دوو ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی سوریا لەبەردەم دادگا ئامادەبوون لە ئەڵمانیا پێنجشەممە (23 نیسان) لهسهر تاوان دژی مرۆڤایەتی لە یەکەمین کەیسی دادگایی جیهانیدا دژی ئەشکەنجەی سەرپەرشتیکراو لەلایەن رژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە.
تاوانباری سەرەکی، ئەنوەر رەسلان، کە گوایە عەقیدێکی پێشووی دەزگای ئەمنی دەوڵەتی سوریایە، تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی لەکاتێکدا بەرپرس بووە لە ناوەندی دەستگیرکردنی خەتیب لە دیمەشق.
ئەو پیاوە 57 ساڵە، کە لەسەر مینبەری دادگا بە چاویلکە و سمێڵەوە دەرکەوت، تۆمەتی سەرپەرشتیکردنی کوشتنی 58 کەس لە زینداندا و ئەشکەنجەدانی 4,000 کەسی دیکەی درایە پاڵ لەنێوان 29 نیسانی 2011 و 7 ئەیلولی 2012.
هاوڕێ تۆمەتبارکراوەکەی، ئەیاد غەریب، 43 ساڵ، تۆمەتبارکراوە بە تێوەگلان لە تاوان دژی مرۆڤایەتی، لهسهر یارمەتیدانی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و گواستنەوەیان بۆ زیندانی خەتیب لە پایزی 2011. ئەو بە چاکەتێکی کڵاوداری خۆڵەمێشییەوە لەبەردەم دادگا دەرکەوت و بە دەمامك نیوەی دەموچاوی داپۆشیبوو.
وەك سەدان هەزار سوریی دیکە، ئەو دوو پیاوە لە وڵاتەکەیان هەڵاتن و پەنایان بردە بەر ئەڵمانیا، لەکاتێکدا دواتر لە شوباتی 2019 دەستگیرکران.
دامەزرێنەری ناوەندی ئەوروپا بۆ مافە دەستوری و مرۆییەکان، کە گروپێکی یاساییە لە بەرلین و پشتیوانی داواکاران دەکات، ۆڵفگانگ کالێك وتی: "دادگاییەکە یەکەمین بۆنەیە کە تیایدا (قوربانیان) دەدوێن -- نەك هەر لەبەردەم خەڵکدا، بەڵکو لەبەردەم دادگادا -- دەربارەی ئەوەی چی روویدا و هێشتاش چی لە سوریا دەگوزەرێت."
رەسلان و غەریب بهگوێرهی پرهنسیپی دادوەریی گەردوونی دادگاییدەکرێن، کە رێدهدات بە وڵاتێکی بیانی دادگایی تاوان دژی مرۆڤایەتی ئەنجامبدات.
ناوەندی ئەوروپا بۆ مافە دەستوری و مرۆییەکان رایگەیاند كه ئەمە تاکە رێگەیە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری بەرامبەر ئەنجامدەرانی تاوانی دەوڵەت لە سوریا، چونکە دادگایی تاوانی نێودەوڵەتی بەهۆی دەنگەکانی روسیا و چینەوە رێگەی لێدەگیرێت.
گروپی مافی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەوڵەتانی دیکە کرد "بەدوای هەنگاوەکانی ئەڵمانیادا بڕۆن لە دەستكردن به دادگایی لەوشێوەیەدا".
رێکخراوی چاودێری مافهكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کەیسەکەی کۆبلێنز دەبێت هۆشدارییەکی تووند بێت بۆ ئەوانەی لەئێستادا لە سوریا خراپ مامەڵە دەکەن کە هیچ کەس لە دەست دادپەروەری قوتارنابێت."
'لێدراو بە بۆکس و وایەر و قامچی'
لەکاتی دادگاییەکەدا، کە تا کۆتایی ئاب بەردەوامدەبێت، چاوەڕواندەکرێت دادگا گوێبیستی شایەتی ئەو قوربانیانە بێت کە رزگاریان بووە لە زیندانی خەتیب، پێشئەوەی هەڵهاتن بۆ ئەوروپا دواتر.
داواکاری دەوڵەت، جاسپەر کلینگ، کە لیستی تۆمەتەکانی دەخوێندەوە لە پێنجشەممەدا، وتی دۆخی نێو زیندانەکە "نامرۆڤانە" بووە.
داواکاران وتیان زیندانیان، کە زۆرێکیان بەرامبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا بۆ دیموکراسی دەستگیرکران لە 2011، لێیاندراوە بە "بۆکس و وایەر و قامچی" و "شۆکی کارەبا"ییان لێدراوە.
ئەوانیدی "بەدەستیان هەڵواسراون بەجۆرێك تەنیا پەنجە گەورەیان لە زەوی بدات" و "بەمجۆرەش هەر لێیاندراوە" یاخود "بۆ چەندین رۆژ رێگەی خەویان پێنەدراوە.
لە لیستی تۆمەتەکاندا هاتووە كه ئەو جۆرە "لە کاری مامەڵەی خراپی دەروونی و جەستەیی" مەبەست لێی بەدەستهێنانی "ددانپێدانان و زانیاری بووە دەربارەی ئۆپۆزسیۆنی (سوریا)".
هەندێك وتیان گوایە رەسلان تەنیا داشی دامەی رژێم نەبووە و ئاماژەیانکرد بەوەی گوایە لە 2012 جیابۆتەوە و پاڵیداوەتە لای ئۆپۆزسیۆن پێشئەوەی دوای دوو ساڵ بگاتە ئەڵمانیا.
کالێك لە ناوەندی ئەوروپا بۆ مافە دەستوری و مرۆییەکان سوورە لەسەر ئەوەی ئەو "تەنیا پاسەوانێكی پێشووی زیندان نەبووە"، بەڵکو کەسێك بووە کە، بەگوێرەی داواکاران، له پێگەی دەسەڵاتدا بووە لە دەزگای دەوڵەتی سوریادا.
گەر تاوانەکەی بەسەردا ساغببێتەوە، رەسلان بۆ هەتاهەتایی زیندانی دەکرێت.
پارێزەرانی رەسلان و غەریب رەتیانکردەوە پێش دادگاییەکە لێدوان بدەن.