هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

هێرشە ئاسمانییەکان 8 کەس دەکوژن لە ئیدلیبی سوریا، تورکیا و فەرەنساش داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکە دەکەن

ئاژانسی فرانس پرێس

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپییەکان) یەکێک لە قوربانییەکانی هێرشێکی ئاسمانیی روسیا دەگوێزنەوە، کە لە 2 تشرینی دووەم گوندی جەبالەی باشوری ناوچەی ئیدلیبی کردە ئامانج.

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپییەکان) یەکێک لە قوربانییەکانی هێرشێکی ئاسمانیی روسیا دەگوێزنەوە، کە لە 2 تشرینی دووەم گوندی جەبالەی باشوری ناوچەی ئیدلیبی کردە ئامانج.

سێشەممە (24 کانونی یەکەم) هەشت کەس کوژران کە پێنجیان منداڵن، لە هێرشێکی ئاسمانیی روسیادا لە باکوری خۆرئاوای سوریا، لە کاتێکدا فەرەنسا و تورکیا داوای کۆتاییپێهێنانی تووندوتیژییەکان دەکەن کە بوونەته‌ هۆی ئاوارەکردنی دەیان هەزار کەس.

بۆردومانە چڕەکانی رژێم و روسیا پارێزگای ئیدلیبی ژێردەسەڵاتی تووندڕەوەکانیان لە ناوەڕاستی کانونی یەکەمەوە کردۆتە ئامانج، لەکاتێکدا هێزەکانی رژێم پێشڕەویی زەمینی دەکەن سەرباری ئاگربەستەکەی ئاب و داواکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.

بەگوێرەی رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی 80 مەدەنی لە هەمان ماوەدا لە هێرشە ئاسمانییەکان یان لە تۆپباراندا کوژراون. رێکخراوەکە بە خەمڵێنراوی رایدەگەیێنێت کە زیاتر لە 40,000 کەس لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا ئاوارەبوون.

تورکیا سێشەممە، دوای ناردنی وەفدێک بۆ مۆسکۆ بۆ تاووتوێکردنی ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە، رایگەیاند: "ئەم هێرشانە دەبێت دەستبەجێ کۆتاییان پێبێت."

سەکردەی تەحریر شام، ئەبو محەمەد جولانی نوێترین وتاری خۆی پێشکەشدەکات لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە 24 کانونی یەکەم بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا روسیا و ئێران تۆمەتباردەکات بە ویستی داگیرکردنی سوریا.

سەکردەی تەحریر شام، ئەبو محەمەد جولانی نوێترین وتاری خۆی پێشکەشدەکات لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە 24 کانونی یەکەم بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا روسیا و ئێران تۆمەتباردەکات بە ویستی داگیرکردنی سوریا.

تورکیا سێشەممە رایگەیاند کە لەگەڵ روسیادا گفتوگۆی کردووە بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی رێککەوتننامەکەی ئاب.

وتەبێژێكی سەرۆکایەتی، ئیبراهیم کالین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی تەلەڤزیۆنیدا وتی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان، ئەم هێرشانەش پێویستە دەستبەجێ کۆتاییان پێبێت و لەژێر رۆشنایی ئاگربەستێکی نوێدا جێبەجێ بکرێت. ئەمە چاوەڕوانیی سەرەکیی ئێمەیە لە روسیا."

وه‌زاره‌تو دەرەوەی فەرەنسا داوایكرد "دەستبەجێ بارودۆخەکه‌ هێوربكرێته‌وه‌".

لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێرشە سەربازییەکەی رژێمی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی قەیرانە مرۆییەکان خراپتر دەکەن."

رێکخراوی روانگە رایگەیاند كه‌ هێرشەکانی سێشەممە گوندی جوباسی نزیک شارۆچکەی سەراقیبیان لە باشوری ئیدلیب کردە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی کوشتنی ئەو مەدەنیانەی لە نێو خوێندنگەیەك و شوێنەکانی دەوروبەریدا خۆیان پەنادابوو.

پەیامنێرێکی ئامادەبووی رووداوەکە وتی شوێنی هێرشەکە پڕبوو لە خێوەتی وێرانكراو و دوکەڵیش له‌ داروپه‌ردووه‌كان به‌رزده‌بووه‌وه‌.

وەستاو لە نێو پاشماوەی هێرشەکەدا، حەسەن -- کە لە كه‌مپه‌ نافه‌رمییه‌كه‌ دەژی -- وتی هەوڵی دا ئەوێ بەجێبهێڵێت کاتێك هێرشەکە روویدا.

وتی: "لەکاتێکدا خەریکی شتخستنەناو ئۆتۆمبێلەکە بووین، هێرشە ئاسمانییەکە ئێمەی کردە ئامانج."

هێرشی زەمینی

ئاژانسی منداڵپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، یونیسێف، سێشەممە سەرکۆنەی تووندوتیژییەکەی سەر دواهەمەین ناوچەی گەورەی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆسیۆنی کرد.

ئاژانسەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "منداڵان دووچاری خراپترین جۆری تووندوتیژی دەبنەوە لە باکوری خۆرئاوای سوریا."

له‌ پێنجشەممەوه‌ (19 کانونی یەکەم) هێزەکانی رژێم کۆنترۆڵی دەیان شارۆچکە و گوندی باشوری ئیدلیبیان کردووە دوای شەڕکردنیان لەگەڵ تووندڕەوەکاندا.

بەگوێرەی رێکخراوەکە، شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی کوشتنی 260 چەکدار لە هەردوولا.

سەرۆکی رێکرخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی هێزەکانی رژێم ئێستا کەمتر لە چوار کیلۆمەتر دوورن لە شارە ستراتیژییەکەی مەعرەت نوعمانه‌وه‌.

لە بەیاننامەیەکی سیشەممەدا، سوپای سوریا رایگەیاند کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا دەستیگرتووە بەسەر 320 کیلۆمەتر دووجای رکابەرەکانیدا.

لە ترسی پێشڕەویکردنی زیاتری رژێم لە باشورەوە، هەزاران دانیشتووی مەعرەت نوعمان بەرەو باکور و سنووری تورکیا هەڵهاتوون.

لەکاتێکدا سەری لەو پیکابەوە دەرهێنابوو کە خۆی و خێزانەکەیان بەرەو کەمپێکی ئاوارەکان دەگواستەوە، ئەبو ئەحمەد وتی: "پێشبینی ئەوەم نەدەکرد دەبێت ئێرە بەجێبهێڵین."

ئەبو حەسەن، كه‌ باوکی 10 منداڵه‌، وتی: "ئەمە زێدی منە، ئەمە ئەو شوێنەیە کە لێی گەورەبووم."

هاوکاری بۆ رزگارکردنی ژیان

زۆربەی زۆری ئیدلیب لەلایەن هاوپەیمانی تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراوە، کە پێشتر سەر بە رێکخراوی قاعیدەی وڵاتەکە بوو.

سەرکردەی تەحریر شام، ئەبو محەمەد جولانی لە بەیاننامەیەکدا سێشەممە وتی شەڕ لە سوریا ئێستا چیتر دژی رژێم نییە، بەڵکو دژی پشتیوانانێتی، روسیا و ئێران، کە هەوڵدەدەن وڵاتەکە داگیربکەن.

ئیدلیب شوێنی سێ ملیۆن کەسە، بەو ئاوارانه‌شه‌وه‌ کە بەهۆی تووندوتیژیی چەندین ساڵەی سوریاوە لە بەشەکانی دیکەوە ئاوارەبوون.

دواهەمین رووداوی تووندوتیژی دوای ئەوە هات کە روسیا و چین هەینی دەنگیان لە دژی پڕۆژەبڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دا کە ناردنی هاوکارییەکانی لەڕێی سنوورەوە بۆ ماوەی یەک ساڵی تر درێژده‌كرده‌وه‌ بۆ چوار ملیۆن سوری، کە زۆربەیان لە ئیدلیبن.

ئەم بڕیارە ترسی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە ئەو هاوکارییەی نەتەوە یەکگرتووەکان دابینیدەکات رەنگە لە کانونی دووەمەوە رابگیرێت لە چوونە ناوەوە بۆ بەشەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا، مەگەر بگەنە رێکەوتنێکی تر.

فەرەنسا سێشەممە داوای لە دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، بە دیاریکراوی روسیا و چین، بۆ نوێکردنەوەی پڕۆژەبڕیارەکە.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا وتی: "ئێستا لە هەر کاتێک گرنگترە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆئەوەی بەردەوامی بدات بە دەستپێڕاگەیشتنی راستەوخۆ و کاریگەر بەو کەسانەی پێویستیان بە یارمەتییە لەڕێی بەردەوامیدانه‌وه‌ بە یارمەتییەكان له‌ڕێی سنووره‌كانه‌وه‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500