دەوڵەمەندێکی سوریا و ئامۆزای سەرۆک بەشار ئەسەد سێشەممە (19 ئایار) وتی رژێمی سوریا فەرمانیداوە دەستبگیرێت بەسەر سامانەکەیدا و لە سێکتەری گشتی دهربكرێت بەهۆی ئەو پارەیەی رژێمەکە دەڵێت کۆمپانیاکەی قەرزارێتی.
رامی مەخلوف، سەرۆکی گەورەترین کۆمپانیای هێڵی مۆبایل، سوریاتێل، لەگەڵ رژێمدا له ناكۆكیدا بووه بەهۆی ئەوەی رژێمەکە داوای لێدەکات کۆمپانیاکەی بڕی 185 ملیۆن دۆلار بدات.
بەرپرسی هێڵەکانی پەیوەندی لە سوریا هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستی کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیەی کە دەڵێت سوریاتێل قەرزارە بۆ بەردەوامیدان بە مۆڵهتی کارکردنی.
بەڵام مەخلوف داواکەی بە نەگونجاو و نادادپەروەرانه لهقهڵهمدا.
سێشەممە، بازرگانەکە، کە پشکیشی لە بوارهكانی کارەبا و نەوت و خانووبەرەدا هەیە، وتی بەرپرسی هێڵەکانی پەیوەندی "دەستیگرتووە بەسەر پارهی خۆم و پارەی ژن و منداڵەکانمدا، لەکاتێکدا کێشەکەیان لەگەڵ کۆمپانیاکەمدا هەیە، نەک خۆم".
وتی هەروەها لەلایەن رژێمەوە پێیراگەیەنراوە کە "بۆی نییه بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ دەوڵەتدا کاربکات".
بەیاننامەکەی لە فەیسبوک چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە بەڵگەنامەیەک لە تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان بڵاوببووهوە کە فەرمانێکی رژێمی سوریای تێدا هاتووە بۆ "دەستبەسەرداگرتنی پێشوەختە"ی سەروەت و سامانەکەی مەخلوف.
بەڵگەنامەکە، كه واژۆی وەزیری دارایی لەسەرە، دهڵێت رێوشوێنەکان دهگیرێنهبهر بۆ دڵنیابوون لەوەی سوریاتێل ئەو پارەیە بدات کە قەرزارە.
ئاژانسی فرانس پرێس نەیتوانی سەربەخۆیانە راستی و دروستی ئەو بەڵگەنامەیە پشتڕاستبکاتەوە.
لێکترازان لە بازنەی ناوەوەی رژێم
بەیاننامەکەی مەخلوف دواهەمین زنجیرە هێرشی ئۆنلاین بوو لە دژی بەرپرسانی رژێمی سوریا بۆ گرتنەبەری رێوشوێن لە دژی خۆی و کۆمپانیاکەی.
لە کۆتایی نیساندا و جارێکی دیکەش لە دەستپێکی ئایاردا، مەخلوف، کە سەرنجێکی کەمی لەسەربوو لە شەڕی نۆ ساڵەی سوریادا، وتی هەندێك کەس لەنێو حکومەتدا دەیانەوێت زیان لە خۆی و کۆمپانیاکەی بدەن.
شرۆڤەکاران وتوویانە ئەمە زیادبوونی لێکترازان لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدا دەردەخات، بە بەشار ئەسەد خۆشیەوە.
هێماکانی لێکترازان سەرەتا لە هاوینی رابردوودا دەرکەوتن، کاتێک بەرپرسانی سوریا دەستیانگرست بەسەر دەزگا خێرخوازییەکەی موخلوفدا، بوستان و میلیشیاکانی ههواداریشیان ههڵوهشاندهوه.
کاتێک وەزیری دارایی لە کانونی یەکەمدا سامانی چەندین بازرگانی سڕکرد بەهۆی باج و خۆدهوڵهمهندكردنی نایاساییهوه، میدیای سوریا رایانگەیاند کە مەخلوف و ژنەکەی و کۆمپانیاکانیشی لەنێو ئهوانهدا بوون.
لە هەفتەکانی ئەمدواییەدا، ئاژانسە ئەمنییەکان چەند کارمەندێکی مەخلوفیان دەستگیرکردووە -- بڕیارێک کە خۆی دەڵێت مەبەستیانە بیترسێنن و لە بزنسهكانی دووریبخەنەوە.
بەگوێرەی رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەیان کارمەندی بوستان و سوریاتێل لە نیسانەوە دەستگیرکراون.