یاسای قهیسهری 2019 بۆ پاراستنی مەدەنییە سوریەکان، رێخۆشکەری دەکات بۆ سزادانی سەرۆکی سوریا و هاوکاران و پشتیوانانی لهسهر ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە دژی خەڵکی سوریا، پسپۆڕانی کاروباری سوریا وتیان.
بە دیارونایان وت جێبەجێکردنی ئەم یاسایهی ئەمریکا، کە خراوەتە نێو یاسای دهسهڵاتی بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2020، رێگریش دهكات لە دەستێوەردانی بیانی، بەتایبەتی لەلایەن ئێران و روسیاوە.
بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، یاسای قەیسەر، کە له ناوەندی حوزەیراندا دەکەوێتەگەڕ، سزای ئەو کۆمپانیانە دەدات کە مامەڵە لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد دەکەن لە تەواوی جیهاندا و رێدەگرێت لە کۆمەکی بنیاتنانەوەی ئەمریکا تا ئەوکاتەی تاوانكارانی شەڕی سوریا دەبرێنە بەردەم دادگا.
یاساکە ناونراوە بەناوی وێنەگرێکی سەربازیی پێشووی سوریا، به ناوی خوازراوی قەیسەرەوه. لە ساڵی 2013 لە سوریا هەڵهات بە 55,000 وێنەوە کە دڕندەیی زیندانەکانی سوریا دهردهخهن و لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکادا لە 2014 نیشاندران.
دوایین ئامادەبوونی "قەیسەر" لە کۆنگرێس لە مانگی ئازاردا بوو، کە فشاری خستە سەر ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا رژێمی ئەسەد بەرپرسیار رابگرن.
ئەوکاته وتی: "ئەم یاسایە پەیامێکی بەهێزە بۆ هەموو ئەوانەی پشتیوانی رژێمەکەی ئەسەد دەکەن بەوەی کاتی بەرپرسیارێتی و دادپهروهری هاتووە."
ددانپێدانانی نێودەوڵەتی
بەگوێرەی پارێزەری سوری، بەشیر بەسام، گرنگترین رەهەندی یاسای قەیسەر ددانپێدانانی نێودەوڵەتییە به ئازاردانی جەستەیی و سێدارە و ئەشکەنجەدانهكان كه هێشتا لە زیندانەکانی رژێمی سوریادا روودەدەن.
بە دیارونای وت تاوانەکان، لەگەڵ شکستی گشتیی رژێم له پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیانی سوریادا، هۆکار بوو بۆ شۆڕشی خەڵکی سوریا دژی رژێم لە 2011.
وتی: "رژێم هێشتا لە هەڵەکانیەوە فێرنەبووە."
وتیشی یاساکە گرنگە چونکە دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم بەرپرسیار راگرتنی ئەو کەسانەدا كه تاوان دژی مەدەنیەکان ئەنجامدەدەن و چەند بڕگەیەکی تێدایە بۆ پشتیوانیكردنی ئەو کەسانەی بەڵگە دەربارەی ئەو جۆرە تاوانانە پێشکەشدەکەن.
بەسام وتی ددانپێدانان دەبەخشێتە دەیان هەزار سوری کە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا تا مەرگ ئەشکەنجە دراون، لەگەڵ ئەوانەی مەرگیان دەکرێت وەك تاوانی جەنگ دابنرێت چونکە لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا ئەنجامدراون.
وتیشی دەیان چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ له سوریا چەند بەڵگەنامەیەك ئامادەدەکەن دەربارەی ئەو جۆرە تاوانانە، لەپێش ئهنجامدانی پرۆسه یاساییەکانەوە.
رۆژنامەوان ئالاء مەحمود کە تایبەتمەندە لە یاسا و سیاسهته نێودەوڵەتییهكاندا، وتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی ئەمریکا دەبێتە دەستپێکی کۆتایی بۆ قەیرانی سوریا و لەسەرکارلادانی رژێمی فەرمانڕەوا.
بە دیارونای وت: "ئەمە لەبەرئەوەی یاساکە بۆشاییەکی تێدانییە کە رژێم بتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی، جا لەڕێی ئەوانەوە بێت کە لەڕووی سەربازییەوە پشتیوانی لێدەکەن یان ئەوەی چۆن پشتیوانی لۆجستی و دارایی پێدەگات."
ئاماژەی بەوەش کرد كه وڵاتانی وەك ئێران و روسیا دەبینن رۆڵی خۆیان لە سوریا لە بایەخی کەمکراوەتەوە، بەتایبەتی چونکە هەردوو وڵات هەوڵدەدەن پرۆژەکانی بنیاتنانەوە ببەنەوە و پشتیوانی دارایی ئەو پرۆژانەش بکەن کە بەهۆی شەڕەوە راگیراون.
وتی هەردوو وڵات دەستێوەردانیان لە شەڕەکەدا کرد بە پاساوی ساختەوە و وتیان گوایە پشتیوانی له خەڵکی سوریا دەکەن و دەزگا ئایینیەکان دەپارێزن.
خاتوو ئالاء وتی هەروەها بانگهشهی ئهوهیان كرد كه ئەوان تەنیا "پسپۆڕ" دەنێرن نەك چەکدار بۆ سوریا، کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هێشتا جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی پێچەوانەی ئەوە هەیە.
رێخۆشکردن بۆ بەرپرسیار راگرتن
بۆ وائیل شەریمی، کە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی دەڵێتەوە لە زانکۆی قاهیرە، یاسای قەیسەر ئاماژەیەكه بە دەستپێکی کۆتایی رژێمی سوریا.
بە دیارونای وت رێخۆشدەکات بۆ سزادانی سەرۆکی سوریا، لەگەڵ هاوکارە سوری و بیانییەکان و هاوبەشەکانی.
شەریمی جەختیکردەوە لەوەی هیچ یەك لە هێزە نێودەوڵەتیەکانی پشتیوانی ئەسەد لەمکاتەدا ئامادە نین خۆیان بخەنە تەونی ئاڵۆزی بەرپرسیارێتیەوە، گەر دەرکەوت پێشێلکاریی یاساکەیان کردووە.
ئاماژەیکرد بەوەی ئەمە رێك مانای روسیا و ئێرانە، چونکە یاساکە کۆتایی دەهێنێت بە دەستێوەردان و پشتیوانیكردنی رژێمی سوریا و بەو کارنامەیەی لەلایەن پاسدارانەوە جێبەجێکراوە.
وتی ئێران تەواو دەناڵێنێت بهدهست "فشارێكی تهواوهوه" کە هەڵمەتێکی سزادانی ئەمریکایە، لەئێستادا پێویستی بە کێشەی زیاتر نیە.
وتیشی ئەوانەی دیکە کە یاساكه کاریگەریی دەبێت بۆیان لایەنەکانی سەر بە پاسدارانن لە لوبنان و عێراق و وڵاتانی دیکە، لەگەڵ ئەوانەش کە لەلایەن روسیاوە پشتیوانی دارایی دەکرێن و پشتیوانی هێزەکانی رژێمی سوریا دەکەن لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو، بەتایبەتی لە بەشی باشوری سوریا.
بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، رژێمی سوریا لە 3 حوزەیران سەرکۆنەی سزا داراییە نوێکانی کرد کە لەڕێی یاسای قەیسەرەوە سەپێنراون و رایگهیاند كه دۆخەکە سەختتردەکات لە وڵاتێکدا کە لە قەیرانێکی ئابوری قوڵدایە.
دوای نۆ ساڵ شهڕ، سوریا لە قەیرانێکی ئابوریدا كه سهختتربووه لهگهڵ قەدەغەکردنی هاتوچۆ بههۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوه و ههروهها قەیرانی نەبوونی دۆلار لە لوبنانی هاوسێیدا.
لە 2018، نەتەوە یەکگرتوەکان خەمڵاندی کە ناكۆكییهكانی سوریا بوونهته هۆی نزیکەی 400 ملیار دۆلار لە وێرانکاریی پهیوهست به شهڕهكهوه.