چاوەڕوانی رووبهڕووبوونهوهیهك دەکرێت لەنێوان روسیا و خۆرئاوادا لە کۆبوونەوەی جیهانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەم هەفتەیەدا دەربارەی تیمێکی نوێ کە ناوی ئهنجامدهرانی هێرشەکانی سوریا دیاریدەکات بۆ یەکەمین جار.
یەکەمین راپۆرتی لێکۆڵەران بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەران لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا چاوەڕواندەکرێت و بارگرژییش لەئێستاوە دەستیپێکردووە لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییدا.
مۆسکۆ هەڕەشەی ئەوە دەکات کە رێ لە بودجەی ساڵی داهاتووی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بگرێت لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوەکەدا لە لاهای گەر تیمە نوێکەی تێدابێت، کە دەکرێت ببێتە هۆی داخستنی رێکخراوەکە.
بەڵام ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و هاوپەیمانانی دیکە پێیانوایە پاڵپشتییان بەپێی پێویست هەیە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە.
سەرەڕای ناڕەزایی تووند لەلایەن سوریا و هاوپەیمانانیەوە، دەوڵەتانی ئەندامی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی رێککەوتن لە 2018 تا دەسەڵاتی نوێ بدەنە رێکخراوەکە بۆ تۆمەتبارکردنی ئەنجامدەرانی بەکارهێنانی چەکی ژەهراوی.
پێشتر ئەو رێکخراوە -- کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە 2013 بردەوە و 97 لەسەدی چەکی کیمیایی لە جیهاندا لەناوبردووە -- تەنیا ئەرکی ئەوە بوو بڵێت ئایا هێرشی کیمیایی ئەنجامدراوە یاخود نا.
دپلۆماتکارێکی باڵا کە ویستی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "هەمووان چاوەڕوانی ئەنجامەکانی تیمی لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنن."
روسیا و ئێران و چین پێشەنگیی هەوڵێکیان کرد لە ساڵی رابردوودا بۆ بڕینی بودجە بەڵام بەهۆی زۆرینەی دهنگهوه، 99 بهرامبهر 27، بودجەکە پهسهندكرا.
دپلۆماتکارانی خۆرئاوایی بەهیوان لەمساڵدا ئەو ئەنجامە باشتر ببێت تا پشتیوانی نێودەوڵەتی نیشانبدەن بۆ رێکخراوەکە. چاوەڕواندەکرێت چوارشەممە دەنگ بدرێت.
راپۆرتهكانی تیمەکە چاوەڕوانکراون
مۆسکۆ بەردەوام گومانی نیشانداوە بەرامبەر هێرشە کیمیاییەکان لە سوریا یان سووربووە لەسەر ئەوەی دروستکراون و بەمدواییانە راپۆرتێکی دزەپێکراوی نیشانداوە کە گومان دەخاتە سەر هێرشێکی کلۆری کوشندە لە شارۆچکەی دومای سوریا لە نیسانی 2018.
بەڵام دپلۆماتکارانی خۆرئاوا دەڵێن روسیا و سوریا هەوڵدەدەن ئاوهكه لێڵبكهن دەربارەی ئەو هێرشانەی دەوترێت لەلایەن سەرۆك بەشار ئەسەدەوە ئەنجامدراون.
بارگرژییەکان زیادیشیان کردووە دوای ئەوەی چوار سیخوڕی روسی لە هۆڵەندا دەرکران لە 2018 لهسهرئهوهی گوایە هەوڵیاندابوو دزەبکەنە نێو کۆمپیوتەرەکانی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییهوه.
سەرۆکی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، فێرناندۆ ئاریاس، بەمدواییانە وتی ئەو راپۆرتانەی تیمە نوێکە کە بەپەرۆشییەوە چاوەڕوانیان دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا بڵاودەکرێنەوە. دپلۆماتکاران دەڵێن چاوەڕێدەکەن لە شوبات یان ئازاردا بڵاوبکرێنەوە.
سوریا لە 2013 چەکە کیمیاییەکانی خۆی رادەستکرد، بەئەستەم خۆی پارست لە هێرشی ئاسمانی لهلایهن ئەمریکا و فەرەنساوه له تۆڵهی هێرشێكدا کە گوایە بە چەکی سارین ئەنجامدرابوو، کە 1,400 کەسی کوشت لە غوتەی دهرهوهی دیمەشق.
خودا گهورهتره! من دهچمه سهرجاده بۆ وهرگرتنی مافهكانم!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت