روسیا و سوریا هێشتا رێیاننەداوە بە تیمی دۆزینەوەی راستیەکانی رێکخراوی جیهانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بچنەناو دوماوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بانگەشەی هێرشی چەکی کیمیایی، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە لاهای دوشەممە (16 نیسان) رایگەیاند.
بانگەشەکە لەکاتێکدایە کە رێکخراوی جیهانیی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی گفتوگۆی کتوپڕی دەستپێکرد دەربارەی بانگەشەی هێرشی کیمیایی، کە سەریکێشا بۆ هێرشه ئاسمانییهكانی خۆرئاوا بۆسەر سوریارۆژی شەممە.
باڵیۆزی بەریتانیا لە هۆڵەندا وتی سەرۆکی رێکخراوی جیهانیی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ئەحمەد ئوزومجو، لە کۆبونەوەیەکی داخراودا وتی لێکۆڵەرەکانی نەیانتوانیوە بچنە شوێنی رووداوەکە.
باڵیۆز پیتەر ویلسن بە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی وت كه ئوزومجو وتوێتی "رژێمی سوریا و روسەکان باسیان لە نیگەرانی ئەمنی دەکرد".
ویلسن وتیشی روسی و سورییەکان "نەیانتوانیوە گهرەنتی ئەمنیەتی شاندەکە بکەن بۆ چوونەناو دوماوە لەئێستادا"و وتیشی هیچ وادەیەك دیارینەکراوە بۆ ئەوەی کەی دەتوانن سەردان بکەن.
باڵیۆزی ئەمریکا بۆ رێکخراوی جیهانیی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، کێن وارد، دووشەممە نیگەرانی دەربڕی لەوەی رەنگە روسیا سەردانی شوێنەکەی کردبێت و بەڵگەکانی "شێواندبێت".
لەکاتی گفتوگۆ کتوپڕەکاندا وتی: "پێمانوایە روسەکان سەردانی شوێنی هێرشەکەیان کردووە. نیگەرانین لەوەی رەنگە بەڵگەکانیان شێواندبێت بەمەبەستی شکستهێنان بە هەوڵهكانی تیمی دۆزینەوەی راستیەکانی رێکخراوی جیهانیی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر."
گفتوگۆكان لە بنکەكهی رێکخراوی جیهانیی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دوو رۆژ دوای شەپۆلێك هات لە هێرشێكی سزادهر به موشەك لە سوریا کە لەلایەن هێزە خۆرئاواییەکانەوە کرا دوای بانگەشەیهێرشێکی چەکی کیمیایی لە 7 نیسان لە دوما.
چاوەڕواندەکرا تیمەکە کاری مەیدانی لە یەکشەممەدا دەستپێبکات، بەڵام لەجیاتی ئەوە لە ئوتێل دیمەشق بەرپرسانی بینی و قەدەغەی روماڵی رۆژنامەوانی توند خرابووەسەر خشتەی کارهكانیان.
کرێملن ئەوەی رەتکردەوە گوایە روسیا بەربەست دابنێ لەبەردەم چوونە ناوەوەیان.
لهكارخستنی بهرنامهی 'نهێنی' سوریا
ئەو موشەکانەی رۆژی شەممە کەشتیە جەنگیەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا گرتیانە دەزگا گومانلێکراوە کیمیاییەکان، گەورەترین هێرشی خۆرئاوا بوو دژی ئەو رژێمە لە شەڕی حەوت ساڵەیدا.
رۆژی شەممە روسیا شکستیهێنا لە بەدەستهێنانی پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی خۆرئاوا.
لە رێکخراوی جیهانیی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، فەرەنسا تکای لە وڵاتان کرد کاری رێکخراوەکە برەوپێبدەن تا بتوانێت بەرنامەی چەکی کیمیایی "نهێنی" سوریا لەکاربخات.
باڵیۆزی فەرەنسا، فلیپ لالیۆت، وتی دوای هێرشە گومانلێکراوەکانی ئەمدواییە، "هەموومان دەزانین سوریا لە 2013ەوە خهریكی برهودانه به بەرنامەیهكی کیمیایی نهێنی".
وتی: "راستیەکان لەبەرچاون و قێزەونترین درۆکان و بێماناترین نکۆڵیکردنەکان رەتدەکەنەوە."
وتیشی دەبێت ئەولەویەت بدرێتە یارمەتیدانی رێکخراوی جیهانیی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بۆ "بهئهنجامگهیاندنی لەکارخستنی بەرنامەی سوریا".
بەگوێرەی تەندروستکارە خۆجێیەکان، هێرشەکەی دوما، کە پسپۆڕان دەڵێن گازی کلۆر و گازی دەماری وەك سارینی تێدا بەکارهاتووه، لانیکەم 40 کەسی کوشت.