چالاکوانێکی ناوخۆ وتی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپییەکان) هۆشداریانداوە دەربارەی روودانی کارەساتێکی مرۆیی لە باکوری سوریا لە میانهی زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکان و هاتنە ئارای شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی مەدەنییەکاندا.
گروپەکە ئاماژەدەکات بۆ زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکان و هێرشە ئاسمانییەکانی رژێمی سوریا و روسیا لە پارێزگای ئدیلیب، کە زۆربەی زۆری لە لایەن تەحریر شامەوە کۆنتڕۆڵکراوە.
چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی وتی ئەمە بۆته هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی ئاوارەدەبن لەو بەشانەی لەژێر هێرشی ئاسمانیدان.
بە دیارونای وت زۆربەی ئاوارەکان بەرەو ناوچەکانی لێواری مۆڵگەکەی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و ئەو ناوچانەی سەر سنووری تورکیا دەڕۆن کە کەمێک پارێزراوترن.
ئیدلیبی وتی کڵاوسپییەکان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە كه تێیدا هۆشداریدەدەن دەربارەی روودانی کارەساتێکی مرۆیی لە ئاکامی بۆردومانکردنی خەستی چەند ناوچەیەکی ئیدلیب بەتایبەتی شاری مەعرەت نوعمان و شارۆچکەکانی دەوروبەری.
بەگوێرەی گروپەکە، نزیکەی 100,000 کەس لە ناوچەکە ماونەتەوە، بەتەنها لە چەند رۆژی رابردوودا لە هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا و سوریادا دەیانیان لێ کوژراون یان بریندار بوون، کە ناوەندە مەدەنی و تەندروستییەکان و بازاڕ و ماڵەکان دەکەنە ئامانج.
هەزاران ناوچەکە بەجێدەهێڵن
کڵاوسپییەکان رایانگەیاند کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا، هەزاران کەس ئەو ناوچانەیان بەجێهێشتووە کە دەکرێنە ئامانجی هێرشی تووند و بەرەو ناوچەکانی سەر سنوور هەڵاتوون، کە تاڕادەیەک بۆ مەدەنییەکان ئەمینترن.
ئیدلیبی وتی چالاکوانانی ناوچەی ئیدیلیب راپرسییەکیان دەربارەی کاریگەریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نێوان 15 و 18 کانونی یەکەم ئهنجامدا و بۆیاندەرکەوت 30 ناوچە لەو ماوەیدا کراونەتە ئامانجی تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکان.
وتی: "لهنێو ئهوانهدا 110 هێرشی ئاسمانیی رژێمی سوریا و 79 هێرشی ئاسمانیی روسیا، لەگەڵ زیاتر لە 200 هێرش به تۆپ و موشەك."
وتیشی ئەم شەپۆلی تووندوتیژییە بۆته هۆی کوشتنی 37 کەس، کە 11 منداڵ و 10 ژنیان لەنێودایە و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە چەندین ژن و منداڵیش لەنێو 76 بریندارەکەدا هەبوون.
ئیدلیبی وتی بارودۆخەکە لە ناوەوه و دەوروبەری شاری مەعرەت نوعمان "کارەساتبارە"، لەکاتێکدا شەقامەکان خاڵین لە هەر مەدەنییەک و ئەو کەسانەشی لە ناوچەکە ماونەتەوە، ئەوانەن کە ناتوانن بڕۆنە ناوچەیەکی پارێزراوتر.
وتی زۆربەی ئەوانەشی دەیانەوێت هەڵبێن دەترسن، چونکە ئەو بارهەڵگرانەی خەڵکی مەدەنییان هەڵگرتووە راستەوخۆ دەکرێنە ئامانج و سێ رووداوی لەمجۆرە لە چەند رۆژی رابردوودا تۆمارکراون.
پێکدادان لەگەڵ تەحریر شام
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەینی (20 کانوونی یەکەم) رایگەیاند كه هاوکات، شەڕ و پێکدادانی نێوان رژێمی سوریا و گروپە چەکداران بۆته هۆی کوشتنی زیاتر لە 60 چەکدار لە هەردوولا لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، سەرباری داواکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، روانەگەکە رایگەیاند کە 38 تووندڕەو و چەکدارانی لایەنگرانیان لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی رژێمدا لە ئیدلیب لە شەوی پێنجشەمەوە کوژران.
راشیگەیاند كه لە شەڕەکەی نزیك مەعرەت نوعمانیشدا 23 چەکداری لایەنگری رژێم کوژران.
بەگوێرەی روانگەکە، فڕۆکەکانی روسیا ناوچەکانی دەوروبەری مەعرەت نوعمان و شارۆچکەی سەراقیبیان لهو نزیكانه بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆردومانکرد.
بەرزبوونەوەی بارگرژییهكان بوونه هۆی هێنانەئارای شەپۆلێکی نوێ ئاواره لە ناوچەکانی دەوروبەرهوه.
یاسر ئیبراهیم دەندال وتی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەڵاتوون بۆ باخەکانی زەیتون لە باکوری ئیدلیب، کە هەر لەوێیش دەخەون.
وتی: "سەدان موشەک مەعرەت نوعمانیان کردە ئامانج. بارودۆخەکە زۆر خراپە."
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم هەفەیە سەرکۆنەی بەرزبوونەوەی کوشندەی تووندوتیژییەکانی لە ناوچەکە کرد و راوێژکاری باڵای مرۆیی بۆ وەفدی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، نەجات روشدی، داوایكرد "بارودۆخهكه دەستبەجێ هێوربكرێتهوه".