی دارایی ئەمریکا و حکومەتی فەرەنسا سزا بسەپێنن بەسەر ژمارەیەك کیاندا."
لەنێویاندا ناوهندی توێژینەوە و لێكۆڵینهوهی زانستیی سوریا و كۆمپانیای کاترەنگی بۆ بازرگانی ئەلەکترۆنی و كۆمپانیای تۆپ تەکنەلۆجیس.
ئەمریکا لە 25 تەمموز رایگەیاند كه سزای خستۆتەسەر هەشت کەس و پێنج کیان كه بهشێكی گرنگ بوون له تۆڕی دەستخستنی پرۆگرامی چەکی کیمیایی بۆ سوریا.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند ئەم هەنگاوە، کە هەوڵێکی هەماهەنگیكراو لهگهڵ فەرەنسا، تۆڕی دەستخستنی ناوهندی توێژینەوە و لێكۆڵینهوهی زانستیی سوریا دەکاتە ئامانج، کە وەزارەتی دارایی ئەمریکا دەڵێت بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی.
بریکاری وەزیری دارایی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆریزم و هەواڵگریی دارایی، سیگال ماندێلکێر وتی: "بەکارهێنانی تۆقێنەری چەکی کیمایی سوریا، لەنێویاندا هێرشكردنهسهر ژن و منداڵی بێتاوان، بەقوڵی له یادهوهریماندا دهمێنێتهوه."
خاتو سیگال لە بەیاننامەیەکدا وتی: "بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ وەستاندنی هێرشە بێبەزەییەکانی رژێمی ئەسەد به کردنە ئامانجی ئهو تۆڕانهی دەستخستن کە پشتگیریی پرۆگرامی چەکی کیمیایی رژێمیان کردووە."