هه‌واڵه‌كانی عێراق
شرۆڤە

شارەزایان: کۆنفرانسی گەڕانەوەی ئاوارە سوریەکان بە پشتیوانیی روسیا بووە گاڵتەجاڕی

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

شارەزایانی سوریا وتیان کۆنفرانسێک کە بە پشتیوانی روسیا بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارە سوریەکان رێکخرا لە 11 بۆ 12 تشیرینی دووەم، جێی متمانەپێکردن نەبوو. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی سانا]

شارەزایانی سوریا وتیان کۆنفرانسێک کە بە پشتیوانی روسیا بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارە سوریەکان رێکخرا لە 11 بۆ 12 تشیرینی دووەم، جێی متمانەپێکردن نەبوو. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی سانا]

کۆنفرانسێکی دوو رۆژە کە هەفتەی رابردوو بە پشتیوانیی روسیا لە سوریا رێکخرا بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان "هیچ بەهایەکی نییە"، چونکە ئەو وڵاتە سەرەکیانەی ئاوارەکان لەخۆدەگرن بایکۆتیان کردبوو، شارەزایانی پەیوەندیەکانی سوریا بە دیارونایان وت.

کۆنفرانسەکەیان لەقەڵەمدا وەک هەوڵێکی بەحاڵ شاراوە لەلایەن روسیا و ئێران و چینەوە بۆ خێراکردنی رێکەوتنە پڕقازانجەکانی بونیادنانەوە کە هاوشانی کۆنفرانسەکە بوون، هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی رژێمی سوریا تا لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکرێت بۆ ئەو تاوانانەی ئەنجامیداون.

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدڵا بە دیارونای وت ئەو کۆنفرانسەی بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سوریەکان لە 11 و 12 تشیرینی دووەم لە دیمەشق رێکخرا "تەواو بێمانا" بوو لە ناوەڕاستی ئەو دۆخەی ئێستادا، کە هیچ شتێک لە سوریادا نەگۆڕاوە.

وتی ئەو دۆخانەی مەدەنییەکانیان ناچارکردووە وڵاتەکە جێبهێڵن و داوای مافی پەنابەرێتی بکەن هێشتا بوونیان هەیە، بەتایبەتی رەشبگیری، چەوساندنەوە، کوشتن و گەندەڵی، کە لە ئێستادا بە پشتیوانی تەواوەتی روسیا و ئێران ئەنجامدەدرێن.

پرسیاری کرد: "چۆن دەکرێت ئاوارەکان داوایان لێبکرێت بگەڕێنەوە شارۆچکەکانی خۆیان لەکاتێکدا ئەو شارۆچکانە کێشەی ئەمنییان هەیە و هێشتا بۆردومانکردن و هەڵکوتانەسەر هەموو رۆژێک روودەدەن؟"

وتی پێش گفتوگۆکردن دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، پێویستە قەیرانی ئاوارەیی لە سوریا چارەسەربکرێت، بەتایبەتی لە هەرێمی ئیدلیب، کە تێیدا زیاتر لە سێ ملیۆن سوری ئاوارە بوون.

سوریا هێشتا ئەمین نییە

عەبدوڵا وتی سوریا هێشتا جێی مەترسییە و شوێنێکی ئەمین نییە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لەژێردەسەڵاتی رژێمدان، کە رەشبگیری و پشتگوێخستنی خەڵکەکەی و تەواوی پێداویستیەکانیان لەئارادایە.

وتیشی لە ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق و باشوری پارێزگای دەرعا، ئەمنیەت بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتربووە سەرباری بەڵێنەکانی رژێم بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، ئەمەش ئەگەری روودانی تووندوتیژییەکی بەربڵاو زیاتردەکات.

لێکۆڵەری سیاسی، عەبدول نەبی بەکار کۆنفرانسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی وەک "هەنگاوێکی فریودەرانە لەلایەن روسیا و ئێران و چینەوە" لەقەڵەمدا.

بە دیارونای وت کۆنفرانسەکە دوو ئامانجی سەرەکیی هەبوو.

وتی ئامانجی بوو رەوایی بدات بە رژێمەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، وەک ئەوەی کۆمەڵکوژیی مەدەنییەکان و ئاوارەبوون بە زەبری هێز لەلایەن رژێمەوە ئەنجامنەدرابێت. هەروەها ئامانجی بوو رێوشوێنێک دابنێت بۆ بەشکردنی قازانجی رێکەوتننامەکانی بونیادنانەوە.

وتی رێکەوتننامە سەرەتاییەکانی بونیادنانەوە لە کاتی کۆنفرانسەکەدا راگەیەندران و ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی ناردنی پارەی بونیادنانەوە بۆ ناو سوریا پشتیوانی لە هیشتنەوەی رژێمی ئێستا دەکات.

رێکخەران رایانگەیاند کە وڵاتانی دراوسێ زۆرترین ئاوارە لەخۆدەگرن، بەڵام لەو وڵاتانە تەنیا لوبنان و عێراق نوێنەریان ناردبوو بۆ کۆنفرانسەکە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە تورکیا زۆرترین ژمارەی ئاوارەکانی سوریا لەخۆدەگرێت، دوای ئەویش لوبنان و ئەردەن. بەڵام ئەردەن بەشداریی کۆنفرانسەکەی نەکرد، لەکاتێکدا تورکیای پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بانگهێشت نەکرابوو.

یەکێتی ئەوروپا بەشداری نەکردبوو بەوپێیەی دۆخی سوریا هێشتا بۆ گەڕانەوە ئەمین نییە.

بەکار وتی هاوکات زۆربەی ئەو وڵاتانەی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە بانگهێشتکرابوون "هیچ پەیوەندییەکیان بە قەیرانی ئاوارە سوریەکانەوە نییە".

وتی ئەمەش گوماندەخاتە سەر رەوایەتیی کۆنفرانسەکە.

ئەو وڵاتانەش بریتیبوون لە کوبا، ئەلجیریا، نایجیریا، کیرگیزستان، کۆڵۆمبیا، ئەرجەنتین، سریلانکا و ئەبخازیا.

بەکار وتی بە بانگهێشتکردنی شاندی ئەو وڵاتانە، رێکخەران هەوڵیاندا ئەوانە بەکاربهێنن بۆ داپۆشتنی مەبەستەکەیان سەبارەت بە رژێمی ئەسەد.

کاتەکەی گونجاو نییە

بەکار بەردەوام بوو، وتی داواکردن لە ئاوارەکان تا بگەڕێنەوە پێش ئەوەی دۆخەکە ئامادەبێت "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە".

وتی بەڵێننامە نێودەوڵەتیەکان داوادەکەن ژیانێکی ئاسایی بۆ مەدەنییە گەڕاوەکان دابینبکرێت، ئەمەش مانای وایە کۆتایی بهێنرێت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان، گەرەنتیکردنی سەلامەتییان و دڵنیابوونەوە لەوەی سەرکوت ناکرێن.

وتیشی بەگوێرەی بەڵێننامە نێودەوڵەتیەکان، ئاوارە گەڕاوەکان پێویستە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابینبکرێت، کە تا ئێستا لە سوریا دابیننەکراون بەهۆی ئاستی ئەو وێرانکاریەی بەهۆی شەڕە بەردەوامەکەوە هاتۆتەکایەوە.

پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت وتارەکەی ئەسەد لەمیانەی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا "مایەی پێکەنین" بوو، بەتایبەتی ئەو بەشەی تێیدا وڵاتە بەشدارنەبووەکانی بە بەرپرسیار دانا بۆ ئاوارەبوونی سورییەکان.

بەسام وتی ئەسەد ئاماژەی بە ئەمریکا و وڵاتە ئەوروپیەکان کرد، هەرچەند ئەو وڵاتانە مافی پەنابەرێتییان داوە بە سەدان هەزار ئاوارەی سوری تا لە کردەوەکانی رژێمی سوریا بیانپارێزن.

وتیشی ئەسەد ئاماژەیکرد بەوەی "ملیۆنان سوری" کە لە دەرەوە دەژین ئارەزوودەکەن بگەڕێنەوە -- ئەمەش زۆر بەسادەیی راست نییە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500