هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

ئەفسەرانی پێشووی هەواڵگریی سوریا رووبەڕووی دادگایی دەبنەوە لە ئەڵمانیا به‌تۆمەتی ئەشکەنجە

ئاژانسی فرانس پرێس

زیندانییەکی سوری کە لە زیندانێکی رژێم ئازادکراوە، برینەکانی نیشانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەدات لەکاتێکدا دەگاتە دەروازەی عەیس لە باشوری حەلەب لە 19 تەمموز 2018. [عومەر حاج کەدوور/ئاژانسی فرانس پرێس]

زیندانییەکی سوری کە لە زیندانێکی رژێم ئازادکراوە، برینەکانی نیشانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەدات لەکاتێکدا دەگاتە دەروازەی عەیس لە باشوری حەلەب لە 19 تەمموز 2018. [عومەر حاج کەدوور/ئاژانسی فرانس پرێس]

دوو ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی سوریا تۆمەتبار بە تاوان دژی مرۆڤایەتی لەم هەفتەیەدا لەبەردەم دادگایه‌كی ئەڵمانیادا ئامادەدەبن، لە یەکەمین دادگایی لەمشێوەیەدا له‌سه‌ر ئەشکەنجەدان به‌پشتیوانیی دەوڵەتی سوریا.

کاتێك ئەنوەر بونی تووشی هاوڵاتی سوری ئەنوەر رەسلان هات لە دوکانێکی شتومەکی كاركردندا لە ئەڵمانیا پێنج ساڵ لەمەوبەر، ناسییەوە کە ئەو پیاوەیە کە دەیەیەك پێشتر خستییە زیندانەوە.

پێنجشەممە (23 نیسان)، ئەو دوو پیاوە رووبەڕووی یەك دەبنەوە لە دادگایەکی ئەڵمانیا، کە رەسلان یەکێکە لەو دوو ئەفسەرەی هەواڵگریی پێشووی رژێمی سوریا کە تۆمەتبارن بە تاوان دژی مرۆڤایەتی بۆ رژێمی سوریای بەشار ئەسەد.

لە یەکەمین مامەڵەی یاساییدا لە تەواوی جیهاندا له‌سه‌ر ئەشکەنجه‌دان به‌پشتیوانیی دەوڵەت لە سوریا، رەسلان دادگاییدەکرێت بەگوێرەی پره‌نسیپی دادوەریی گەردوونی -- کە رێگە بە وڵاتێکی دەرەکی دەدات دادگایی بۆ تاوان دژی مرۆڤایەتی ئەنجامبدات.

بۆ بونی، دادگاییەکە "پەیامێکی گرنگ" دەنێرێت بۆ رژێمی سوریا: "هەرگیز پارێزبەندیتان نییە، لەبەرئەوە بیری لێبکەنەوە!"

بونی وتی رەسلان ئەو پیاوە بوو کە ئەوی لە دیمەشق و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرد لە ئایاری 2006 و خستییە زیندانێکی دەوڵەته‌وه‌، کە لەوێ ئەو پارێزەرە پێنج ساڵی بەسەربرد تا ئەوەی لەکاتی راپەڕینی سوریادا لە 2011 ئازادکرا.

ئەو دوو پیاوە لە ماوەی دوو مانگدا جیا له‌یه‌كتر گەیشتنە بەرلین و تووشی یەك هاتن کاتێك بۆ ماوەیەکی کەم لەهەمان ناوەندی پەنابەراندا دەمانەوە.

بونی وتی: "بەخۆمم وت ئەم پیاوە دەناسم، بەڵام دەستبەجێ نەمناسیەوە." دوای چەند مانگێك، دووبارە تووشی ئه‌و پیاوه‌ بووه‌وه‌ كه‌ گومانده‌كرا ده‌ستگیركه‌ره‌كه‌ی بێت -- ئەمجارە لە دووکانێكدا -- ئه‌وه‌بوو دواجار ناسییەوە.

'دەرخستنی راستی'

بونی کە پارێزەرێکی سوریی شەست ساڵەیه‌، بانگەشەکارێکی بێوچانی مافەکانی مرۆڤ بوو لە وڵاتەکەی خۆی، بەڵام لە بەرلین وه‌ك په‌نابه‌ر ده‌ژی.

لەئێستادا لە ئەڵمانیا ناتوانێت پیشەکەی خۆی ئه‌نجامبدات، بۆیە بەڵگە و شایەتی دژی تاوانەکانی رژێم کۆدەکاتەوە.

لەکاتێکدا بونی یەکێك نییە لە شكاتكه‌رانی دادگاییەکەی پێنجشەممە، کەسایەتیەکی رێزلێگیراوە لەنێو کۆمەڵگە 700,000 کەسییەكه‌ی سورییەكاندا له‌ ئەڵمانیا و چەندین قوربانیی قایلکردووە کە بێنه‌ ده‌نگ.

كاتێك لە 2016 دەستیکرد بە کارکردن لەگەڵ پارێزەرانی ناوچەکە، بونی ئەوەی زانی کە لێکۆڵەرانی ئەڵمانیا چاودێریی رەسلان دەکەن، کە سەرەتا لە شوباتی 2019 دەستگیرکرا.

رەسلان لەئێستادا تۆمەتبارە بە سەرپەرشتیکردنی کوشتنی 58 کەس و ئەشکەنجەدانی 4,000 كه‌سی دیکە، لەکاتێکدا بەرپرس بوو لە ناوەندی زیندانی خەتیب لە دیمەشق لەنێوان 2011 و 2012.

سورییەکی دیکە، ئەیاد غەریب، 43 ساڵ، تۆمەتبارە بە بەشداربوون لە تاواندا.

پارێزەری ئەڵمانی پاتریك کرۆکەر کە نوێنەرایەتی شەش شكاتكه‌ری سوری دەکات، وتی: "ئەمە بۆ تۆڵەکردنەوە نییە، بۆ دەرخستنی راستییە."

کرۆکەر وتی لەئێستادا ئەم قوربانیانەی ئەشکەنجەی رژێمی سوریا، كه‌ په‌نابه‌ران لە چەندین وڵاتی ئەوروپا، "دەیانەوێت جیهان بزانێت دەربارەی ئەوەی چی لەوێ روویدا".

'مامەڵەی خراپی جەستەیی'

کرۆکەر وتی هەموو ئەوانەی بڕیارە شایەتی بدەن لە کۆبلێنز "مامەڵەی خراپی جەستەییان لەگەڵ کراوە، لەگەڵ هەندێك کەیس کە زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە بۆ ماوەیەکی درێژ" لە زیندانی دەوڵەتدا.

وتیشی بەناو تاوانەکانیان بریتیبوون له‌ "بەشداریکردن لە خۆپیشانداندا، وێنەگرتنی خۆپیشاندانه‌كان... یان کۆکردنەوەی دەرمان بۆ بریندارانی خۆپیشاندانه‌كان".

زۆر لە قوربانیان پێیانباشە بێدەنگ بمێننەوە و دەترسن لە تۆڵە دژی هاوڕێیان و ئەندامانی خێزانەکانیان لە سوریا، یان تۆڵەکردنەوەی به‌كرێگیراوانی رژێمی سوریا لە ئەوروپا.

بۆ بونی، شەڕەکە زۆری ماوە تەواوببێت.

وتی نزیکەی هەزار سوری كه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ لەم تاوانانەدا ئێستا ئازادانە لە ئەوروپا دەژین. هاوکات، خەڵکی هێشتا لە خەتیب ئەشکەنجە دەدرێن.

کرۆکەر وتی شایەتەکان لە کۆبلێنز تەنیا بۆخۆیان قسە ناکەن بەڵکو بۆ هاوڕێ قوربانیەکانیشیان.

"زۆربەیان وتیان: 'منیش ئەمە دەکەم... تا روونیبکەمەوە بۆ ئەوانەی کە رەنگە نەتوانن لێره‌ ئامادەبن، جا لەبەرئەوە بێت کە هێشتا لە زینداندان، یان لەبەرئەوەی دەترسن، لەبەرئەوەی ناتوانن بێن بۆ ئەوروپا یان لەبەرئەوەی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.'"

لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان

دادگاکانی فەرەنسا و ئیسپانیاش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە له‌ تۆمەته‌كانی تاوانی ئەنجامدراو لەلایەن رژێمی سوریاوە.

لە 2016، نەتەوە یەکگرتووەکان تیمی کاری نێودەوڵەتیی بێلایەن و سەربەخۆی خۆی رێکخست، کە تۆمەتی تاوانی جەنگ دژی ئەو کەسانە ئامادە دەکات لە شەڕی سوریادا.

لە نیسانی 2018وە، ئەو تیمەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگە کۆدەکاتەوە تا بەکاریبهێنێت لە هەر دادگاییەکی داهاتوودا بۆ ئەوانەی گومانده‌كرێت بەرپرسبن لە تاوان دژی مرۆڤایەتی.

زیاتر لە ملیۆنێك بەڵگەی تێدایە، لەنێویاندا بەڵگەنامە، وێنە، ڤیدیۆ، وێنەی مانگە دەستکردەکان، لێدوانی قوربانیەکان و شایەتەکان و بەڵگەنامە نانهێنییه‌كان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500