هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

ئابوریناسێک: رژێم خەتاباره‌ له‌ دابەزینی بەهای لیرەی سوری

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

سورییەکان ریزدەبەستن لە بازاڕێکی خۆراکدا. دوکانداران دووچاری بەرزیی نرخ بوونەتەوە لە ئەنجامی دابەزینی بەهای لیرەی سوریدا. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی سوریا]

سورییەکان ریزدەبەستن لە بازاڕێکی خۆراکدا. دوکانداران دووچاری بەرزیی نرخ بوونەتەوە لە ئەنجامی دابەزینی بەهای لیرەی سوریدا. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی سوریا]

ئابوریناسێکی سوری وتی رژێمی سوریا راستەوخۆ بەرپرسە لە دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی کەلوپەلەکان لە بازاڕدا.

ئابوریناس مەحمود مستەفا بە دیارونای وت نرخی خواردن زۆر بەرزبووەتەوە لەمیانه‌ی دابەزینی بەهای لیرەدا، ئەمەش بووەتە هۆی برسیکردنی چەندین خێزان.

وتی دابەزینی نرخی گۆڕینه‌وه‌ی دراو راستەوخۆ پەیوەندیی هه‌یه‌ بە "سیاسەت و رێوشوێنە ئابورییە هەڵەکان"ی رژێمەوه‌ و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "هیچ پێوەرێکی نەگرتۆتەبەر بۆ رێگریکردن لەو کارەساتە".

مستەفا وتی: "نرخی کەمتەرخەمییەکانی گەلی سوریا دەیدەن، کە دەبێت مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک نرخ بکەن کە زۆر بەرزبوونەتەوە و بەدەستهێنانی هەندێك کەرەستەی رۆژانە لە توانای ئەوان بەدەرە."

بەشێک لە ئابوریناسان بانکی ناوەندی سوریا سەرکۆنەدەکەن بۆ کاریگەریی لەسه‌ر دروستبوونی قەیرانی دابەزینی نرخی دراوی وڵاتەکە. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی سوریا]

بەشێک لە ئابوریناسان بانکی ناوەندی سوریا سەرکۆنەدەکەن بۆ کاریگەریی لەسه‌ر دروستبوونی قەیرانی دابەزینی نرخی دراوی وڵاتەکە. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی سوریا]

وتیشی چەند هۆکارێک هەن بۆ روودانی قەیرانە داراییەکە، لەنێویاندا ئەو شەڕەی بووەتە هۆی بەتاڵکردنی خەزێنەی سوریا، هەروەها زۆربەی سێکتەرەکانی بەرهەمهێنان لەلایەن ناسیاوەکانی سەرۆک بەشار ئەسەد و خەڵکی نزیک لێیه‌وه‌ کۆنترۆڵکراون.

وتی گەورەترین هەڵەی رژێم لەچاپدانی بڕێکی زۆر دراوی سوری بوو، دواتریش بڵاوکردنەوەی لە بازاڕدا، ئەوەش بووە هۆی زیادکردنی هەڵاوسانەکە و داڕوخانی بەهای دراو، چونكه‌ زۆربەی سێکتەرەکانی بەرهەمهێنان له‌كاركه‌وتوون.

رێوشوێنە ناکاریگەرەکانی رژێم

مستەفا وتی هۆکاری قەیرانەکە بانکی ناوەندی سوریایە، کە بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 435 لیرەی سوری داناوە، لەکاتێکدا بەهای 700 لیرە رادەگەیەنێت.

وتی ئەمە وەک هەنگاوێک بۆ داڕوخانی بەهای لیرەی سوری دانرا و هانی سورییەکانی دا روو لە بازاڕی رەش بکەن.

ناوبراو وتی زۆربەی خەڵك خۆیان بەدووردەگرن لە ئاڵوگۆڕی دراو لەڕێی ناوەندە فەرمییەکانەوە، لەکاتێکدا 100 دۆلار نزیکبۆته‌وه‌ لە 1,200 لیرە لە بازاڕی رەشدا.

وتیشی پێوەرەکانی رژێمی سوریا بۆ ئاراستەکردنی قەیرانی دراوەکە رێژه‌ی ئاڵوگۆڕی دراو دانابەزێنێت و بەرزبوونەوه‌ی نرخ هێواشناکاتەوە.

مستەفا وتی بڕیارێکی ئەمدواییانەی حکومەت بووە هۆی بەرزکردنەوەی سزای ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ دراوە بیانییەکان، هەروەها حکومەت 14 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی لە چوار مانگدا داخست بە تۆمەتی پشتگیرینەکردنی لیرەی سوری.

وتیشی یاسا نوێکە غەرامە و سزای زیندانی بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنێت کە نرخەکانی بازاڕی رەش بەرزبکاتەوە.

موستەفا وتی سیاسه‌تی رژێم هۆکاری سەرەکییه‌ بۆ داڕوخانی بەهای لیرە و بەرزبوونەوەی نرخەکان، لەکاتێکدا هۆکاری سەرەکیش بوون بۆسەپاندنی سزا.

كۆمه‌كی دارایی بەپێی پێویست نییە

به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، لەکاتێکدا بەهای لیرە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، رژێمی سوریا لە شوباتدا دەستیکرد بە دابەشکردنی بڕەخۆراکی پشتیوانیكراو وەک برنج و شەکر له‌ڕێی کارتی زیرەکەوە.

وەزارەتی بازرگانی ناوخۆ و به‌رگریكردن له‌ به‌كاربه‌ران رایگەیاند كه‌ هەزاران خێزانی سوری کارتیان بۆ دروستکراوە و لەڕێیەوە بەشە خۆراکەکانیان وەردەگرن.

بەگوێرەی سیستەمە نوێکە، تەنانەت گەورەترین خێزان ناتوانێت زیاتر لە سێ کیلۆگرام برنج، چوار کیلۆگرام شەکر و یەک کیلۆگرام چا لە مانگێکدا وەربگرێت. خێزانە بچوکەکان تەنانەت كه‌متریش وه‌رده‌گرن بەگوێره‌ی ژمارەی سەرخێزانەكانیان.

بەشە خۆراکەکە گرنگە بۆ ئەو سوریانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێم دەژین.

بەڵام ئیبراهیم سەعد، 51، پرسی کە چۆن بتوانێت خێزانەکەی بەخێوبکات بە بەشە خۆراکەکەی ئەمدواییه‌.

سه‌عد، كه‌ باوکی سێ منداڵه‌، داهاتێکی کەمی هەیە و لە میوەفرۆشییەکدا کاردەکات، وتی: "برنجەکە بەشی خێزانێکی پێنج بۆ شەش کەسی ناکات. پێش شەڕەکە، دەمانتوانی هەر شتێک بکڕین."

بەڵام ئێستا ئەو و هاوژینەکەی دەبێت چاوەڕێی ئەو بڕە بەشە خۆراک و سووتەمەنییە بکەن کە رێیان پێده‌ده‌رێت بیكڕن بۆئەوەی له‌ ژیان به‌رده‌وامبن.

ساڵی رابردوو، رژێم سنووری دانا بۆ بەشە بەنزینی پشتگیریكراو بۆ ئۆتۆمبیل و ماتۆڕ، هه‌روه‌ها نەوت و غازی ماڵان، ئەوەش بووە هۆی وەستاندنی چەندین سێکتەری ئابوری و هێنانە کایەی قەیرانی سوتەمەنی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500