داواکاران دووشەممە (22 حوزەیران) وتیان دکتۆرێکی سوری کە لە ئەڵمانیا دەژی، دەستگیرکراوە بەگومانی ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی لە زیندانێکی سوریادا، له دوایین هەنگاوی ئەڵمانیادا دژی گومانلێکراوان بە تاوانی جەنگ لە سوریا.
داواکارانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند گومانلێکراوەکە، کە ناودەبرێت بە عەلا م، تۆمەتبارە بە "لانیکەم دووجار ... ئەشکەنجەدانی زیندانییەك" لە زیندانێكدا کە دەزگای هەواڵگریی سوریا بەڕێوەیدەبرد لە شاری حومس، لە 2011.
گومانلێکراوەکە هەینی لە ویلایەتی هێسه دەستگیرکرا و لە دەستبەسەرگەی پێش دادگادا راگیراوه.
بهگوێرهی بەیاننامەکە، عەلا م، کاتی خۆی بانگکرابوو بۆ یارمەتیدانی پیاوێك کە تووشی پەرکەم بووبوو دوای دەستگیرکردنی لهسهر بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێكدا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە كه دواتر بەردەوامبوو لە لێدان لە پیاوەکە بە بۆری پلاستیکی و "دواتریش تەنانەت دوای ئەوەی کەوت، عەلا م بەردەوام بوو لە لێدانی و جیا لەوەش لە شەق تێهەڵدان لە قوربانیەکە".
دەوترێت كه رۆژی دواتر عەلا م و دکتۆرێکی دیکە زیاتر لە قوربانیەکەیان داوە. دواتر قوربانیەکە مرد، هەرچەندە هۆکاری مردنەکەی روون نییە.
بەگوێرەی گۆڤاری شپیگڵ، خێزانی قوربانیەکە جەستەیان بە برین و دەموچاوی خوێناوی و کون لەسەریدا دۆزییەوە.
عەلام م لە ناوەندی 2015 سوریای جێهێشت و گەیشتە ئەڵمانیا، کە لەوێ بەردەوامبوو لە پیشەکەی وەك دکتۆر.
شەڕی ناوخۆی سوریا، کە بە سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندانەکانی دژی رژێم دەستیپێکرد، بۆته هۆی كوشتنی زیاد لە 380,000 کەس و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەی ئاوارەکردووە.
رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەخەمڵاندن لانیکەم 100,000 کەس بەهۆی ئەشکەنجەوە لە دۆخی تۆقێنەردا مردوون لە زیندانەکانی رژێمدا.
لە نیساندا، یەکەمین کەیسی دادگایی لە تەواوی جیهاندا لەسەر ئەشکەنجەی سەرپەرشتیکراو لەلایەن دەوڵەتەکەی رژێمی بەشار ئەسەدەوە لە ئەڵمانیا دهستیپێكرد.
هەردوو تۆمەتبار دادگاییدەکرێن بەگوێرەی مەبدەئی دادوەری گەردوونی، کە رێدەدات بە وڵاتێکی بیانی دادگایی تاوان دژی مرۆڤایەتی ئەنجامبدات.
هەفتەی رابردوو، حەوت سوری کە دەوترێت تووشی لاقەکردن و مامەڵەی سێکسیی خراپ بوون یان شایەتی بوون لە ناوەندەکانی دەستگیرکردنی ژێردەستی رژێمی سوریادا سکاڵایەکی یاساییان لهلای داواکارانی ئەڵمانیا تۆمارکرد.
ئەڵمانیا زیاد لە 700,000 ئاوارەی سوریی لەخۆگرتووە لە سەرەتای شەڕەکەوە.