هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

ئەسەد سەرەکوەزیرانی سوریا له‌ کار لادەبات له‌كاتێكدا قه‌یرانی ئابوری له‌ زیادبووندایه‌

ئاژانسی فرانس پرێس

ئەم وێنەیە لە 11 ئایار 2013 گیراوە کە وەزیری ئەوکاتی کارەبا عیماد محەمەد دیب خەمیس نیشاندەدات دوای کۆبوونەوەیەك لە دیمەشق. سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد خەمیسی لە 11 حوزەیران لەسەرکار لابرد، کە لە 2016وە سەرەکوەزیران بوو. [ئێس تی ئاڕ/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەم وێنەیە لە 11 ئایار 2013 گیراوە کە وەزیری ئەوکاتی کارەبا عیماد محەمەد دیب خەمیس نیشاندەدات دوای کۆبوونەوەیەك لە دیمەشق. سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد خەمیسی لە 11 حوزەیران لەسەرکار لابرد، کە لە 2016وە سەرەکوەزیران بوو. [ئێس تی ئاڕ/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد پێنجشەممە (11 حوزەیران) سەرەکوەزیرانی لەسەر کار لابرد، دوای چوار ساڵ له‌ پۆسته‌كه‌دا، لەکاتێکدا وڵاتەکە دەناڵێنێت بەدەست قەیرانێکی تووندی ئابوری و شه‌پۆلێكی نوێی خۆپیشاندانه‌وه‌.

عیماد محەمەد دیب خه‌میس، 58 ساڵ، لە 2016وە سەرەکوەزیرانی سوریا بوو.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان‌، حسێن ئارنوس، جێیگرته‌وه‌ بۆ ماوەیه‌ك تا هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت له‌ مانگی داهاتوودا.

هەروەك خەمیس، سەرەکوەزیرانی نوێ ئارنوس ماوەی چەند ساڵێكە ئامانجی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپایە.

هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان بڕیاربوو لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەنجامبدرێن، بەلام دووجار دواخران بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە. واده‌ی نوێ بۆ 19 تەمموز دانراوە.

لادانی خەمیس دوای رەخنەگرتنی تووند هات لە حکومەتەکەی دەربارەی چۆنێتی بەڕێوەبردنی قەیرانی ئابوری.

ئابوریی سوریا داتەپیوە بە نۆ ساڵ لە شەڕ و لەئێستاشدا زیادتری كردووه‌ له‌گه‌ڵ قەیرانی دارایی لوبنانی دراوسێ، کە ناوەندی گواستنەوەی دۆلار بووە بۆ ناوچەکانی ژێردەستی رژێم سەرەڕای سزا نێودەوڵەتیەکان.

لەم چەند رۆژەی دواییدا، بەهای لیرەی سوری لە بازاڕی رەشدا لە ئاستێكی نزمه‌وه‌ دابه‌زیوە بۆ ئاستێكی نزمتر.

تێچووی یه‌كجار بەرزی ژیان

لە ساتێكدا ئەم هەفتەیە رێژەی ئاڵوگۆڕی دراو گەیشتە 3,000 لیرە بەرامبەر یەك دۆلار، چوار قاتی رێژەی فه‌رمیی نزیکەی 700 لیره‌ و 60 جاریش نزمتر لە ئاستی پێش شەڕ لە 2011.

ئەم خراپبوونە بەردەوامەی دۆخه‌كه‌ بۆتە هۆی ناڕەزایی لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێمدا، لەنێویاندا شاری سوەیدا له‌ باشور.

دەیان خۆپیشاندەر هاواریانکرد: "شۆڕش، ئازادی، دادوەری کۆمەڵایەتی،" ئه‌و دروشمانه‌ی بیرخەرەوەی راپەڕینی 2011 بوون کە سەرکوتکردنی بووە هۆی شەڕێکی ناوخۆ کە تائێستا زیاد لە 380,000 کەسی تێدا کوژراوە.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نرخی هەندێك شمەکی بنەڕەتی زیاتریش بەرزببێته‌وه‌ دوای بڕیارێکی ئەمریکا کە ناسراوە بە یاسای قەیسەر، دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو کۆمپانیایانە دەکاتە ئامانج کە مامەڵە لەگەڵ دیمەشق دەکەن.

به‌رنامه‌ی خۆراکی جیهانی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان لە سوریا، کە زۆرینەی خەڵك لەئێستادا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، مانای وایە دەکرێت بەمزوانە برسێتی بڵاوببێتەوە.

سورییەکان هەستیان بە زەبرەکە کردووە لەکاتێکدا رژێمی بێ پارە جار لە دوای جار بڕی بەشە سوتەمەنی کەمدەکاتەوە.

لە هەوڵێکدا بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی دەوڵەت، مانگی رابردوو رژێم فەرمانیکرد بە دەستبەسەراگرتنی سامانی گەورە دەوڵەمەندی سوریا، رامی مەخلوف کە ئامۆزای ئەسەدە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500