ئاساییش

سوریا و روسیا لەژێر فشاری چاودێرانی چەکی کیمیاییدان

ستافی دیارونا و ئاژانسی فرانس پرێس

image

پیاوێکی سوری ئاماژەدەکات بە پاشماوەکانی موشەکێک کە دەوترێت لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە هاوێژراوە بۆ سەر شارۆچکەی گەمارۆدراوی دوما لە خۆرهەڵاتی غوتە لە 22 کانونی دووەم 2018. رژێمەکە چەندینجار لەلایەن لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمەتبارکراوە بۆ بەکارهێنانی گازی کلۆر یان گازی سارین لەو هێرشە کیمیاییانەدا کە هەندێکیان کوشندە بوون.

سوریا و روسیا دووچاری فشاری نوێ بوونەوە لەسەر تۆمەتەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەکاتێکدا وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی چاودێریی جیهانیی چەکی کیمیایی دووشەممە (30 تشرینی دووەم) کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی یادکردنەوەی هەموو قوربانیانی چەکی کیمیایی.

رێکخراوی قەدەغکردنی چەکی کیمیایی لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاند: "هێرشەکانی چەکی کیمیایی قوربانییەکی بێشوماریان لێکەوتۆتەوە، لە مەدەنی و سەربازان لە سەرانسەری جیهاندا."

لە پەیامێکدا بۆ یادکردنەوەی ئەو رۆژە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس وتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەر شوێنێک بێت، لەلایەن هەر کەسێکەوە، لەژێر هەر بارودۆخێکدا، "مایەی لێخۆشبوون نییە و پێشێلکارییەکی جددیی یاسای نێودەوڵەتییە".

وتی: "هیچ بەهانەیەک بۆ بەکارهێنانی ئەم چەکە قێزەونە نییە. پێویستە یەکگرتووبین و خۆمان تەرخانبکەین تا رێگری بکەین لە بەکارهێنانیان، یان هەڕەشەی بەکارهێنانیان. ناتوانین رێبدەین بە خۆمان لەسەریان رابێین."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پارێزراوی لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمایی پەسەندنەکراوە.

وتیشی: "زۆر گرنگە ئەوانەی چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن، یان بەکاریانهێناوە، ئاشکرابکرێن و سزابدرێن. ئەوە تاکە شتێکە کە دەتوانین ویژاندانمانی پێ ئاسوودەبکەین بەرامبەر قوربانیانی چەکی کیمیایی."

داواکاری بۆ سەپاندنی سزا بەسەر رژێمی سوریادا

لە کۆبوونەوەکەی دووشەممەی وڵاتانی ئەندامدا لە رێکخراوی قەدەغکردنی چەکی کیمایی، تکا لە روسیا کرا "بە شەفافی" بارودۆخەکانی بەژەهراویبوونی کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن، ئەلێکسی ناڤالنی، بە گازی ئەعسابی نۆڤیچۆک لە ئابدا ئاشکرابکات.

هاوکات رێکخراوەکە داوای سزادانی نوێی کرد بۆ رژێمی سوریا دوای ئەوەی لێکۆڵەران تۆمەتباریانکرد بە ئەنجامدانی هێرشی چەکی کیمیایی لە 2017.

روسیا و سوریا چەند جارێک ئەو تۆمەتانەیان رەتکردۆتەوە.

سەرۆکی رێکخراوەکە، فێرناندۆ ئاریاس وتی سوریا شکستیهێنا لە گەیشتن بەو دواوادەیەی دیاریکرابوو بۆ ئاشکراکردنی ئەو چەکانەی لە هێرشەکانی سەر گوندی لاتامینە بەکارهێنرابوون و بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەشی کە ماونی.

ئاریاس وتی: "کۆماری عەرەبی سوریا هیچ کام لە رێوشوێنەکانی بەجێنەهێناوە."

وتی: "کەلێن، کەموکوڕی و ناڕاستی" هێشتا لە وتەکانی رژێمی سوریادا هەیە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی ساڵی 2013 بۆ بەدەستەوەدانی هەموو چەکە کیمییەکانی دوای تۆمەتبارکردنێک بە هێرشێکی گازی ژەهراوی کە بووە هۆی کوشتنی 1,400 کەس لە غۆتە.

باڵیۆزی فەرەنسا، لویس ڤاسی وتی فەرەنسا پێشنیاریکرد کە رێکخراوەکە پێویستە "ماف و تایبەتمەندییەکانی" سوریا "هەڵپەسێرێت" بەهۆی ئەوەی شکستیهێناوە لە گەیشتن بە دواوادەکە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە پێشنیارەکە لەلایەن 43 وڵاتەوە پشتیوانی لێکرا.

ئەوانەش پێکدێن لە مافی دەنگدانی سوریا لە رێکخراوەکە، رێگریکردن لە دەنگی وڵاتەکە لە رێکخراوێکدا کە تێیدا لێدوانەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە ئاڕاستەیەکی تردا بردووە بۆ ماوەی چەندین ساڵ.

روسیا لەژێر فشاری رێخراوی قەدەغکردنی چەکی کیمیاییدایە

هاوکات روسیا لەژێر فشاردایە بەهۆی ژەهراویکردنی ناڤانلی، کە سیاسییەکان و حکومەتەکانی خۆرئاوا لۆمەی کرێملنیان کردووە لەسەر روودانی.

رێکخراوەکە شوێنەوارەکانی گازای ئەعسابی نۆڤیچۆکی پشتڕاستکردۆتەوە لەو سامپڵانەی لە ناڤالنی وەرگیراون لە نەخۆشخانەیەک لە ئەڵمانیا، کە لەوێ چارەسەر وەردەگرێت.

ئاریاس وتی رێکخراوەکە هێشتا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ روسیا بۆ ناردنی تیمێک بۆ دۆزینەوەی راستییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، 55 وڵات، لەنێویاندا ئەمریکا، ژاپۆن، کەنەدا، ئوستورالیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی، رایانگەیاند کە "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی" هێرشەکەی سەر ناڤالنی دەکەن.

داوایان لە روسیا کرد "هاوکاربێت... بە ئاشکراکردنی بارودۆخی ئەو هێرشە کیمیاییە بە شێوەیەکی خێرا و شەفاف."

رێکخراوەکە 193 وڵاتی ئەندامی هەیە و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2013 بەدەستهێنا بۆ کارەکانی بۆ لەناوبردنی جبەخانەکانی چەکە کیمییەکان لە جیهاندا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500