هه‌واڵه‌كانی عێراق
تاوان و دادپەروەری

سوریەکان لە ئەڵمانیا سکاڵا تۆماردەکەن لەسەر مامەڵەی خراپی سێکسی لە زیندانەکانی ئەسەدا

ئاژانسی فرانس پرێس

چالاکوانێكی سوریا، وەفا مستەفا (ناوەڕاست) وێنەیەکی باوکی بەرزکردۆتەوە لەکاتێکدا لەتەنیشت هاوسکاڵاکەر، فیلمسازی سوریی هەڵبژێردراو بۆ ئۆسکار، فیراس فەیاز (چەپ) راوەستاوە، لەگەڵ پارێزەری مافەکانی مرۆڤی سوری، ئەنوەر بونی، لەبەردەم چەند وێنەیەکی قوربانیانی رژێمی سوریادا، لەکاتی خۆپیشاندانێكدا لە دەرەوەی دادگا دژی دوو سوری کە دەوترێت پێشتر ئەفسەری هەواڵگری بوون و تۆمەتبارن بە تاوان دژی مرۆڤایەتی، لە 4 حوزەیران لە کۆبلێنتز، خۆرئاوای ئەڵمانیا. [تۆماس لۆهنێس/ئاژانسی فرانس پرێس]

چالاکوانێكی سوریا، وەفا مستەفا (ناوەڕاست) وێنەیەکی باوکی بەرزکردۆتەوە لەکاتێکدا لەتەنیشت هاوسکاڵاکەر، فیلمسازی سوریی هەڵبژێردراو بۆ ئۆسکار، فیراس فەیاز (چەپ) راوەستاوە، لەگەڵ پارێزەری مافەکانی مرۆڤی سوری، ئەنوەر بونی، لەبەردەم چەند وێنەیەکی قوربانیانی رژێمی سوریادا، لەکاتی خۆپیشاندانێكدا لە دەرەوەی دادگا دژی دوو سوری کە دەوترێت پێشتر ئەفسەری هەواڵگری بوون و تۆمەتبارن بە تاوان دژی مرۆڤایەتی، لە 4 حوزەیران لە کۆبلێنتز، خۆرئاوای ئەڵمانیا. [تۆماس لۆهنێس/ئاژانسی فرانس پرێس]

حەوت سوری، کە رووبه‌ڕووی لاقەکردن و مامەڵەی خراپی سێکسی بوونه‌وه‌ یان شایەتی بوون لە ناوەندەکانی دەستگیرکردنی ژێردەستی رژێمەکەی سەرۆك بەشار ئەسەدا، سکاڵایەکی تاوانکارییان پێشکەشکردووە بە داواکارانی ئەڵمانیا، رێکخراوێکی ناحکومی کە پشتیوانییان لێدەکات پێنجشەممە (18 حوزەیران) رایگەیاند.

ناوەندی ئەوروپای مافە مرۆیی و دەستورییه‌كان لە بەرلین رایگەیاند كه‌ ئەو چوار ژن و سێ پیاوە لە چەندین ناوەندی دەستگیرکردن بوون لە دیمەشق و حەلەب و حەمما لەنێوان نیسانی 2011 و ئابی 2013.

ناوەندەکە رایگەیاند كه‌ هەموویان قوربانی یان شایەتی ئەشکەنجە و تووندوتیژی سێکسی بوون، لەنێویاندا لاقەکردن، "شۆکی کارەبایی له‌ ئه‌ندامه‌ ته‌ناسولییه‌كانیان... و لەباربردنی بەزۆر".

نوسینگەی داواکاری فیدراڵی ئەڵمانیا لە شاری کارلسروه له‌ باشوری خۆرئاوا، ئامادە نەبوو دەستبەجێ لێدوان بدات.

داواکارەکان ناوی نۆ بەرپرسی باڵای حکومەتی سوریا و هەواڵگریی هێزی ئاسمانیان هێناوه‌ لە سکاڵاکەیاندا، لەنێویاندا جەمیل حەسەن، کە پێشتر یاوەرێکی نزیکی ئەسەد بووه‌ و سەرۆکی بەڕێوبەرێتی هەواڵگری هێزی ئاسمانی بووه‌ تا ساڵی 2019.

حەسەن پێشتریش بڕیاری دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ ده‌رچووه‌ لە ئەڵمانیا و فەرەنسا بەگومانی تاوانی دژ به‌ مرۆڤایەتی.

ئەشکەنجەی سەرپەرشتیکراو لەلایەن دەوڵەتەوە

بەگوێرەی ناوەندەکە، تووندوتیژی سێکسی و جێندەری لە ناوەندەکانی دەستگیرکردنی سوریادا "بەشێك بوون و دەبن لە هێرشی بەرنامە بۆ داڕێژراو دژی خەڵکی مەدەنی" لە دەستپێکی شەڕی سوریاوە لە 2011.

به‌گوێره‌ی راگەیەندراوێك، یەکێك لە قوربانیەکان وتویه‌تی: "دەمەوێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەرپرسانی دادوەری بزانن چیمان بەسەر هاتووە لەبەرئەوەی ژنین."

لە نیساندا، یەکەمین کەیسی دادگا لە تەواوی جیهاندا لەسەر ئەشکەنجەی سەرپەرشتیکراو له‌لایه‌ن رژێمەکەی ئەسەده‌وه‌ لە ئەڵمانیا کرایەوە.

دوو تۆمەتباری کەیسەکە بەگوێرەی بنه‌مای دادوەریی گەردوونی دادگاییدەکرێن، کە رێده‌دات بە وڵاتێکی بیانی له‌ تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ به‌ مرۆڤایەتی بكۆڵێته‌وه‌.

رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ خەمڵاندی کە زیاتر لە 100,000 کەس بەهۆی ئەشکەنجەوە یان لە ئەنجامی دۆخی خراپی زیندانەکانی رژێمەوە مردوون.

رایگەیاند كه‌ لە 2011وە نیو ملیۆن کەس براونەتە زیندانەکانی رژێم.

بەگوێرەی روانگەکە، چەندین هەزار کەسیش لەهەمان ماوەدا مردوون لەو زیندانانەدا کە لەلایەن تووندڕەوان یان گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بەڕێوەدەبرێن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500