پیاوی باڵای ئایینی کەنیسەی کاتۆلیکی کلدانی سێشەممە (3 کانونی یەکەم) وتی کۆمەڵگەکەیان ئاهەنگی جەماوەریی کریسمس ناکات وەك رێزێك بۆ ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەدا کوژراون و برینداربوون.
خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان کە لە پایتەخت و باشور بەردەوامن نزیکەی 430 کوژراو و 20,000 برینداریان لێکەوتۆتەوە.
خۆپیشاندانەکان زیاتر لە ناوچەكانی زۆرینە شیعەن، بەڵام سێشەممە بڕێکی گەورەی کۆمەڵگەی مەسیحی له عێراق وتیان بەشداریدەکەن وەك کارێکی هاوسۆزانە.
پیاوی باڵای ئایینی کۆمەڵگەی کاتۆلیکی کلدانی پەتریارك لویس رافایل ساکۆ وتی: "هیچ دارێکی رازاوەی کریسمس لە کەنیسە و شەقامەکان دانانرێت، هیچ ئاهەنگێك و پێشوازییەك لە نشینگەی پەتریارك رێکناخرێت."
ساکۆ ئەو بڕیارهی دا وەك "رێزێك بۆ مردوان و ئەوانەی برینداربوون لەنێو خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکاندا و هاوسۆزییەكیش بۆ ئازاری خێزانەکانیان".
لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان دەچنە مانگی سێیەمەوە، کۆمەڵگەکانی دیکەش کە شیعە نین لە عێراق هاوسۆزیی خۆیان دەردەبڕن.
موسڵی زۆرینە سوننە رێپێوانی پرسەی رێکخست بۆ ئەوانەی لە باشور برینداربوون و پارێزگای سەلاحەدینیش سێ رۆژ پرسەی بۆ کوژراوان راگەیاند.
سەدان خوێندکاریش لە کەرکوكی فرە ئێتنی رێپێوانیان کرد.
نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری دەدات له تووندوتیژی
نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتوەکان سێشەممە هۆشداریی دا لەوەی بەردەوامیدان بە تووندوتیژیی دژی مەدەنیەکان لە عێراق "تەحەمول نەکرێت" و داوای لە سەرکردەکانی عێراق کرد وەڵامی دەستبەجێیان هەبێت بۆ داواکارییهكانی خەڵکی عێراق بۆ گۆڕانکاری.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، جینین هێنیس-پلاسخارت لە ڤیدیۆیەکی ئامادەکراودا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: "سەرکردە سیاسییەکان کاتی ئەوەیان نییە وەڵامدەرەوەی خواستە هەنوکەییەکان بن."
نوێنەرەکە ئاماژەیکرد بەوەی زیاد لە 400 کەس کوژراون و زیاد لە 19,000 كهسیش برینداربوون لە دوو مانگ له نائارامیدا لە عێراق.
هەفتەی رابردوو، سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکار کێشایەوە دوای شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان و سەرکردەکانی عێراقیش سێشەممە کۆبوونەوەیان کرد بۆ دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ دەرچوون لە قەیرانهكه.
هێنیس-پلاسخارت هۆشداریی دا لەوەی هەوڵەکان بۆ بردنهوهی کات "بە چارەسەری پینەوپەڕۆ... تەنیا زیاتر توڕەیی و بێمتمانەیی جەماوەر فراوان دەکات".
هێنیس-پلاسخارت وتی: "زۆرینەی هەرە زۆری خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشکرا ئاشتیخوازن. هەر جۆرە شێوازێکی تووندوتیژی پهسهندناكرێت و نابێت خواستی رەوای چاکسازی پشتگوێ بخرێت."
ئهی بۆ نا؟ ئایا ئێمه به خوێن و حهماسهت و مرۆڤایهتی عێراقی نیین؟! سوپاس!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت