هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

ئیدلیبی سوریا لیرەی تورکی به‌كاردێنێت لەجیاتی لیرەی بەها دابەزیوی سوری

ئاژانسی فرانس پرێس

پیاوێکی سوری لە وێستگەیەکی گاز پارە بە لیرەی تورکی دەدات لە شارۆچکەی سەرمەدا لە باکوری خۆرئاوای پارێزگای ئیدلیب له‌ سوریا، 15 حوزەیران. [عارف وەتاد/ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوێکی سوری لە وێستگەیەکی گاز پارە بە لیرەی تورکی دەدات لە شارۆچکەی سەرمەدا لە باکوری خۆرئاوای پارێزگای ئیدلیب له‌ سوریا، 15 حوزەیران. [عارف وەتاد/ئاژانسی فرانس پرێس]

دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە باکوری خۆرئاوای سوریا دراوی بەها دابەزیوی لیرەی سوری دەگۆڕن بە لیرەی تورکی بۆ پاراستنی ناوچەكانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە داڕووخانی ئابوری، بەرپرسێك دووشەممە (15 حوزەیران) وتی.

بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی ئابوری، باسل عەبدولعەزیز وتی حکومەتی رزگاری -- کیانێکی کارگێڕی کە پەیوەستە بە هاوپەیمانێتی تووندڕەوی تەحریر شامەوە و لە ناوچەی ئیدلیب باڵادەستە -- مانگی پێشوو دەستیکرد بە موچە و کرێدان بە لیرەی تورکی.

وتی: "رێنمایی بە بازرگانەکان و خانەکانی ئاڵوگۆڕی پارە داوە" بۆ بڵاوکردنەوەی دراوی تورکی به‌ بڕی نزم و چەکی بانکی تا "لە ئاڵوگۆڕی رۆژانەدا بەکاربهێنرێن لە ناوچە رزگارکراوەکان لەجیاتی لیرەی سوری".

لە نوسینگەیەکی گواستنەوەی پارە لە پارێزگاکە رۆژی یەکشەممە، پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس چەند جانتایەکی لیرەی تورکی بینی لەسەر زەوی لەگەڵ چەند کارتۆنێکی پڕ لە چەکی بانکی.

لە بەیاننامەیەکدا رۆژی هەینی، نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند کاروانێکی "گەورە"ی دراوی تورکی گوایە چۆتە نێو ئیدلیبەوە لە 11 حوزەیران.

هەنگاوە نوێکان

ئابوری سوریا بەهۆی نۆ ساڵ لە شەڕەوە تێکشکاوە و قەیرانی دارایی له‌ لوبنانی دراوسێش خراپتری کردووە، کە بووبووە مەیدانی هێنانەناوەوەی دۆلار بۆ ناوچەکانی ژێردەستی حکومەت.

بەهای لیرەی سوری لەم چەند رۆژەی دواییدا تەواو دابەزیوە لە بازاڕە نافەرمیەکاندا، کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکان و داخستنی دوکانەکان و هەڵگیرساندنی خۆپیشاندانه‌كان دژ به‌ حکومەت لە باشوری وڵاته‌كه كه‌ له‌ژێردەستی رژێمدایه‌.

هەفتەی پێشوو، ئاستی لیرە گەیشتە 3,000 بەرامبەر یەك دۆلار، زیاد لە چوارقاتی بەهای فەرمی کە نزیکەی 700 لیرەیە، لەگەڵ 60 قات زیاتر لە ئاستی پێش 2011.

ئەم دابەزینە كاتێك دێت پێش کەوتنەکاری سزا نوێکانی ئەمریکا کە لە 17 حوزەیران دەکەونەکار و دوای کەوتنی کتوپڕی سەرمایەداری گەورە و ئامۆزای سەرۆك رامی مەخلوف، کە وایکردووە خاوەنکارە گەورەکانی دیکەش نیگەران بن.

بەرپرسە خۆجێیەکە وتی: "لیرەی سوری لە ناوچە رزگارکراوەکان بەردەوامدەبێت لە دەستاودەستکردن بەڵام بەکارهێنانی بۆ کەمترین ئاست نزمدەبێتەوە."

بەگوێره‌ی ئه‌م رێوشوێنه‌ نوێیانە، حکومەتی رزگاری نیشتمانی هەفتەی رابردوو نرخی یەك پارچە نانی بە دوو لیرەی تورکی دانا (کەمتر لە 1 دۆلار).

پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس وتی وێستگەکانی گاز یەکشەممە دەستیانکرد بە نوسینی نرخەکانیان بە لیرەی تورکی.

ئیدلیب له‌ژێرده‌ستی تووندڕەوان و گروپە یاخیەکاندایه‌، كه‌ زۆرێکیان لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن، یەکێك لە پشتیوانە سەرەکیە بیانیەکانی شەڕی سوریا.

ئەنکەرە هێزی لە چەندین بازگەی سەربازی له‌ ئیدلیب جێگیرکردووە کە خۆی دروستیکردوون وەك بەشێك لە رێکەوتنێکی 2018 لەگەڵ مۆسکۆی هاوپەیمانی رژێم.

تورکیا خاکێکی گەورەشی بەدەستەوەیە بەدرێژایی سنووری پارێزگای حەلەبی دراوسێی دوای زنجیرەیەك لە هێرشی سەربازی کە لە 2016 دەستیپێکرد.

لەم ناوچانە، له‌وه‌پێشیش لیرەی توركی بەکارده‌هێنرا وەك دراوی سەرەکی لەجیاتی لیرەی سوری، كه‌ ئاماژەیەكه‌ بە نفوزی گەشەسەندووی ئەنکەرە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500