هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

میلیشیاکانی سەر بە ئێران رێدەگرن له‌ ئاوارەکانی عێراق بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان

فارس عومران

ئەندامانی میلیشیای کەتائیب ئیمام عەلی سەر بە ئێران لەکاتی نمایشێکی سەربازیدا لە بەغدا دەبینرێن لەم وێنەیەدا کە لە 9 حوزەیران 2018 لەسەر ماڵپەڕی میلیشیاکە بڵاوکراوه‌ته‌وە.

ئەندامانی میلیشیای کەتائیب ئیمام عەلی سەر بە ئێران لەکاتی نمایشێکی سەربازیدا لە بەغدا دەبینرێن لەم وێنەیەدا کە لە 9 حوزەیران 2018 لەسەر ماڵپەڕی میلیشیاکە بڵاوکراوه‌ته‌وە.

دەستبەجێ دوای ئەوەی لە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکران، میلیشیاکانی دڵسۆزی ئێران دەستیانگرت بەسەر چەندین شارۆچکەی عێراقیدا و تا ئەمڕۆکەش رێ دەگرن لە گەڕانەوەی دانیشتوانەکانیان.

ئەبو حامید، 53 ساڵ، دانیشتوویه‌كی جەرف نەسر، كه‌ پێشتر ناسرابوو بە جەرف سەخر، وتی خۆی و هەزاران دانیشتووی دیکەی گوندەکەی بەزۆر پێیان چۆڵکراوە و میلیشیاکان لەئێستادا رەتیدەکەنەوە رێیانبده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

ئەبو حامید کە لە خانوویەکی کرێدا دەژی لە بەغدا و نەیویست ناوی تەواوی ئاشکرا بکرێت لەترسی تۆڵەسەندنەوە، وتی کۆتاییهێنان بە دۆخی ئاوارەیی دانیشتوان بەئەنقەست لەلایەن ئەو میلیشیانەوە 'وەستێنراوە'.

وتی: "نازانین ئەم مەینەتیە کەی کۆتایی دێت. نزیکەی پێنج ساڵە بێ ماڵ ماوینەتەوە و هیچ چارەسەرێك لەگۆڕێ نییە بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆخە. دەبێت هەمیشە لە ئاوارەییدا بمێنینەوە و هیوای گەڕانەوەمان بۆ ماڵه‌كانمان نەبێت؟"

ئاوارە عێراقیەکان لە کەمپێکی ئاوارەکان لە 13 تشرینی دووەم 2019 کۆمەکیان پێدەگات. سەدان ئاوارەی عێراقی هەڕەشەیان لێکراوە دژی گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

ئاوارە عێراقیەکان لە کەمپێکی ئاوارەکان لە 13 تشرینی دووەم 2019 کۆمەکیان پێدەگات. سەدان ئاوارەی عێراقی هەڕەشەیان لێکراوە دژی گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

جەرف سەخر پێشتر 100,000 کەسی تێدا دەژیا کە ناچارکران ماڵەکانیان جێبهێڵن دوای ئەوەی داعش لە ناوەندی 2014 شارۆچکەکەی گرت.

دروستکردنی چەك و ئه‌مباركردنی

شارۆچکەکە، کە 60 کیلۆمەتر لە باشوری خۆرئاوای بەغدایە، دوای چەند مانگێك لە هێرشەکەی داعش رزگارکرا، بەڵام کەوتە دەست کەتائیب حیزبوڵا و میلیشیاکانی دیکەی دڵسۆزی ئێران.

دواتر بووە پێگەی سەرەکی چالاکی میلیشیاکان.

پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق، تەها لەهیبی بە دیارونای وت: "میلیشیاکان لەئێستادا جەرف سەخر وەك فەرماندەیی بەکاردەهێنن بۆ بنکە سەربازییەکانیان لەگەڵ ناوەندێك بۆ دروستکردن و ئه‌مباركردنی چەك و موشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان."

وتی: "شارۆچکەکە بۆتە شوێنێك کە میلیشیاکان قێزەونترین تاوانەکانیان تێدا ئەنجامدەدەن دژی مەدەنیە بێچەکەکان و رێده‌گرن لە هەر کەسێك بیەوێت بچێتە ناوی."

جگە لە جەرف سەخر، چەندین شارۆچکەی دیکەی رزگارکراو لە تیرۆریزم هەن کە دانیشتوانیان هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بەهۆی فشار و هەڕەشەکانی میلیشیای وەك عەسائیب ئەهل حەق، بەدر، نوجەبا، سەرایا خوراسانی و کەتائیب جوند ئیمام.

شیکاروانی سیاسی ئەحمەد شەوقی وتی شارۆچکەکانی وەك عەزیز بەلەد، توز، یەسریب، سینیە، عۆجە و گوندەکانی باکوری خۆرهەڵاتی بەعقوبە و زومار هێشتا داخراون و دانیشتوانیان رێگرییان لێده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بەهۆی فشاری میلیشیاکانەوە.

بە دیارونای وت چەندین مۆڵەتی فەرمی دراوە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان دوای ئەوەی پشکنینی ئەمنییان بۆ تەواوکراوە تا درك بەوانە بکرێت کە تێوەگلاون لە کردە تیرۆریستیەکانەوە.

وتی: "بەڵام میلیشیاکان هێشتا ئەو ناوچانەیان گرتووە و رێگە لە گەڕانەوەی دانیشتوانیان دەگرن و هەڕەشەیان لێدەکەن گەر بڕیارێکی لەوشێوەیە بدەن."

شەوقی جەختیکردەوە لە گرنگی "کۆتاییهێنان بە نفوزی میلیشیاکان تا کۆتایی بە مەینەتیی مەدەنیەکان بهێنرێت، کە ماوەیەکی درێژە بەردەوامیی هەیە".

وتی: "چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوارەیی و چەسپاندنی سەقامگیری و بناغەی پێکەوەژیان لە ناوچە رزگارکراوەکان گه‌رەنتی بنەڕەتیین دژی دووبارەبوونەوەی تیرۆیزم."

رێگەی ئاوریشمی ئێران

سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵە عەرەبیەکان لە سەلاحەدین، سائیر بەیاتی وتی میلیشیاکان دەڵێن گوایە دژی گەڕانەوەی خەڵکن بۆ ماڵەکانیان چونکە ئەم ناوچانە هێشتا ئارام نین و دەترسن ببنەوە بە شوێنگەی داعش.

بە دیارونای وت ئەمانە تەنیا پاساون.

وتی ئەم میلیشیانە کارنامەی ئێران جێبەجێدەکەن و ئاماژەیکرد بەوەی "ئێران هەوڵی پارچەپارچەکردنی وڵاتەکە و بڵاوکردنەوەی پشێوی دەدات بەر هەر شێوەیەك پێیبکرێت".

پەرلەمانتار لەهیبی وتی ئەم میلیشیانە ملکەچی فەرمانەکانی ئێرانن و پاکتاوی ئێتنیکی و تائیفی ئەنجامدەدەن و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی نیشتمانی دەدەن.

وتی رژێمی ئێران دەیەوێت لەڕێی میلیشیا بەکرێگیراوەکانیەوە پێگەی خۆی بچەسپێنێت لەو ناوچانەی بە ستراتیژییان دادەنێت، کە دەکەونە سەر "رێگەی ئاوریشمی ئێران کە تا سوریا درێژدەبێتەوە "لەڕێگەی پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین، نەینەوا و ئەنبارەوە.

بەگوێرەی لەهیبی ئێران ئەم رێگەیە بەکاردەهێنێت بۆ بەقاچاخبردنی موشەك و چەك بۆ نێو سوریا و دەریای ناوەڕاست لەڕێگەی عێراقەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

خودا سزاتان بدات بۆ ئه‌م هه‌واڵه‌ ساخته‌یه‌! ئێمه‌ سه‌ربازانی ئه‌م وڵاته‌ین؛ ئێمه‌ حه‌شدی شه‌عبیی سوننه‌، شیعه‌، مه‌سیحی، سائیبی، شه‌به‌ك و یه‌زیدی و هه‌موو تایه‌فه‌كانی خه‌ڵكی عێراقین. ئێمه‌ موجاهیدینی عێراقین نه‌ك میلیشیای ئێرانی. ئه‌وه‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ كه‌ كۆمه‌كی ئێمه‌ ده‌كات تا بتوانین رزگارمانبێت له‌ مێشكی چه‌په‌ڵتان و تره‌مپی شێت. نه‌فره‌ت له‌خۆتان و مێشكی دێرینتان!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌