هه‌واڵه‌كانی عێراق
تاوان و دادپەروەری

نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەدەكات بە تاوانی جەنگ لەکاتی هەڵمەتی ئیدلیبدا

ئاژانسی فرانس پرێس

پیاوێکی سوری خانووە روخاوەکەی دەپشکنێت دوای بۆمبارانی هێزەکانی سەر بە رژێم بۆسەر گوندی بالیون لە ناوچە گوندنشینه‌كانی باشوری ئیدلیب، لە 10 حوزەیران. [محەمەد ریفاعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوێکی سوری خانووە روخاوەکەی دەپشکنێت دوای بۆمبارانی هێزەکانی سەر بە رژێم بۆسەر گوندی بالیون لە ناوچە گوندنشینه‌كانی باشوری ئیدلیب، لە 10 حوزەیران. [محەمەد ریفاعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

به‌گوێره‌ی لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتوەکان سێشه‌ممه‌ (7 تەمموز)، تاوانی جەنگ و ره‌نگه‌ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیش ئه‌نجامدراون لەکاتی شەڕدا بۆ گرتنه‌وه‌ی پارێزگای ئیدلیب له‌ سوریا.

کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە سوریا رایگەیاند كه‌ خەڵكه‌كه‌ بەرگەی "مەینەتییەکی بێوێنە"یان گرت لەکاتی ئەو هەڵمەتەدا كه‌ لە کۆتایی 2019 بەگەڕخرا لەلایەن هێزەکانی سەربە رژێمەوە بۆ گرتنەوەی دوایین ناوچەکانی ژێردەستی گروپە چەکدارەکان.

سەرۆکی کۆمسیۆنەکە، پاولۆ پینهیرۆ وتی: "منداڵان لە خوێندنگەدا تۆپباران دەکران، دایكوباوکان لە بازاڕدا تۆپباران دەکران، نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکاندا تۆپباران دەکران و تەواوی خێزانەکان پێکەوە تۆپباران دەکران، تەنانەت لەکاتی هەڵاتندا."

رژێمی سوریا بەپشتیوانی روسیا، لە کانونی یەکەم هێرشێکی ئەنجامدایەوە دژی ناوچەی باکوری خۆرئاوا، کە لەلایەن تەحریر شامەوە گیراوە.

ئاگربەستێك لەنێوان روسیا و تورکیادا لە سەرەتای ئازار کەوتەگەڕ. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان هێرشەکە وایکرد یەك ملیۆن ئاوارە ببن و زیاد لە 500 مەدەنی بکوژرێن.

راپۆرتێکی 29 لاپەڕەیی کۆمسیۆنەکە رووماڵی ماوەی نێوان 1 تشرینی دووەم بۆ 1 حوزەیران دەکات و لە 14-15 تەمموز دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ.

راپۆرته‌كه‌ 52 هێرشی بە بەڵگەنامە کردووە -- لە گشت لایەنەکانەوە -- کە بوونەتە هۆی چەندین قوربانی مەدەنی یان زیانگەیاندن بە ژێرخانی مەدەنی. لەنێو ئەمانەدا 17 هێرش بۆسەر نەخۆشخانەکان و دەزگا تەندروستیەکان هەن و 14 بۆسەر نەخۆشخانەکان، نۆ هێرشیش بۆسەر بازاڕەکان و 12 بۆسەر ماڵان.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە كه‌ ئەم هێرشانە "بە تاوانی جەنگ لەقەڵەمدراون".

به‌گوێره‌ی راپۆرتەکە: "بەشێوەیەکی پێشبینیکراو بوونەتە هۆی ئاوارەیی بەرفراوان، چونکە مەدەنیەکان هیچ بژاردەیەکیان نەبووه‌ هەڵاتن نەبێت و دەشکرێت سەریانکێشابێت بۆ چەندین تاوان دژی مرۆڤایەتی."

راپۆرتەکە هەریەکە لە هێزەکانی رژێم و هاوپەیمانێتی تەحریر شامی تووندڕەو تۆمەتباردەکات بە تاڵانی و تاوانەکانی دیکەی جەنگ.

'تەواو قێزەون'

یەکێك لە سێ ئەندامەکەی کۆمسیۆنەکە، هانی مێگالی وتی ئەگەری ئەنجامدانی چەندین تاوانی جەنگ هەیە لەلایەن هەریەکە لە هێزە ئاسمانیەکانی سوریا و روسیاوە.

وتی: "دوو رووداومان تۆمارکردووە كه‌ پێمانوایە تێیاندا فڕۆکە ئاسمانیەکانی روسیا ئەو جۆرە لە هێرشیان ئەنجامداوە."

پینهیرۆ وتی هیچ روونکردنەوەیەك نەبوو دەربارەی ئەوەی بۆچی ئاستێکی وەها پێشبینیکراو لە مەینەتی رێگەی پێدەدرێت بەردەوامبێت.

وتی: "شتێکی تەواو قێزەونە کە دوای نۆ ساڵ، مەدەنیەکان به‌به‌رده‌وامی ده‌كه‌ونه‌ به‌ر هێرشی هەڕەمەکیانە و تەنانەت بەئامانجیش ده‌کرێن، لەکاتێکدا بەشێوەیەکی ئاسایی خەریکی ژیانی رۆژانەی خۆیانن."

وتی: "هێزەکانی سەر بە حکومەت و ئه‌و هێزانه‌ی لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە تیرۆریست ناوبراون، بێشه‌رمانه‌ پێشێلکارییان دژ بە یاساکانی جەنگ و مافەکانی مەدەنیەکانی سوریا کردووە."

کۆمسیۆنەکە داوای لە هەموو لایەنەکانی شەڕەکە کرد وازبهێنن لە هێرشکردنە سەر مەدەنیەکان و داوای لە وڵاتان کرد بەدوای بەرپرسیارێتی تاوانە بە بەڵگەنامە کراوەکاندا بچن.

رژێم تاوانباردەکرێت بە هێرشە کیمیاییەکان

جیا لەوە، وڵاتانی خۆرائاوا چوارشەممە فشاریان خستە سەر رێکخراوی چاودێری چەکە کیمیاییەکان تا بەشێوەیەکی فەرمی سەرکۆنەی رژێمی سوریا بکات دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەك بەڕوونی دیمەشقی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی چەندین هێرشی گازی دەمار بۆ یەکەمجار.

لە راپۆرتێکی نیسانی تیمێکی نوێی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکاندا هاتووە كه‌ هێزی ئاسمانی سوریا گازی سارین و کلۆرینی لە گوندی لەتامینە بەکارهێناوه‌ لە ئازاری 2017.

تیمەکە لە 2018 دامەزرا بۆ دیاریکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان. پێشتر رێکخراوەکە تەنیا دەیتوانی بڵێت ئاخۆ هێرشەکان ئەنجامدراون یاخود نا، نەك ئەوەی کێ بەرپرسە.

فەرەنسا رایگەیاند كه‌ ئەنجامەکان "روون" بوون و داوای لە ئەنجومەنی جێبەجێکاری رێکخراوەکە کرد هه‌نگاوبنێت دژی رژێم بەرامبەر پێشێلکاریی نەخشەڕێگەی چەکە کیمیاییەکان.

فنلەندا رایگەیاند كه‌ بڕیاری ئەنجومەنەکە داواکارییە لە رژێمی سوریا بۆ وازهێنان لە بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان و "خستنه‌ڕووی تەواو"ی بەرنامەی چەکەکانی و هاریکاریی تەواو لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی.

باڵیۆزی فنلەندا، پایڤی کاوکۆرانتا وتی: "رەشنوسی بڕیارەکە راوێژکاریی چڕوپڕی لەسەرکراوە لەنێوان دەوڵەتانی لایەنداردا و بەهیوای پشتیوانییەکی بەرفراوانین بۆ لەخۆگرتنی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500