هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

سوریا کۆتاییدێنێت بە گرێبەستە بێ باجەکانی گەورە خاوەنکار مەخلوف

ئاژانسی فرانس پرێس

پیاوێك سەیری ڤیدیۆیەکی فەیسبوكی خاوەنکاری سوری رامی مەخلوف دەکات لەسەر مۆبایلەکەیدا له‌ دیمەشق، 11 ئایار. [ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوێك سەیری ڤیدیۆیەکی فەیسبوكی خاوەنکاری سوری رامی مەخلوف دەکات لەسەر مۆبایلەکەیدا له‌ دیمەشق، 11 ئایار. [ئاژانسی فرانس پرێس]

حکومەتی سوریا رایگەیاندووە کە گرێبەستە بێ باجەکانی کۆمپانیاكانی ئامۆزای ملیاردێری سەرۆك بەشار ئەسەد، رامی مەخلوف رادەگرێت، وەك بەشێك لە ناکۆکییه‌كی بەردەوامی نێوان ئەو دوو پیاوە.

لە پۆستێکی فەیسبوکدا یه‌كشه‌ممه‌ (28 حوزەیران) وەزیری ئابوری وتی گرێبەستەکان هەڵوەشێنراونەتەوە دەربارەی بەڕێوەبردن و بازاڕه‌ بێ باجه‌كان لە تەواوی سوریادا، لەنێویاندا لە فڕۆکەخانەی دیمەشق و بازگە سنورییەکان لەگەڵ لوبنان و ئەردەن.

کۆمپانیاکان زۆربەیان هی مەخلوفن کە سەرکردایەتی ئیمپراتۆریەتێك لە بزنس دەکات، لەنێویاندا گەورەترین کۆمپانیای مۆبابیڵ له‌ سوریا بەناوی سیریاتێل.

بەڵگەنامەیەك کە لەلایەن رێکخراوی گشتی فریزۆنی سەر بە دەوڵەتەوە واژۆکراوە تێیدا هاتووە گرێبەستەکان لەکارخراون لەبەرئەوەی بەڵگەی ئەوە هەیە وەبەرهێنەری سەرەکی "تێوەگلاوە له‌ قاچاخچێتی كاڵا و پارە".

ئەوە دوایین هەنگاوی رژێمی سوریایە دژی ئەو خاوەنکارە کە تێوەگلاوە لە شەڕی دەسەڵاتدا لەگەڵ دەوڵەت لە 2019وە، کاتێك دەسەڵاتداران دەستیانگرت بەسەر رێکخراوە خێرخوازییەکەیدا، بوستان، ئەو میلیشیانەشیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ کە سەر بەو بوون.

کاتێك وەزارەتی دارایی لە کانونی یەکەم تەواوی دارایی چەند خاوەنکارێکی هەڵپەسارد بە پاساوی خۆلادان لە باج و خۆدەوڵەمەندکردنی چاوچنۆکانە، میدیای سوریا رایانگەیاند كه‌ مەخلوف و ژنەکەی و کۆمپانیاکانیشی تێدابوون.

لە هەوڵێکدا بۆ پڕکردنەوەی گەنجینەی دەوڵەت، مانگی رابردوو رژێم فەرمانیکرد دەست بەسەر سامانی مەخلوف و خێزانەکەیدا بگیرێت.

چەند رۆژێك دواتر، وەزارەتی دادی سوریا رایگەیاند قەدەغەی گەشت لەسەر ئەو گەورە خاوەنکارە هەیە، کە باوەڕ وایە لەنێو وڵاتەکەدا بێت.

ناکۆکی بەرفراوان

حکومەت پاساوی دوایین هەنگاوەکانی خۆی بەوە داوە كه‌ گوایە سیریاتێل پارەی قەرزارە، لەنێویاندا کرێی بەردەوامیدان و کارکردن بە مۆڵەتەکەی.

بەڵام لە زنجیرەیەك ڤیدیۆی مشتومڕهه‌ڵگردا کە مانگی رابردوو بڵاویکردنەوە، مەخلوف گومانی لەسەر ئەو بانگەشانە دەربڕی و وتی هەندێك لە دەسەڵاتدا هەوڵیانداوە لە کار لایبدەن و سوود لە قازانجی کۆمپانیاکە ببینن.

مەخلوف، 51 ساڵ، کە خۆی لەژێر سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەورپادایە، دانرابوو بە کۆڵەکەیەکی رژێمەکەی ئەسەد لەوکاتەوەی سەرۆك دەسەڵاتی لە باوکیەوە بۆ مایه‌وه‌ لە 2000.

ئیمپراتۆریەتی بزنسەکەی مەخلوف، کە دەخەمڵێنرێت بە ملیاران دۆلار، پشکی کۆمپانیاکانی پەیوەندیگرتن و کارەبا و نشینگەی تێدایە.

ناکۆکییه‌كه‌ی لەگەڵ حکومەتدا لەکاتێکدایه‌ كه‌ رژێمی سوریا تووشی داکشانێکی ئابوری تووند بووە دوای نۆ ساڵ لە شەڕ.

بەهای لیرەی سوری بەشێوەیەکی بێوێنە دابەزیوە به‌رامبه‌ر دۆلار لە بازاڕی رەشدا، کە وایکردووە نرخ بەرزببێتەوە و زۆربەی دانیشتوانی سوریا تووشی هەژاری بکات.

هاوکات بەم قەیرانە، سزا نوێکانی ئەمریکا دژی سوریا لەم مانگەدا کەوتنەگەڕ، بەجۆرێك یەکەمین سزاکان 39 کەس و کیان دەکەنە ئامانج، لەنێویاندا ئەسەد و ژنەکەی، ئەسما و دوو کۆمپانیا کە هی مەخلوف بوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500