https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/12/02/feature-02

×
×
خۆپیشاندان |

لایەنە عێراقیەکان گفتوگۆ لەسەر سەرەکوەزیرانێکی نوێ دەکەن لەکاتێکدا دژایه‌تی ئێران په‌ره‌ده‌سێنێت

فارس عومران و ئاژانسی فرانس پرێس

image

خۆپیشاندەرانی عێراق ئاماژە بەدەست دەکەن لەکاتێکدا ئاگر بەربۆتە کونسوڵخانەی ئێران لە شاری پیرۆزی نەجەفی عێراق لە 27 تشرینی دووەم. [حەیدەر حەمدانی/ئاژانسی فرانس پرێس]

لایەنە رکابەرەکانی عێراق دووشەممە (2 کانونی یەکەم) دانوستانیان دەکرد دەربارەی پەیکەری حکومەتێکی نوێ، دوای ئەوەی کابینەی پیشوو لەکارخرا له‌لایه‌ن بزووتنەوەیەکی خۆپیشاندانی دوو مانگەوه‌ کە داوای گۆڕانکاریی ریشەیی دەکەن.

دوای نزیکەی تەنیا ساڵێك لە دەسەڵات، سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدی هەفتەی رابردوو وازیهێنا دوای دەستێوەردانێکی کاریگەری پیاوی ئایینیی باڵای شیعە، ئایەتوڵا عەلی سیستانی.

ئەمە دوای شەپۆلێك لە تووندوتیژی هات کە ژمارەی قوربانیانی گەیاندە زیاد لە 420 کوژراو -- زۆربەی زۆریان خۆپیشاندەر بوون.

پەرلەمان بەشێوەیەکی فەرمی یەکشەممە داوای لە سەرۆك بەرهەم ساڵح کرد کاندیدێکی نوێ دیاریبکات، وەك لە دەستوردا دیاریکراوە.

image

خۆپیشاندەرانی عێراق ئاگر بەردەدەنە کونسوڵخانەی ئێران لە شاری پیرۆزی نەجەف له‌ باشوری عێراق لە 27 تشرینی دووەم. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

بەڵام لایەنە رکابەرەکان له‌ عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو گفتوگۆی درێژمەودا و مامەڵەی درێژ دەکەن پێش هەر بڕیارێکی فەرمی.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی و بەرپرسێکی حکومی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت گفتوگۆکان لەسەر دیاریکردنی سەرەکوەزیرانێکی نوێ دەستیانپێکرد تەنانەت پێش دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدیش.

سەرچاوە سیاسییەکە وتی: "لەئێستادا کۆبوونەوەکان بەردەوامن."

هه‌ردووك بەرپرسە حکومی و سەرچاوە ساسییەکە وتیان لایەنەکان تاوتوێی کابینەیەکی "قۆناغی گواستنەوە" ده‌كه‌ن کە چاودێریی چاکسازیكردن له‌ یاسای هەڵبژاردندا بکات پێش هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پێشوەختە.

بەرپرسەکە وتی: "ئەم پرۆسەیە شەش مانگ کەمتری پێناچێت، تا ئامادەکاری بکرێت بۆ هەڵبژاردنە نوێکان له‌لایه‌ن کۆمسیۆنێکی نوێی هەڵبژاردنه‌وه‌."

هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران

هاوکات، خۆپیشاندەران به‌رده‌وامن له‌ خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی باشور، لەنێویاندا دیوانیە، حللە، کوت و شاری پیرۆزی نەجەف.

ئەمەی دواییان چەند پێکدادانێکی به‌خۆوه‌ بینی تا درەنگانێکی شەوی یەکشەممە لەنێوان خۆپیشاندەران و ئه‌و چەکدارانه‌دا کە مەزاری پیرۆزی پیاوێکی ئایینیی شیعەیان دەپاراست.

لەدوایین دەربڕینی توڕەییاندا، شەوی چوارشەممە (27 تشرینی دووەم) خۆپیشاندەران لە دەوری کونسوڵخانەی ئێران گردبوونەوە -- کە دبلۆماتكارانی لێنەمابوون -- لە نەجەف.

بە هاواری "ئێران بۆ دەرەوە، ئێران بۆ دەرەوە"، ئاگریان بەردایە چەند تایەیەك پێشئەوەی وروژم ببه‌ن بۆ نێو کونسوڵخانەکە خۆی و بەشێکیان سوتاند و ئاڵای عێراقیان لەجیاتی ئێران لەسەری بەرزکردەوە.

خۆپیشاندەرێکی لاو لە نەجەف وتی: "دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراقدا زۆر له‌ عێراقیانی توڕەکردووە."

لاوه‌كه‌ هۆشداری دا: "ئاگرەکەی کونسوڵخانە پەیامێکی روونە بۆ ئێران تا بە رۆڵی خۆیدا بچێتەوە لە عێراق."

بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی، چەکدارانی خێڵەکی هاتنە ناوەوە و ئارامییەکی بارگاوی بە توڕەیی لە بەیانی دووشەممەدا لە ئارادابوو.

ئەوە دووەمین کونسوڵخانەی ئێرانی بوو کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشی کرایە سەر لەوکاتەوەی ئەو بزووتنەوە خۆرسەکە ده‌ستیپێكرد لە 1 تشرینی یەکەم لە توڕەییدا لە حکومەتێك کە بە گەندەڵ و ناکارا لەقەڵەمدرا.

بە دلێرییەکی بێوێنەوە، خۆپیشاندەران لە بەغدا و له‌ تەواوی باشوردا ئێران تۆمەتبارده‌كه‌ن بە دەستێوەردانی زیاد لە سنوور.

دەڵێن ئێران زۆر دەستوەردەداتە سیاسەتی عێراقه‌وه‌ و دەسەڵاتی زۆری هەیە بەسەر لایەنە چەکدارەکاندا و تەنانەت کارگەکانی عێراقی لەکارخستووە بە شەپۆلی شمەکەکانی خۆی بۆ نێو بازاڕەکان.

خۆپیشاندەران پێڵاوەکانیان دەکێشن بە وێنەکانی لیوا قاسم سوله‌یمانیدا، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) کە پیاوی دیاریکراوی تارانە بۆ کاروباری عێراق.

سەرچاوەکان دەڵێن سوله‌یمانی، رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە قایلکردنی لایەنە عێراقیەکان به‌ هێشتنەوەی سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدیی گۆشەگیرکراو، کە بووە هۆی زیاتر خۆشکردنی ئاگری خۆپیشاندانەکان.

توڕەیی زۆر لە عێراق

پسپۆڕی ستراتیژی، عەلا نەشوع بە دیارونای وت پەرەسەندنی هەستی دژ به‌ ئێران "رەنگدانەوەیەکی روون و جددیی توڕەیی پەرەسەندووی عێراقیەکانە لە کاریگەریی ئێران".

وتی دەبێت لۆمەی رژێمی ئێران بکرێت لە سوتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف، "به‌هۆی سیاسەتی دوژمنكارانه‌یه‌وه‌ به‌رامبه‌ر خەڵکی عێراق و پشتیوانیكردنی بەردەوامی میلیشیا تیرۆریستیەکان کە بوونەتە هۆی ئەم توڕەییە".

وتیشی خەڵکی نەجەف و کەربەلا "زۆر تووڕەن له‌ رژێمی ئێران بەهۆی کارنامە شەڕانگێزەکەیەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دوو شارە پیرۆزەدا، کە نوێنەرایەتی ناوه‌ندی ئایینی دەکەن بۆ هەموو شیعەکان".

هه‌روه‌ها وتی دانیشتوانی عێراق لەم دوو شارە وەك نامۆیان لێهاتووە، چونکە پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران پێکەوە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی نفوز و زاڵێتییان بەسەر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئایینیدا.

وتی ناڕه‌زایی عێراقیەکان بەرامبەر رژێمی ئێران لە دەستێوەردانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ سەرچاوەی گرتووە لە کاروباری وڵاتەکەیاندا لەگەڵ هەوڵدانی بۆ سەپاندنی مەزهەبی ویلایەتی فەقیهـ (فەرمانڕەوایی ئاخوندان) کە داوای دڵسۆزی دەکات بۆ رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی.

وتیشی ئێران هەوڵدەدات "شوناسی [عێراقی] بسڕێتەوە لەگەڵ هەموو رەگوڕیشە کلتوری و مێژووییەکەی و عێراق بکاتەوە بە مەیدانی ئێران تا دەست بەسەر سەرچاوەکانیدا بگرێت".

نەشوع وتی: "لەمڕۆدا خەڵکی عێراق راستەوخۆ رووبەڕووی رژێمی ئێران دەبنەوە، چونکە هەوڵدەدەن بەرگری لە نیشتمانەکەیان بکەن دژی خواسته‌كانی ئێران و سەرچاوە تاڵانکراوەکانیان بگەڕێننەوە و لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بژین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha