راپۆرتەکانی دووشەممە (18 تشرینی دووەم) دەربارەی چەردەیەك لە بەڵگەنامەی دزەپێکراوی هەواڵگریی ئێران باس لە گەورەیی کاریگەری ئێران دەکەن لە عێراق کە خۆپیشاندەرانیش تاران تۆمەتباردەکەن بە دەستێوەردان و پێلێڕاکێشان.
نیو یۆرك تایمز و ئینتەرسێپت رایانگەیاند كه سەدان بەڵگەنامەی وەزارەتی ئیتلاعات و ئاسایشی ئێران وێنەیەكی روونی نفوزی ئێران دەکێشن لە عێراق و ئەو شێوازانە نیشاندەدەن کە هاتۆتە نێو هەواڵگریی سەربازیی عێراقەوە.
راپۆرتەکان وەك پشتڕاستکردنەوەی ئەو تووڕەییە بوون کە خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەکانی باشور هەیانە دژی حکومەتی ئێستا و پشتیوانانی لە ئێران.
خۆپیشاندەرێك وتی: "ئێران دەستوەردەداتە وڵاتەکەمان. بەڵام ئێمەی گەل بڕیاردەرین."
![لایەنگرانی عێراقیی هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانێتیەك کە لە چەند گروپێکی میلیشیای ههواداری ئێران پێکهاتووە، گوێ لە وتارێکی هادی عامری (له وێنەکەدا) دەگرن، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، كه لهلایهن ئێرانهوه پشتگیری دهكرێت و سەرکردەی هاوپەیمانێتی فەتحیشه، لەکاتی هەڵمەتێکی گردبوونەوەدا لە بەغدا لە 7 ئایار 2018، پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]](/cnmi_di/images/2019/11/18/20961-Iraq-Fateh-Alliance-600_384.jpg)
لایەنگرانی عێراقیی هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانێتیەك کە لە چەند گروپێکی میلیشیای ههواداری ئێران پێکهاتووە، گوێ لە وتارێکی هادی عامری (له وێنەکەدا) دەگرن، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، كه لهلایهن ئێرانهوه پشتگیری دهكرێت و سەرکردەی هاوپەیمانێتی فەتحیشه، لەکاتی هەڵمەتێکی گردبوونەوەدا لە بەغدا لە 7 ئایار 2018، پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]
ئەو خۆپیشاندەرە، کە ژنێکی عێراقی بوو، ئاماژەیکرد بەوەی لە هەینییەوە ئێران شەپۆلێك خۆپیشاندان لەنێوخۆیدا رووی تێکردووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی بەنزینەوە.
وتی: "پریشكهی ئاگرهكه لە عێراقەوە دەستیپێکرد و گەیشتە ئێران."
راپۆرتەکان وردەکاریی دەستێوەردان دهخهنهڕوو
نیو یۆرك تایمز و ئینتەرسێپت رایانگەیاند كه نزیکەی 700 لاپەڕە لە راپۆرتی نوسراویان پشتڕاستکردۆتەوە کە زیاتر لەنێوان 2014 بۆ 2015 نوسراون، لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە بەدەستیان گەیشتووە.
سەرچاوەکە وتبووی كه دهیهوێت "دنیا بزانێت ئێران لە وڵاتەکەم، عێراق، چی دەکات".
بڵاوکراوە رۆژنامەوانیەکان رایانگەیاند كه بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان "وێنەیەکی وردودرشتی ئەوە دەکێشن کە تاران چەند تووندوتیژانە کاریکردووە تا خۆی لە کاروباری عێراقەوە وەربدات، لەگەڵ رۆڵی تایبەتی ژەنەراڵ (قاسم) سولهیمانی".
سولهیمانی، کە سەرکردەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە (قودس)، پیاوی دەستنیشانکراوی تارانە لە عێراق و زۆرجار لەکاتی پشێویی سیاسیدا سەردان دەکات.
'دەوڵەتی بهكرێگیراو'ی خواستی ئێران
ئێران و عێراق جەنگێکی وێرانکەریان ئەنجامدا لە 1980 بۆ 1988، کە ئەوکاته دوژمنی سەرسەخت بوون لەسەردەمی دیکتاتۆر سەدام حسێندا.
زۆر لە دژەکانی رژێمی سەدام پەنایان بردبووە بەر ئێران بەڵام دوای دەرکردنی لە 2003 گەڕانەوە نێو ژیانی سیاسی لە بەغدا.
هەربۆیە ئێران پەیوەندیی نزیکی هەبووە لهگهڵ ئهم نەوە نوێیەی سیاسییەکانی عێراق و یارمەتی راهێنانکردن بە لایەنە سەربازییەکانی داوە لەنێویاندا تۆڕی میلیشیای هێزەکانی حەشدی شەعبی (حەشد).
هەروەها هاوبەشێکی سەرەکیی بازرگانییە، کە کارەبا و گازی سروشتی دەفرۆشێت بۆ دابینکردنی سەرچاوە بۆ کەرتی داڕزاوی کارەبای عێراق لەگەڵ چەندین شمەك لە میوەوە تا فەرش و ئۆتۆمبیل.
نیو یۆرك تایمز و ئینتەرسێپت رایانگهیاند كه ئێران چەندین ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی بەرفراوانی بەکارهێناوە بۆ هێشتنەوەی ئەو نفوزە زۆرە.
ئامانجە سەرەکیەکانی ئەوە بوون "عێراق نەڕوخێت و رێگری بکرێت لە دەرکەوتنی کوردستانێكی سەربەخۆ، لەگەڵ چەند ئامانجێکی ستراتیژیی دیکە".
راپۆرتەکەی نیو یۆرك تایمز رایگهیاند كه "تەرکیزێکی زیاتر لەسەر هێشتنەوەی عێراق بووە وەك دەوڵەتێکی بهكرێگیراوی ئێران و دڵنیابوون لەوەی لایەنە سیاسییەکانی دڵسۆزی ئێران لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە".