دادگاییە بێوێنەکەی دوو ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی سوریا، کە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە تاوانهكانی دژ بە مرۆڤایەتیدا، لە نیساندا دەستپێدەکات، دادگایەکی ئەڵمانی سێشەممە (10 ئازار) رایگەیاند.
پارێزەران لە ناوەندی ئەوروپی بۆ مافه دەستوری و مرۆییهكان لە بەرلین وتیان ئەمە دەبێته یەکەمین دادگاییکردن لە جیهاندا لەسەر ئەشکەنجەدان بە پشتگیریی حکومەت لە سوریا.
دادگاییکردنەکە لە 23 نیسان لە شاری کۆبلێنزی خۆرئاوای ئەڵمانیا دەستپێدەکات و چاوەڕواندەکرێت لانیکەم تا ئاب بخایەنێت.
ئەنوەر رەسلان، 57، تۆمەتبارە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دەستدرێژی سێکسی و 58 تاوانی کوشتن، لەکاتێکدا ئەیاد غەریب، 43 ساڵ، تۆمەتبارە بە هاوكاریكردنی تاوان.
رەسلان تۆمهتباره به سەرپەرشتیكردنی فیرقەی لێکۆڵینەوەی "لقی 251"ی دەزگای هەواڵگریی سوریا، کە لە زیندانێكی ناوچەی دیمەشق چالاك بوو. داواکارانی گشتی دهڵێن ناوبراو بەشداربووە لە ئەشکەنجەدان و ئازاردانی زیندانییەکان لە نیسانی 2011 تا ئەیلول 2012.
لە بەیاننامەیەکی سێشەممەدا، دادگاکە لیستی تۆمەتهكانی خوێندەوە، کە تێیدا هاتووە نزیکەی 4,000 زیندانی "لێیاندراوە، شهقیان تێههڵدراوه و بە کارەبا ئەشکەنجەدراون" لەژێر سەرپەرشتی رهسلاندا لە زیندانی لقی 251.
هەروەها تۆمهتێك به "لانیکەم یەک کەیسی لاقهكردن و دەستدرێژی تووندی سێکسی".
داواکارانی گشتی بڕوایان وایە رەسلان "ئاگاداری رادهی ئەشکەنجەدانەکان بووە، كه مانای وایە زانیویشێتی زیندانییەکان لە ئەنجامی تووندوتیژیی سهختدا دەمردن."
غەریب تۆمەتبارە بە کۆکردنەوەی خۆپیشاندەرانی دژ بە حکومەت و بردنیان بۆ زیندانەکان، كه لەوێ "بەشێوەیەکی دڕندانە و بەرنامە بۆداڕێژراو ئەشکەنجەدهدران".
هەردوو پیاوەکە دواتر بۆ ئەڵمانیا هەڵهاتوون، بەڵام لەوێ لە شوباتی 2019 دەستگیرکران وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەیهكی فەرەنسی-ئەڵمانی.
دادی گهردوونی
هەرچەندە هاوڵاتی سوریین، بەگوێرهی بنەماکانی دادی گهردوونی دادگایی دەکرێن، كه رێدهدات بە وڵاتێکی بیانی بهدواداچوون بكات بۆ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
دادگاییهكهی ئەڵمانیا دوای زنجیرەیەک ناڕەزایەتی لهلایهن قوربانییەکان و خێزانەکانیانهوه هات لە وڵاتە ئەوروپییەکان، بەپشتیوانی پارێزەران و ناوەندی ئەوروپی بۆ مافه دەستوری و مرۆییهكان.
کۆی گشتی 16 سوری، کە لەلایەن ناوەندی ئەوروپی بۆ مافه دەستوری و مرۆییهكان پشتیوانیکراون، چاوەڕواندەکرێت لە دادگاییەکەدا بەشداربن، نۆ كهسیان وەک جوڵێنەرانی هاوبهشی کەیسەکە و حەوتیشان وەک شایەتحاڵ.
ناوەندی ئەوروپی بۆ مافه دەستوری و مرۆییهكان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "به بەکارهێنانی بنهماكانی دادگایی نێودهڵهتی، دادگا ئەڵمانییهكه پەیامێکی گرنگ دەنێرێت بۆ رزگاربووان و ئەوانەی بەهۆی سیستمی ئەشکەنجە و سەرکوتکردنەکەی سەرۆک بەشار ئەسەدەوە دووچاری نەهامەتی بوونەتەوە."
بەگوێرەی بەیاننامەكه: "دادگاییەکەی کۆبلێنز هەنگاوێکی گرنگە، تەنانەت ئەگەر دەستپێکی رێگایەکی دوورودرێژیش بێت بۆ دادپەروەری."
بەڵام راشیگەیاند كه "دهبێت دادگایکردنی زیاتری بەدوادا بێت".