هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

چالاکوانان دەڵێن ئێران و روسیا شۆڕشی سوریایان رفاند

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

مەدەنیەکانی شاری ئیدلیب ساڵی نۆیەمی دەستپێکی شۆڕشی سوریا بەڕێدەکەن. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

مەدەنیەکانی شاری ئیدلیب ساڵی نۆیەمی دەستپێکی شۆڕشی سوریا بەڕێدەکەن. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

بە رفاندنی راپەڕینی ئاشتیانه‌ی سوریا بۆ بەهێزکردنی رژێمی فه‌رمانڕه‌وا، روسیا و ئێران خەڵکی سوریایان بێبەشکرد لە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ خستنەگەڕی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ئەرێنی و گۆڕینی ژیانیان بە باشتر، چالاکوانان وتیان.

چالاکوانان کە ئەم مانگە قسەیان بۆ دیارونا کرد، لەکاتێکدا شەڕ دەچووە دەیەم ساڵیەوە، وتیان بەشێوەیەکی سەرەکی دەستێوەردانی دەرەکی تۆمەتباردەکەن به‌ هۆی درێژەکێشانی شەڕەکە، کە لانیکەم 384,000 کەسی کوشتووە، لەنێویاندا زیاد لە 116,000 مەدەنی.

11 ملیۆن کەسی دیکە ئاوارەبوون، لە ناوخۆ و دەرەوەش.

چالاکوانی سوری، محەمەد بیك بە دیارونای وت خەڵکی سوریا نزیکبوون لە دەستڕاگەیشتن بە ئامانجی شۆڕشەکە، کە نۆ ساڵ لەمەوبەر لەکاتی خۆپیشاندانەکانی سەرەتادا خێرا و بەفراوانی تەواوی وڵاتی گرتەوە.

خۆپیشاندەرانی پارێزگای ئیدلیب ئه‌و لافیتانه‌یان به‌رزكردۆته‌وه‌ كه‌ تێیاندا سەرکۆنەی دەستێوەردانی سەربازیی روسیا دەکەن لە سوریا. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

خۆپیشاندەرانی پارێزگای ئیدلیب ئه‌و لافیتانه‌یان به‌رزكردۆته‌وه‌ كه‌ تێیاندا سەرکۆنەی دەستێوەردانی سەربازیی روسیا دەکەن لە سوریا. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

وتی: "بەڵام شەپۆلەکە بەخێرایی پێچەوانەوە بووەوە کاتێك سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) و حیزبوڵای لوبنان لە خزمەتی رژێمی سوریادا دەستێوەردانیان کرد و خۆپیشاندانه‌ ئاشتیانەكانیان کردە پێکدادانی چەکداری."

وتی ئەمەش خۆی دەرگای بۆ گروپە تووندڕەوەکان خستەسەرپشت، کە خۆیان لە سوریا جێگیرکرد و وڵاتەکەیان رووبەڕووی شەڕێكی تەواو کردەوە و یارمەتی رژێمیشیان دا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

بیك وتی لەژێر پاساوی یارمەتیدانی رژێمی سوریادا، ئێران هەوڵیدا بەرژەوەندییەکانی خۆی لەو وڵاتە بەرەوپێش بەرێت، بە جێگیرکردنی خۆی و خستنەگەڕی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە ناوچەی دیمەشق، قەلەمون و ناوچە گوندنشینەکانی دێرە زوور.

وتیشی ئەم هەنگاوانە ئاماژەن بەوەی ئێران بەنیازە بۆ ماوەیەکی درێژ لە سوریا بمێنێتەوە.

بیك وتی لەهەمانکاتدا، ئێران هەوڵیداوە کۆنترۆڵی سەرچاوە سروشتیەکانی سوریا بکات و پرۆژە بیناسازییەکان بۆخۆی دەستەبەربکات، لە هەوڵێکدا بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەوەی چەند ساڵی رابردوو لە سوریا خەرجیکردووە.

وتی بە ئەنجامدانی ئەمە، هەوڵیدا رێ لە وڵاتانی دیکە بگرێت کە دەیانەوێت بەشداریبكه‌ن له‌ قۆناغی بنیادنانەوەدا، بەتایبەتی روسیا.

دەستێوەردان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت هەریەکە لە روسیا و ئێران سەرەتا وتیان گوایە دەستێوەردانیان لە سوریادا ئامانجی پاراستنی خەڵکی سوریایە.

وتی بەڵام دوای ماوەیەك ئەوە روونبووه‌وە کە دەستێوەردانەکە تەنیا بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بووە و وایکردووە بتوانن قازانجی سیاسی و ئابوری دەستەبەربکەن بە هێشتنه‌وه‌ی رژێمی فەرمانڕەوا لە دەسەڵاتدا.

وتیشی ئەو دوو وڵاتە لە نۆ ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی تووند بەرگرییان لە رژێمی سوریا کردووە، "پشتیوانی دارایی راستەوخۆیان دابینکردووە، لەگەڵ نەوت و پشتیوانیی کراوەی سەربازی له‌ڕێی زەمین و دەریا و ئاسمانه‌وه‌".

عەبدوڵا وتی هەروەها "لە چەندین پارێزگای سوریا چەند میلیشیایەکیان پێکهێناوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئامانجەکانیان".

وتی لەئێستادا شەڕێکی تاڕادەیەك به‌ نهێنی پارێزراو لەنێوان روسیا و ئێراندا هەیە، کە هەرلایەك ئامانجێتی ئەویدیکە بێبەشبکات لە سوریا یان لانیکەم نفوز و ئامادەیی لەو وڵاتە سنووردار بکات.

وتیشی: "بێگومان خەڵکی سوریا باجی ئەمە دەدەن."

هه‌روه‌ها وتی هەریەکە لەو دوو بەناو هاوپەیمانە میلیشیای خۆیان دروستدەکەن و پشتیوانی داراییان دەکەن تا کارنامەی خۆیان بەرەوپێش ببەن و پلانەکانیان جێبەجێبکەن و ئاماژەیکرد بەوەی ئەمەش دەکرێت بگات -- وه‌ گەیشتووشە -- به‌ پێکدادانی چەکداری.

ئاماژەیکرد بەوەی بارگرژی و پێکدادانی جارناجار لەنێوان میلیشیاکانی هاوپەیمانی پاسداران و میلیشیا سورییەکانی پاڵپشت بە روسیادا لە چەندین ناوچەی دێرە زوور روویداوە.

عەبدوڵا وتی رژێمی سوریا و روسیا و ئێران ژمارەیەکی بێوێنەیان لە مەدەنیەکانی سوریا کوشتووە بە هێرشە ئاسمانیەکان و تۆپباران بە پاساوی شەڕ دژی گروپە تووندڕەوەکان -- بەتایبەتی لە پارێزگای ئیدلیب -- دوایین بنکەی ئۆپۆزسیۆن.

میلیشیا بیانیەکان لە سوریا

چالاکوانێكی سوریا، موسعەب عەساف بە دیارونای وت ئێران و روسیا و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان کۆنترۆڵی چەندین بەشی وڵاتەکەیان کردووە، لەکاتێکدا سوپا و دەزگاکانی رژێم یان بوونیان کەمە یان هەر نییە لەو ناوچانە.

وتی: "ئەوە روونبۆتەوە کە ئەو دوو وڵاتە دەستێوەردانیان لە شەڕەکەدا کرد بەپاساوی ساختە تا کۆنترۆڵی سەرچاوە سروشتیەکان بکەن کە دواجار هی گەلی سوریان."

وتیشی رێژەی هەژاری لەو ناوچانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە روسیا و ئێرانەوە کۆنترۆڵکراون تا ئاستێکی بێوێنە بەرزبۆتەوە و ئاماژەیکرد بە پرۆژە وەستێنراوەکانی گەشەپێدان و کۆتوبەندەکانی سەپێنراو بەسەر گەڕاوەکاندا.

وتی سەرەڕای رێکەوتنەکانی ئاشتەوایی، پشتیوانیی حکومەت هیچ بوونی نییە بۆ هاندانی ئەو مەدەنیانەی بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوون تا بگەڕێنەوە.

عەساف وتی خەونی شۆڕشی سوریا، کە هیوا بوو بۆ وڵاتێك تێیدا مەدەنیەکان تەواوی مافەکانی خۆیان هەبێت و ژیانێکی په‌سه‌ند بژین، هیشتا لە دڵی زۆرێك لە سوریەکاندا زیندووە.

وتی لە چەندین ناوچە، وەك ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق و دەرعا خۆپیشاندانەکانی دژ به‌ رژێم دەستیانپێکردۆتەوە و سەریانکێشاوە بۆ پێکدادانی چەکداری تەنانەت لەکاتێکدا رژێم بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500