ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، بەریتانیا و ئیستۆنیا و ئەڵمانیا، چوارشەممە (15 نیسان) سوریایان تۆمهتبارکرد بە لەخۆنەگرتنی بەپرسیارێتی دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هێرشەکانی 2017.
تۆمەتەکان لە چەند وتارێکدا هاتن لەکاتی کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی ئاسایشدا بە ڤیدیۆ کۆنفرانس و دواتر بڵاوکرانەوە، سەرەڕای یاساکانی بەنهێنی هێشتنەوە،.
رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە 8 نیسان راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە سوپای سوریای تۆمەتبارکرد بە چەند هێرشێکی چەکی کیمیایی بۆسەر گوندی لەتامینە لە باکوری سوریا لە 2017.
راپۆرتەکە لەکاتی کۆبوونەوەیەکی مانگانەی ئەنجومەنی ئاسایشدا بهرزكرایهوه -- کە بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لەکاتی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا (کۆڤید-19) ئەنجامدرا -- لەلایەن بەریتانیا و ئیستۆنیا و ئەڵمانیاوە، کە بەپێچەوانەی 12 ئەندامەکەی دیکەی ئەنجومەنەكهوە بڕیاریاندا وتارەکانیان بڵاوبکەنەوە.
بەرپرسی کاروباری بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتوەکان، جۆناسان ئالن وتی: "ئەوە راستییەکە کە کاربەدەستانی سوریا وەڵامی پرسیارەکانیان دەربارەی پرۆگرامی چەکی کیمیایی نەداوەتەوە لەوکاتەوەی کە راگەیەندراون."
وتی: "بە بەکارهێنانی ئەم چەکە مەترسیدارانە، بە هێشتنەوەی چەند توانایەکی چەکی کیمیایی کە پێچەوانەی راگەیاندنی سەرەتای خۆیەتی لەگەڵ ئەوەی وتی بەتەواوی پرۆگرامی بەرنامەی کیمیایی لە 2014 تێکشکاندووە و بە شکستهێنان لەوەی بەتەواوی پابەندبێت بە رێنماییەکانی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکمی کیمیاییهوه، سوریا پێشێلکاریی لە پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر رێکەوتنی چەکی کیمیایی لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش کردووە کە لە بڕیاری 2118 هاتوون."
'تاوانەکان بەردەوام دەبن'
باڵیۆزی ئیستۆنیا، سڤێن یۆرگنسن، جەختیکردەوە لەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی "ناکرێت چاوی لێبپۆشرێت".
وتی: "ئەوانەی بەرپرسن دەبێت بەرپرس رابگیرێن. بەبێ بەرپرسیارێتی ئەم تاوانانە بەردەوام دەبن. ئەوە جێی داخە کە هیچ هاریکارییەك نەکراین لەلایەن سوریەکانەوە."
جێگری باڵیۆزی ئەڵمانیا، یۆرگن شولز وتی: "لەخۆگرتنی بەرپرسیارێتی زۆر گرنگە و بوونی پارێزبەندی بەرامبەر ئەم تاوانە قێزەونانە بژاردەیهك نییە."
روسیاش وتەکانی باڵیۆزەکەی، ڤاسیلی نێبێنزیای بڵاوکردەوە لە دوانیوەڕۆی چوارشەممەدا.
نێبێنزیا وتی: "پرۆگرامی چەکە کیمیاییەکانی سوریا داخراوە، هەموو چەردە کیمیاییەکانی لەناوبراون و توانای بەرهەمهێنانی نەهێڵراوە." وتیشی دیمەشق هاریکاریی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکمی کیمیایی کردووە.
بەگوێرەی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکمی کیمیایی، دوو فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی سوریا چەند بۆمبێکیان بەردایەوە کە گازی دەماری سارینیان تێدابوو، بۆسهر لەتامینە لە 24 ئازار و له 30 ئازاری 2017 و کۆپتەرە سەربازییەکانی سوریا بەرمیلێکیان بەردایەوە کە کلۆرینی تێدابوو بەسەر گوندەکەدا لە 25 ئازاری هەمان ساڵدا.
بەگوێرەی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکمی کیمیایی، تێكڕا 106 کەس بەرکەوتوون.
حکومەتی سوریا راپۆرتەکەی رەتکردەوە و جەختیکردەوە لەوەی "دهرەنجامی ساختە و دروستكراوی تێدایە".