فەرەنسا و بەریتانیا رایانگەیاند سێشەممە (29 تشرینی دووەم) کە داوایەك ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بۆ گەمارۆ خستنە سەر ئەو دەسەڵاتدارانەی سوریا کە بەرپرسن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
میکانیزمی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکە رایگەیاند کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەروەها گازی خەردەلی لە هێرشێکدا بەکارهێناوە لە سوریا.
باڵیۆزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان سێشەممە رایانگەیاند کە رەشنوسی داواکەیان لە ئەنجومەنی ئاسایش ئاراستەی 13 ئەندامەکەی تری ئەنجومەنەکە دەکەن.
باڵیۆزی بەریتانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، ماسێو رایکرۆفت، وتی: "میکانیزمی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکە زۆر روونە کە رژێمی سوریا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە."
باڵیۆزی فەرەنساش بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، فرانسوا دیلاترە، وتی: "لەگەڵ بەریتانیا رەشنوسی داوایەك ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ سزادانی ئەوانەی کە بەرپرسن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر بنەمای راپۆرتی میکانیزمی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکە."