ئەو چالاکوان و رۆژنامەوانانهی بەشداریدەکەن لە روماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، بەردەوام بەئامانج دەکرێن، لە هەوڵێکدا کە وادەردەکەوێت بۆ بێدەنگکردنی رەخنە بێت دژی دەستێوەردانی ئێران لە عێراق، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.
لە 5 نیسان، چەند چەکدارێك هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چالاکوان ئەنوار جاسم مەهوس لە پارێزگای ناسریە، کە ناسرابوو بە ئوم عەباس و دەستیانکرد بە تەقە، مەهوسیان کوشت و دوو کوڕەکەیان بریندارکرد.
مەهوس چالاکوانێکی بەناوبانگ بوو کە ناسرابوو بە بەشداریکردنی له لە خۆپیشاندانەکاندا و ئامادەکردنی خواردن بۆ خۆپیشاندەران.
تیرۆرکردنی مههوس دوایین ئەڵقەی زنجیرەیەك هێرشی لەوشێوەیە بوو کە لەوکاتەوەی خۆپیشاندانەکان لە تشرینی یەکەم دەستیانپێکرد، بەردەوامن.
چاودێران میلیشیاکانی سەر بە ئێران تۆمەتباردەکەن بەوەی بەرپرسن لەم رووداوانە.
پسپۆڕی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی عێراق، هیلال عوبهیدی بە دیارونای وت: "میلیشیا چەکدارەکان لەپشت ئەم تیرۆركردنە رێکخراوانەوەن."
وتی ئەوان ئهو چالاکوانان و رۆژنامەوانانهی پشتگیریدهكهن له رەتکردنەوەی نفوزی ئێران و بهكرێگراوانی لە عێراق لەلایەن جەماوەری عێراقەوە، وا دهبینن "وەك سەرچاوەیهكی هەڕەشە کە دەبێت بە تووندوتیژی رووبەڕووی ببنەوە".
عوبهیدی وتی کوشتنی رکابەران و تۆقاندنی خەڵك "تەنیا شێوازی کارە ئەم گروپە چەکدارانە لەخۆی دەگرن".
وتی نەك تەنیا گوێ بە ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19) نادەن، "بەپێچەوانەوە، پەتا جیهانیەکە دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانی دڕندانهتر دژی خەڵکی بێتاوان و بەردەوامن لە ئەنجامدانی کارنامەی تیرۆریستییان".
کەمتر لە مانگێك پێش ئەوەی مەهوس بکوژرێت، هونەرمەند عەبدولقەدوس قاسم و پارێزەر کەرار عادل لە شاری عەمارەی پارێزگای میسان تیرۆرکران.
ناوەندە نهێنیەکانی دەستبەسەرکردن
شیکاروان و توێژەری سیاسی، عەبدولقادر نایل بە دیارونای وت: "تیرۆركردنەکان لەلایەن میلیشیا خاوەن نفوزەکانی عێراقەوە ئەنجامدەدرێن، کە بەناوبانگترینیان کەتائیب حیزبوڵا و عەسائیب ئەهل حەقن."
وتی کردەی تووندوتیژی بەشێوەیەکی نایەکسان دژی چالاکوانانی پارێزگاکانی باشور ئەنجامدەدرێن لە ئەنجامی سەرکۆنەی جەماوەر دژی دەستێوەردانی ئێران و گەندەڵی میلیشیاکان و پارتە سیاسیەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە.
وتی ئامانجی پشت ئەم تاوانانە "بێدەنگکردنی دهنگهكان و بڵاوکردنەوەی ترسە".
نایل وتی: "میلیشیاکان نایانەوێت عێراقیەکان دەنگیان بەرزبکەنەوە و توڕەییان دەرببڕن دەربارەی پێشێلکاریكردنی مافەکانیان و وشککردنی ئابورییان لە خزمەتی ئێراندا و کەمبایەخکردنی سەروەرییان."
وتیشی گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران لەئێستادا زیندان و ناوەندی دەستبەسەركردنی نهێنی بەڕێوەدەبەن لە گەڕەکەکانی سەدری قەنات و دۆرە له بەغدا، جیا لە جەرف نەسر، کە پێشتر ناسرابوو بە جەرف سەخر.
ههروهها وتی: "ئەم ناوەندانە پڕن لەو مەدەنیانەی بەبێ سکاڵا یان تۆمەتی یاسایی دەستگیرکراون و هێڵراونەتەوە." ئاماژەیکرد بەوەش كه لەم ناوەندانەدا هەندێك کەس مردوون بەهۆی ئەشکەنجە و خراپیی بارودۆخی شوێنەکانەوە.
بەئامانجکردنی رۆژنامەوانان
جیا لە 27 چالاکوان کە کوژراون، 42 چالاکوان لەلایەن گروپە نەناسراوەکانەوە رفێندراون. لەنێو ئەمانەدا دوو رۆژنامەوانی بەناوبانگ هەن، تۆفیق تەمیمی و مازن لەتیف.
شیکاروانی سیاسی، عەلا نەشوع بە دیارونای وت رفاندنەکان بەشێکن لە هەڵمەتی میلیشیاکان بۆ سەرکوتکردنی ئهو پێشەنگ و رۆژنامەوانانهی نێو خۆپیشاندانەکان کە رەخنەیان گرتووه لە بهرپهچدانهوهی تووندی کاربەدەستان.
وتی ئەم میلیشیانە ئامادهن پەنا ببهن بۆ کوشتنی رۆژنامەوانان و ئاماژهی كرد به تیرۆرکردنی پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی دیجلە، ئەحمەد عەبدولسەمەد و وێنەگر سەفا غالی لەکاتێکدا خەریکی روماڵکردنی خۆپیشاندانەکان بوون لە بەسرە.
وتیشی بهكرێگیراوانی ئێران دەیانەوێت بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیان بپارێزن بەرامبەر هەر جۆرێك لە جوڵانەوە کە داوای مافی خەڵك بکات و بیەوێت فەرمانڕەوایی یاسا بسەپێنێت و چەك لەدەستی دەوڵەتدا سنووردار بکات.
نەشوع وتی هانی پاشاگەردانیش دەدەن، چونکە ئەوە گهرەنتی مانەوەیان دەكات و وادەکات بتوانن بەردەوامبن لە چالاکیە نایاساییەکانیان.
وتیشی ئەم خەڵکە ناتوانن بەردەوامبن لەوەی بە پارێزبەندییەوە پێچەوانەی یاسا کاربکەن: "پێویستە کاربەدەستانی پەیوەندیدار دەستبکەن به لێکۆڵینەوەی ئاشکرا و دادپەروەرانە بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی بەرپرس لە تیرۆركردن و رفاندنەکان."