رێکخراوی جیهانی دژی چەکی کیمیایی چوارشەممە (8 نیسان) بۆ یەکەمجار بەئاشکرا رژێمی سوریای تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی هێرشی گازی ژەهراوی و رایگهیاند كه هێزە ئاسمانیەکەی سێ جار گازی دهماغی سارین و کلۆری بەکارهێناوە لە 2017وە.
رۆژنامەوانێکی سوریا بە دیارونای وت پشتڕاستکردنەوەکەی رێکخراوی جیهانی دژی چەکی کیمیایی بەوەی رژێم چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە لە ناوچە مەدەنیەکاندا، چەندین کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.
رۆژنامەوان محەمەد عەبدوڵا وتی دۆزینەوەکانی رێکخراوەکە زۆر گرنگن بۆ بەرپرسڕاگرتنی رژێمی سوریا بەرامبەر كردهوهكانی.
بە دیارونای وت بەڵگەشن لەسەر درۆکانی رژێمی سوریا کە نکۆڵیدەکات لەوەی ئەم چەکانەی بەکارهێنابێت و ئەو بانگەشانەش رەتدەکاتەوە کە گوایا تۆمەتەکان بەشێکن لە هەڵمەتێكی رۆژنامەوانی کە لەدژی بەگەڕخراوە.
وتی پشتڕاستکردنەوەی رێکخراوەکە بەوەی هێزەکانی رژێمی سوریا چەند هێرشێکی کیمیاییان ئەنجامداوە دژی شارۆچکەی لەتامینە لە ناوچە گوندنشینەکانی باکوری پارێزگای حەما کە پشتیوانانی رژێمیان پێ تۆمەتباردەکرێت، بەتایبەتی روسیا.
عەبدوڵا وتی روسیا زیاد لە جارێك رایگەیاندووە کە ئەم راستیانە تەنیا تۆمەتی بێبنەمان.
وتیشی راپۆرتەکەی رێکخراوەکە ئەو زانیاریە هەڵانە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن میدیای رژێمی سوریا و روسیاوە بڵاودەکرێنەوە، كه تێیاندا دەڵێن گوایە هێرشەکان لەلایەن گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجامدراون لە هەوڵێکدا بۆ بەدناوکردنی رژێم و هاوپەیمانانی.
عەبدوڵا هیوای خواست بەوەی راپۆرتەکەی رێکخراوەکە دادگاییکردنی رژێمی سوریا ئاسان بکات لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتیدا و وتی هێرشەکان دەکەونە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتییهوه.
رژێمی سوریا تاوانبارە
دۆزینەوەکانی رێکخراوەکە لە یەکەمین راپۆرتدا هات لە تیمێکی نوێی لێکۆڵینەوە کە پێکهێنراوە بۆ دیاریکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان شەڕی بەردەوامی سوریا.
دەوڵەتانی ئەندامی رێکخراوەکە دوو ساڵ لەمەوبەر قایلبوون بەوەی دەسەڵاتی نوێ بدەنە رێکخراوەکە تا تاوانباری سەرەكی هێرشەکان بدۆزێتەوە، سەرەڕای ناڕەزایی سوریا و هاوپەیمانەکەی، روسیا.
پێشتر تەنیا دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو بڵێت هێرشی کیمیایی ئەنجامدراوە یاخود نا، نەك ئەنجامدەرانی دیاریبکات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە دوو فڕۆکەی سیخۆی ئێس یو-22ی هێزی ئاسمانی عەرەبی سوریا دوو بۆمبیان بەردواتەوە کە سارینیان تێدابووە بۆسەر لەتامینە لە 24 ئازار و 30 ئازار 2017.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە كه کۆپتەرێکی سەربازیی سوریا بەرمیلێکی بەردایەوە کە کلۆرینی تێدابوو بۆسەر نەخۆشخانەیەك لە هەمان گوند لە 25 ئازاری ئەو ساڵە.
رێکخراوەکە رایگەیاند كه بەگشتی، 106 کەس بەر هێرشەکە کەوتن.
هێرشەکانی لەتامینە تەنیا چەند رۆژێك پێش هێرشێکی کوشندەی سارین بۆسەر خان شێخونی ئەو نزیکانە هاتن، لە 4 نیسان کە زیاد لە 80 کەسی کوشت.
تیمهكهی رێکخراوی نێودەوڵەتی دژی چەکی کیمیایی وابڕیارە چەند رۆژێکی دیکە دهستبكاته مامهڵهكردن لهگهڵ هێرشێك، كه گوماندهكرێت به کلۆرین كرابێت، له 2018 بۆسەر شارۆچکەی دومای سوریا کە تێیدا 40 کەس كوژران.
'فەرمان لە فەرماندە باڵاکانەوە'
رێکخراوەکە رایگەیاند كه تیمه نوێكهی لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردن نهیتوانی بهتهواوی زنجیرەی فەرماندارییهكه دهستنیشانبكات، بەڵام فەرمانەکان بۆ ئەم هێرشانە دهبێت لە فەرماندە باڵاکانەوە هاتبن.
هەماهەنگیکاری تیمی لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنی رێکخراوەکە، سانتیاگۆ ئۆناتێ-لابۆردێ وتی: "هێرشی بهوجۆره ستراتیژی تەنیا لەسەر بنەمای فەرمانی کاربەدەستانی باڵای فەرماندەیی سەربازیی کۆماری سوریای عەرەبی ئەنجامدەدرێن."
لە بەیاننامەیەکدا وتی: "تەنانەت گەر بكرێت فەرمانەکانیش بدرێنه دهست خوارتر، بەرپرسیارێتی ناكرێت. لەکۆتاییدا، تیمی لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنهكه نەیتوانی هیچ روونکردنەوەیەکی دیکەی روونتری هەبێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایك پۆمپیۆ وتی: "هیچ بڕێك لە زانیاریی هەڵە لە یارمەتیدەرانی [سەرۆکی سوریا بەشار] ئەسەد له روسیا و ئێران ناتوانێت ئەو راستییە بشارێتەوە کە رژێمی ئەسەد بەرپرسە لە چەندین هێرش بە چەکی کیمیایی."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی: "پێشێلکارییهكی وا بێئابڕووانهی یاسای نێودەوڵەتی نابێت بێ سزا تێپهڕێت."
بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان، لویس چاربۆنۆ، وتی: "ئەنجامەکانی رێکخراوی نێودەڵەتی دژی چەکی کیمیایی دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ پشتیوانیکردنی کەیسی دادوەری دژی تاوان بۆ ئهو کەسانهی بەرپرسن."
بەڵام سەرۆکی رێکخراوەکە، فێرناندۆ ئاریاس، ئاماژەیکرد بەوەی تیمهكهی لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردن لەوێ نەبوو بۆ ناوهێنانی کەسەکان و ئەو دەسەڵاتەشی نەبوو بۆ لێكۆڵینهوه له پابەندنەبوون بە رێكهوتننامهی چەکی کیمیاییەوه.
ئاریاس وتی ئێستا لە دەستی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەکە و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندایه "ههروهها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وهك گشتێك تا ههر ههنگاوێكی تر بنێن كه به شیاو و پێویستی بزانن".