تاوان و دادپەروەری

زیندانیانی پێشوو گومانه‌كانی شوێنی سوتاندنی مردوو له‌ سەیدنایا پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه‌

تامر ئەبوزەید لە بەیروت

image

وێنەیەکی وه‌رگیراو له‌ فیلمی 'تەدمور' مامەڵەی خراپ لە زیندانەکانی رژێمی سوریادا نیشاندەدات. ئەکتەرەکانی ئەو فیلمە کە 2016 بڵاوبووه‌وە، پێشتر خۆیان بەندکراوبوون. [خاوەندارێتی وێنە: فیلمی تەدمور]

هەرچەندە رژێمی سوریا نکۆڵیی کردووە له‌ تۆمەتباركردنی به‌ دامه‌زراندنی شوێنی سوتاندن بۆ له‌ناوبردنی جەستەی ئەو بەنداکراوانەی لە زیندانی سەربازیی سەیدنایا مردوون، زیندانیانی پێشوو بە دیارونایان وت كه‌ ئەزمونیان ئەوە نیشاندەدات کە تۆمەتەکەی سەر [رژێم] دروستە.

لە ناوەڕاستی ئایاردا، ئەمریکا وێنەی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردەوە کە لە سەرەتای 2015دا گیرابوون و ئەوە دەردەخەن رژێمی سوریا شوێنی سوتاندنی دامەزراندووە لە گەورەترین زیندانی سوریادا.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند وێنەکان توانه‌وه‌ی بەفری سەربان و سیستمی هەواگۆڕی به‌هێز نیشاندەدەن لەسەر ئەو بینایەی دەرەوەی دیمەشق، بەدڵنیاییەوە پاڵپشتی ئەو بانگەشەیەی گروپەکانی مافی مرۆڤ دەکەن کە سەیدنایا ناوەندی لەسێدارەدانە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیك، ستیوارت جۆنز، وتی: "لە 2013وە، رژێمی سوریا یەکێك لە بیناکانی زیندانی سەربازیی سەیدنایای دەستکاریکردووە بۆ جێكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی پێده‌چێت شوێنی سوتاندن بێت."

وتی ئەمە رەنگە "هەوڵێك بێت بۆ شاردنەوەی ئەو کوشتارە بەکۆمەڵەی لە سەیدنایا ئەنجامدەدرێت".

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رژێمی تۆمەتبارکردووە بە ئەنجامدانی "سیاسەتی له‌ناوبردن" لە زیندانەکەدا.

راپۆرتی رێکخراوەکە، لەژێر ناونیشانی "قەسابخانەی مرۆڤ: سێدارەی بەکۆمەڵ و له‌ناوبردن لە زیندانی سەیدنایا"، باس لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ئاسایی دەکات لەنێوان 2011 بۆ 2015.

راپۆرتەکە رایگەیاند لانیکەم هەفتەی جارێك، زیاد لە 50 زیندانی لە ژوورەکانیان دەردەهێنرێن بۆ دادگاییكردنی هەڕەمەکی و لێدان و دواتر له‌سێدارەدانیان "لەناوەڕاستی شەودا و بەتەواوی بەنهێنیی".

جۆنز وتی بەگوێرەی رێکخراوەکە، تەنیا لە زیندانی سەیدنایا، 5,000 بۆ 11,000 کەس کوژراون لەنێوان 2011 بۆ 2015.

'دەروازەیەك بۆناو دۆزەخ'

تۆمەتەکانی رێکخراوەکە هاوتان بە لێدوانی بەندکراوە لوبنانییەکانی پێشوو لە زیندانەکانی سەیدیانا و تەدمور و مازیح، کە بە دیارونایان وت هیچ سه‌یان نه‌سوڕما لەو تۆمەتانەی ئاراستەی رژێم كراون.

ئەندامی رێکخراوی بەندکراوانی لوبنان لە زیندانەکانی سوریا، رایمۆند سوه‌یدان، کە پێشتر پێنج ساڵ لە زیندانی مازیح زیندانی کرابوو (1993 بۆ 1998) لەگەڵ براکەیدا، مایکڵ، لەسەر "ئاژاوە" دژی رژێم وتی: "بەندکردن لە سوریا سەیران نیە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ نێو دۆزەخ لە جیهانێکی وندا."

وتی: "شێوازەکانی ئەشکەنجەدان قابیلی بڕواکردن نین لەلایەن هیچ مرۆڤێكەوە. زیندانوانەکان لە خەونەکانیاندا ئەم شێوازانە دەبینن، لەوانه‌ هەڵواسین بە زنجیر، فەرشی فڕیو و کورسی کارەبایی."

سوه‌یدان پرسیاری کرد: "دەتوانیت بڕوابکەیت بەوەی نیوەی شەو خەبەردەکراینەوە و بەناوی سیانییمان و ناوی دایکمانەوە بانگ دەکراین، دواتر چاومان بە خاولییەك دەبەسترا و هەموومان پێکەوە دەبراینە دەرەوە بۆ مەیدانی سێدارە و دەستمان لەسەر سەرمان بوو، وەك ئەوەی لە مەیدانێکی یاریگای رۆمەکاندا بین؟"

وتی: "بەدڵنیاییەوە شوێنی سوتاندنی سەیدنایام بیستووە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی [سوریا] گوێبیستی ئەم شوێنی سوتاندنە بن."

'شێوازی قێزەونی توندوتیژی'

سەرۆکی رێکخراوی بەندکراوانی لوبنان لە زیندانەکانی سوریا، عەلی ئەبو دەهن، وتی مامەڵەی رژێمی سوریا لەگەڵ زیندانیان "زۆر دڕڵرەقانە و نامرۆڤانەیە".

"زیندانیان و بەندکراوان رووبەڕووی قێزەونترین شێوازی توندوتیژی دەبنەوە، ئەبو دەهن بە دیارونای وت کە "لێدان، ئەشکەنجە، جوێن، رسواکردن و رێگرتن لە خەو و خواردن" لەخۆدەگرێت.

وتی: "زیندانەوانانی سوریا دڕندەی بێبەزەیین کە پەنادەبەنه‌ بەر هەموو شێوازێکی لێدان، کوشتن، ئەشکەنجە، خوێنڕشتن، برسییکردن و رێگرتن لە ئاوخواردنەوە."

ئەبو دەهن وتی: "ئەشکەنجەکە بە 'تایەكه‌' دەستپێدەکات. زیندانییەکە سێ سەد قامچی لە قاچی دەدرێت بەڕووتی. دواتر دەخرێتە 'کورسیی ئەڵمانی'یەوە."

وتیشی: "کورسییەکە دەخرێتە سەر پشتی زیندانییەکە و کوتەکێك دەخرێتە ژێرباڵییەوە و کورسییەکە توند دەبەسترێت [بە گوریس بە پشتییەوە] و دواتر دەجوڵێنرێت بۆ شێوازی ئاسایی دانیشتن. ئەمەش مەترسی شکانی بڕبڕەی پشت و تەقینی سییەکانی لێدەکرێت."

وتی لە دۆخەکانی دیکەدا، زیندانیەکە "بە پەیژەیەکدا سەردەخرێت و دواتر پەیژەکە فڕێدەدرێتە سەر زەوی، کە یان ئەژنۆی دەشکێنێت یان ئەنیشکی".

وتیشی هەندێكجار بەندکراو دەستەکانی ده‌به‌سترێته‌وه‌ و پشیلەیەك دەخرێتە نێو جلەکانیەوە و برینداری دەکات لەکاتی هەوڵدانیدا بۆ هەڵاتن. هەندێکجاریش بەندکراو سەربەرەوخوار هەڵدەواسرێت بە زنجیر، کە مەچەکی لەجێدەچێت.

وتی ئەو بەندکراوانەی سەربەرەوخوار هەڵدواسرێن "تووشی تەقینی بۆری خوێن دەبن". وتیشی هەندێك لە زیندانیان بە بنمیچەوە بە دەستەکانیان هەڵده‌واسرێن بۆ کاتێکی دوورودرێژ، کە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی دەستەکانیان.

هه‌روه‌ها وتی کردارەکانی دیکەی ئەشکەنجە بریتین له‌ بەزۆر ده‌رخواردانی مشکی مردوو، باڵندەی مردوو یان سیسرك، یاخود بەزۆر خواردنەوەی میز لەکاتێکدا چاوت بەستراوەتەوە.

ئەبو دەهن وتی هەندێك لە زیندانوانەکان زۆر له‌ زیندانییان ده‌كه‌ن گوێ لە دەنگی منداڵ و ژن بگرن کە دەگرین تا وایان لێبکەن باوەڕبکەن ئەندامانی خێزانیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەمەش ناچاریانبكه‌ن به‌ دانپێدانان.

بەڵام سەرەڕای وێنەی مانگە دەستکردەکان، راپۆرتی متمانەپێکراو، جێبرینه‌كان به‌جه‌سته‌وه‌ و ئەو چیرۆکانه‌ی ئەشکەنجە و مردن كه‌ لەلایەن زیندانیانی پێشووەوە دەگێڕدرێنەوە، رژێم نکۆڵی لە تۆمەتەکان ده‌كات سەبارەت بە شوێنی سوتاندنەکە و وەك "تەواو بێبنەما" ناویاندەبات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500