هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

ئەمریکا بەڵێنده‌دات رێبگرێت لە سەرکەوتنی ئەسەد لەکاتێکدا بەهای دراو دادەبەزێت

ئاژانسی فرانس پرێس

ئەم وێنەیە کە لە 17 حوزەیران گیراوە دیمەنی بانکی ناوەندی سوریا دەردەخات لە مەیدانی سەبع بەحرات لە دیمەشق. [لوئەی بەشارە/اژانسی فرانس پرێس]

ئەم وێنەیە کە لە 17 حوزەیران گیراوە دیمەنی بانکی ناوەندی سوریا دەردەخات لە مەیدانی سەبع بەحرات لە دیمەشق. [لوئەی بەشارە/اژانسی فرانس پرێس]

ئەمریکا سێشەممە (16 حوزەیران) هۆشداریی دا بە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کە هەرگیز سەرکەوتنی تەواو بەدەستناهێنێت و دەبێت سازشی سیاسی بکات.

هۆشدارییەکە، کە رۆژێك پێش کەوتنەکاری سزا نوێکان بەناوی یاسای قەیسەر هات، لەکاتێکدایە كه‌ سوریا رووبەڕووی قەیرانێکی ئابوریی چڕ بۆتەوە.

باڵوێزی ئەمریکا له‌ نەتەوە یەکگرتوەکان، کێلی کرافت، داوای لە ئەسەد کرد بڕیاری 2254ی 2015 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان په‌سه‌ندبکات -- کە داوای ئاگربەست و هەڵبژاردن و گواستنەوەی سیاسی دەکات لە سوریا -- لەگەڵ گفتوگۆکان بەسەرپەرشتی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان، گیەر پیدەرسن.

خاتوو کرافت بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت گەر رژێمی سوریا شکست بهێنێت لە گرتنەبەری رێچکەی سیاسی، ئەمریکا "هیچ بژاردەیەکی نابێت جگە لە بەردەوامبوون لە وەستاندنی پشتیوانی دارایی بنیاتنانەوە و سەپاندنی سزاکان دژی رژێم و ئه‌وانه‌ی پشتیوانی دارایی ده‌كه‌ن".

کرافت وتی ئەمریکا "هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەنێت تا رێگربێت لەوەی رژێمەکەی ئەسەد سەرکەوتنی سەربازی بەدەستبهێنێت" و وابکات رژێم و هاوپەیمانانی بگەڕێنەوە بۆ ئه‌و پرۆسە سیاسییه‌ی لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پێشەنگیکراوه‌.

یاسای قەیسەر هەوڵدەدات رێگربێت لە ئاساییبوونەوەی ئەسەد بەبێ بەرپرسیارێتی بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. سزای هەر کۆمپانیایەكیش دەدات کە مامەڵە لەگەڵ ئەسەد دەکات و رێگریده‌كات لە کۆمەکی ئەمریکا بۆ بنیاتنانەوە.

یاساکە بەناوی وێنەگری سەربازیی پێشووی سوریاوە ناونراوە کە لەبەردەم مەترسییەکی زۆردا لە 2014 هەڵهات بە 55,000 وێنەی دڕندەیی زیندانەکانی رژێمی سوریاوە.

لەکاتێکدا هێزەکانی سوریا و روسیا هێرشێکی گەورە بۆسەر ئیدلیب ئەنجامدەدەن، رانانێکی دەستوری بە پێشەنگی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیخوازانە پێشکەوتنی زۆر کەمی بەدەستهێناوە.

پیدەرسن بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت کە ئامادەیە گفتوگۆ دەستوریەکان لە جنێڤ دەستپێبکاتەوە لە کۆتایی ئابدا.

بانکی ناوەند بەهای لیرە دادەبەزێنێت

لەکاتێکدا سزا نوێکان چوارشەممە کەوتنەکار، بانکی ناوەندی سوریا بەهای لیرەی سوریی دابەزاند، بەهۆی چەند هەفتەیەك لە دابەزینی بەهاكه‌یەوە لە بازاڕی رەشدا.

بانکی ناوەند ئاستی ئاڵوگۆڕی فەرمیی لیرەی سوری بەرامبەر بە دۆلاری لە 704 لیره‌وە بەرزکردەوە بۆ 1,256 لیره‌ی سوری، کە بەرزکردنەوەی ئاستێك بوو كه‌ لە مانگی ئازارەوە خرابووه‌ گه‌ڕ.

پێشتر لەم مانگەدا، دراوی سوری کەمترین ئاستی بەخۆوە بینی لە بازاڕی رەشدا کە نزیکەی 3,000 لیرە بوو بەرامبەر دۆلار و بووە هۆی چەند خۆپیشاندانێکی ناوازە لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم.

پێش شەڕەکە، بەهای دراو 47 لیرەی سوری بوو بەرامبەر دۆلارێك.

بازرگانان وتیان چوارشەممە، بەهای دراو لە بازاڕی نافەرمیدا نزیکەی 2,600 بۆ 2,800 لیرە بوو بەرامبەر بە دۆلارێك.

توێژەرێكی راوێژکاری باڵا لە تینك تانکی چازام هاوس، زەکی مەحچی، وتی بانکی ناوەند هەوڵیدەدا بۆشایی نێوان رێژەکانی بازاڕی فەرمی و رەش کەمبکاتەوە.

وتی: "هەوڵدەدات هانی خەڵك بدات رێگە فەرمیەکان بەکاربهێنن لەجیاتی بازاڕی رەش." وتیشی لیرەی سوری رەنگە بەردەوامبێت لە دابەزین، دوای ئەوەی بەزربوونەوەی کورتخایەنی جارناجار بەخۆوە دەبینێت.

ئابوری سوریا، کە بەهۆی نۆ ساڵ شه‌ڕه‌وه‌ تێکشکاوە، دەناڵێنێت بەدەست کاریگەرییه‌كانی قەیرانی دارایی لوبنانی دراوسێشیەوە کە بۆتە هۆی نەمانی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی دۆلار بۆ ناوچەکانی ژێردەستی رژێم.

شیکاروانان وتویانە نزمبوونەوەكانی ئەمدواییانە لە بازاڕی رەشدا رەنگە بەهۆی نیگەرانییەوە بن لە خسته‌نه‌كاری سزا نوێکان و کەوتنی گەورە خاوەنکار و ئامۆزای ئەسەد، رامی مەخلوف، کە وایکردووە گەورە خاوەنکارەکانی دیکەش نیگەران بن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500