یەکێتی ئەوروپا پێنجشەممە (9 نیسان) پێشوازییکرد لە راپۆرتێك لەلایەن رێکخراوی جیهانی بۆ چاودێریی چەکی کیمیایی كه رژێمی سوریای تۆمەتبارکرد بە بەکارهێنانی گازی ژەهراوی و رایگهیاند ئامادەیە تاووتوێی سزای زیاتر بکات بەسەر دیمەشقدا.
رێکخراوی جیهانی بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی چوارشەممە بۆ یەکەمجار بهڕاشكاوی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریای تۆمەتبارکرد بە بەکارهێنانی چەکی سارین و کلۆرین لە 2017.
گەورە دبلۆماتکاری یەکێتی ئەوروپا، جۆسێپ بۆرێڵ پێشوازییكرد لە راپۆرتەکە بەناوی هەر 27 وڵاتەکەی ئەندامی هاوپەیمانێتیەکەوه.
وتی: "بەتەواوی پشتیوانی ئەنجامەکانی راپۆرتەکە دەکەین و بە گرنگییهكی زۆرەوە تاووتوێی ئەنجامگیریەکانی دەکەین."
"ئەوانەی بە بەرپرس دەستنیشانکراون بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، دەبێت بەرپرس رابگیرێن بۆ ئەم كردهوه قێزەونانە."
لێکۆڵینەوەکە بۆیدەرکەوت كه لە ئازاری 2017 فڕۆکە جەنگیەکانی سوریا گازی سارینی ژەهراوییان بەسەر گوندی لەتامینەدا بەرداوەتەوە لە باکوری پارێزگای حەما و کۆپتەرێکی سەربازی بۆمبی بەرمیلی پڕ لە کلۆرینی بەسەر هەمان گوندا بەرداوەتەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاند كه ناتوانێت بەووردی دەستنیشانی زنجیرەی فەرمانداری بکات، بەڵام فەرمانەکان بۆ ئەم هێرشانە دەبێت لە فەرماندە باڵاکانی رژێمی سوریاوە هاتبن.
راپۆرتەکە دواتر دەچێتە نەتەوە یەکگرتوەکان و چەند شوێنێکی دیکە، تا بڕیاربدەن کە دەبێت چ کارێك بکرێت --ئهگەر کارێك ههبێت بکرێت.
بۆرێڵ وتی یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە تاووتویی فراوانکردنی سزاکانی بکات دژی رژێمی ئەسەد.
لە بەیاننامەیەکدا وتی: "یەکێتی ئەوروپا پێشتر چەند سزایەکی سەپاندووە بەسەر بەرپرسانی باڵای سوریا و زاناکانیاندا بۆ رۆڵیان لە گەشەپێدان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا و ئامادەیە تاووتوێی سەپاندنی سزای شیاوی دیکە بکات."