زۆر له عێراقیهكان داوای کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە دەکەن كه میلیشیاکانی سەربە ئێران سەپاندوویانە بەسەر ئەو ناوچانەی لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون.
ماوەیەکە دانیشتوانی ئەم ناوچانە سکاڵادەکەن لەدەست ئەو پێشێلکاریانەی پیاوانی میلیشیا ئەنجامیدەدەن، لەنێویاندا رفاندن، کوشتن، ونکردن و قۆرخکردنی پارە و سامانی گشتی.
لە ناوەندی تشرینی یەکەم، 12 مەدەنی رفێندران له گوندی فەرحاتییەی پارێزگای سەلاحەدین. دواتر هەشت جەستە بە شوێنی فیشەکەوە دۆزرانەوە، لەکاتێکدا چارەنوسی چوار پیاوەکەی دیکە هێشتا دیارنییە.
خێزانی قوربانیەکان وتویانە لیوای 42ی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لایەنێكی سەربە ئێرانی میلیشیای عەسائیب ئەهل حەق، لەپشت ئەم تاوانەوەیە، هەرچەندە میلیشیاكە نکۆڵیكردووه لە تۆمەتەکان و ههوڵیداوه داعش تۆمەتباربکات.
مامۆستای زانسته سیاسیەكان، تەها لەهیبی بە دیارونای وت: "ئەمە یەکەم تاوان نییە لەلایەن میلیشیاکانەوە دژی دانیشتوانی ناوچە رزگاکراوەکان ئەنجامدرابێت."
وتی میلیشیاکانی سەربە ئێران پێشتر دانیشتوانی ئەم ناوچانەیان کردۆتە ئامانج و بەردەوامیش دەبن لەسەر ئەوە و ئاماژەیکرد بەوەی له ههر حاڵهتێكدا چ داعش چ میلیشیاکانی سەربە ئێران تۆمەتباربن، ههر مەدەنیەکان "باجێکی گەورە دەدەن".
وتیشی میلیشیاکان "ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانیان رفاندووە و بەزۆر ونیان کردوون" لەو ناوچانەی پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوون، لەنێویاندا شاری موسڵی پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین.
لەهیبی وتی بە خەمڵاندن 10,000 مەدەنی لە سەلاحەدین ونکراون و هێشتا چارەنوسیشیان نادیارە.
وتی: "هەروەها 2,000 ئاوارە و خەڵکی ونکراو ههن لە ناوچەی جورف سەخر کە میلیشیاکان لێی جێگیرن." وتیشی ئامادەییان لەو شوێنانە بۆ رێگرتنە لە گەڕانەوەی ئەم کەسانە.
لەهیبی وتی دۆخەکە بە ههمان شێوەیە لە ناوچە و گوندەکانی دیکەش کە لەدەست داعش رزگارکراون، بەڵام دانیشتوانیان هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە.
وتی سەرەڕای رێگرتن لە گەڕانەوەی مەدەنیەکان، میلیشیاکان زۆر لە دانیشتوان دەکەن تا بەرتیل و باج بدەن و سەرچاوە تەرخانکراوەکانی دەوڵەت بۆ ناوچە رزگارکراوەکان قۆرخدەکەن بە چوونه کێبڕکێوه بۆ بەدەستهێنانی پرۆژە حکومیەکانی بنیاتنانەوە.
وتی رووداوەکەی فەرحاتییە "بەڵگەی زیاترە لەسەر تاوانکاریی ئەم میلیشیانە، کە لەلایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە پشتگیری کراون، دژی وڵاتەکەمان".
ئەوانهی تۆمەتبارکرد بەوەی تێوەگلاون لە "چەندین هەوڵی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ بڵاوکردنەوەی پاشاگەردانی و تایهفهگهری و تێکشکاندنی داهاتووی رۆڵەکانمان".
گروپە بهدكارهكان دەبێت بخرێنە دەرەوەی یاسا
پسپۆڕێكی سەربازی، جەلیل خەڵەف شوەیل بە دیارونای وت چەندین داواکاری هەیە بۆ دهركردنی میلیشیاکان لەو ناوچانەی لەدەست داعش رزگارکراون "چونکە دڵسۆزییان بۆ عێراق نییە".
وتی لە ئاکامی شەڕی دەرکردنی داعشدا، هەندێك میلیشیا پێگەی دەسەڵاتی خۆیان پاوانکرد بۆ تۆقاندنی خەڵکی ناوچەکە و رێگرتن لە خەڵك بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و ئاماژەیکرد بەوەی ئامادەییان بۆتە رێگر لەبەردەم سەقامگیریی ئەم ناوچانەدا.
وتیشی: "شارە رزگارکراوەکان پێویستیەکی زۆریان هەیە بە یەکە [سەربازییە] گەورەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی خەڵکەکەیان."
ههروهها وتی: "ئاسایشی ئەم شارانە دەبێت تەنیا بەرپرسیارێتی هێزە فەرمی و ئاساییەکان بێت." ئاماژەیکرد بەوهی هەڕەشەی داعشیش بەردەوامە.
ههروهها ئاماژەیکرد بە هێرشەکەی داعش لە 27 تشرینی دووەم کە سەرکردەیەکی خێڵەکی بەناوبانگی تێدا كوژرا لە قەزای موقدادیە له دیالە، لەگەڵ چوار ئەندامی خێزانەکەی.
شوەیل باسی لە ئامادەیی بەردەوامی میلیشیاکان کرد و وتی: "پهسهندناکرێت میلیشیا بهدكارهكان جێگیربکرێن کە فەرمانەکانیان لە دەوڵەت وەرناگرن، چونکە ئەو گروپانە بە یاخی دادەنرێن و دەبێت بەرپرس رابگیرێن".
پەرلەمانتارێكی عێراق بۆ سەلاحەدین، موقدەم جەمیلی وتی خەڵکی شارە رزگارکراوەکان "پشتیوانی له دەسەڵاتی هێزە ئەمنیەکان دەکەن لە ناوچەکانیان و هەوڵەکانیان بۆ بەدواکەوتنی پاشماوەی تیرۆریستان".
بە دیارونای وت: "خەڵکی ناوچەکان پێزانینیان هەیە بۆ ئەو قوربانیەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە خێڵەکیەکان داویانە لە رزگارکردنی شارەکانیان و لەناوبردنی هەڕەشەی داعشدا."
وتی بەڵام ههندێك كهس هەن کە بانگهشهی ئهوه دهكهن سەر بە حەشدی شەعبین بەڵام تاوان و کردەی نایاسایی ئەنجامدەدەن دژی مەدەنیەکان بەناوی ئەم هێزانەوە، هەربۆیە ناوبانگی ئەم لایەنانە لهكهدار دهكهن.
جومەیلی وتی: "داوادەکەین رۆڵێکی گەورە بدرێتە پۆلیسی ناوچەکە لە پاراستنی شارە رزگارکراوەکاندا، چونکە دەتوانن خاك و خەڵکی خۆیان بپارێزن."