حکومەتی عێراق هەینی (9 تشرینی یەکەم) گەیشتە رێکەوتنێك لەگەڵ هەرێمه ئۆتۆنۆمهكهی کوردستان دەربارەی دۆخی قەزای شەنگال له خۆرئاوای نەینەوا.
رێکەوتنە مێژووییەکە تێگەیشتنی دوولایهنه لهخۆدهگرێت دەربارەی ئهمنییهت، کارگێڕیی مەدەنی، بنیاتنانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان.
بەڕێوبەرێتیەکی هاوبەش پێکدێت لە شەنگال لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانەوە، هێزە فیدراڵەکانیش سەرپەرشتی هاریکاریی ئەمنی لەگەڵ هێزە کوردییەکان دەکەن.
بەگوێرەی رێکەوتنەكه، هەموو گروپە چەکدارەکان لەم ناوچەیە دەکشێنەوە، لەنێویاندا هێزەکانی حەشدی شەعبی.
![ناکۆکیە کارگێڕییەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ بوونی میلیشیاکانی سەربە ئێران، بوونەتە بەربەست لەبەردەم دەرفەتەکانی بنیاتنانەوەی قەزای شەنگال دوای رزگارکردنی لە داعش. [خاوەنی وێنە: سنجارمەدینەتی]](/cnmi_di/images/2020/10/13/26506-Iraq-Ninawa-Sinjar-600_384.jpg)
ناکۆکیە کارگێڕییەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ بوونی میلیشیاکانی سەربە ئێران، بوونەتە بەربەست لەبەردەم دەرفەتەکانی بنیاتنانەوەی قەزای شەنگال دوای رزگارکردنی لە داعش. [خاوەنی وێنە: سنجارمەدینەتی]
لەوکاتەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە کۆتایی 2014 لە قەزاکە دەرکران، شەنگال تووشی ناکۆکی بووه لەسەر رێوشوێنه ئەمنییهكان و خزمەتگوزاری گشتی و نەبوونی کارگێڕیەکی یەکگرتوو.
ئەمە رێگربووە لە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ قەزاکە و بەربەست بووە لەبەردەم هەوڵەکاندا بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانه ئاوارەکەی.
خاڵی وەرچەرخان لەگەڵ هەرێمی کوردستان
سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لە بەیاننامەیەکدا لە 10 تشرینی یەکەم وتی حکومەت، بە هەماهەنگی لهگهڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان "رۆڵی ریشەیی خۆی جێبەجێدەکات لە دروست جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە و دڵنیاییدان لە سەرکەوتنی، بە هاریکاریی خەڵکی شەنگال".
وتی دواکەوتن لە گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شەنگال لەسەر حسابی خەڵکی ناوچەکە بووە، "کە پێشتر بەدەست باندەکانی داعشەوە ناڵاندوویانە و ئێستا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە".
کازمی جەختیکردەوە لە رەتکردنەوەی حكومهت بۆ بوونی گروپە چەکدارەکان لە قەزاکە.
وتی رێکەوتنەکە "گەڕانەوەی ئاوارەکان خێراتر و ئاسانتر دەکات و دەستپێکی چارەسەرێکە بۆ کێشەکانی ههموو ئهو ناوچانەی عێراق كه هەمەڕەنگیی ئێتنی و ئایینییان تێدایه.
نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، جانین هێنیس-پلاسخارت لە 9 تشرینی یەکەم وتی رێکەوتنەکە دهبێته دهستپێكی "قۆناغێکی نوێ لە شەنگال، کە تێیدا بەرژەوەندیەکانی خەڵکی شەنگال له پێشهوه دێن" و "یارمەتی خەڵکە ئاوارەکە دەدات بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بنیاتنانەوە خێراتر دەکات و دابینكردنی خزمەتگوزاریه گشتییهكان باشتر دەکات".
رۆژنامەوانی عێراقی و شیکاروانی سیاسی، زیاد سنجاری بە دیارونای وت رێکەوتنەکە رەنگدانەوەی "نزیکبوونەوەیەکی سەرنجڕاکێشە لەنێوان حکومەتی [فیدراڵ] و هەرێمی کوردستاندا".
وتی ئەو رێکەوتنە ئەنجامدرا دوای چەند مانگێك لە گفتوگۆی دووقۆڵی و ئاماژەیکرد بەوەی رێکەوتنەکە بەشێكە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ گەیشتن بە خاڵی وەرچەرخان دەربارەی چارەسەری کێشە ههڵپهسێردراوهكان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
وتی ناکۆکیەکان زیاتر دەربارەی بەڕێوەبردنی ئهو قەزایانهی کارگێڕیی هاوبەشیان ههیه، لەنێویاندا شەنگال.
سنجاری وتی: "گەر جێبەجێبکرێت، رێکەوتنەکە بەشداردەبێت لە دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانی بنیاتنانەوەدا لە قەزاکە و کۆتاییهێنان بە چەرمەسەریی خەڵكە ئاوارەکە."
وتیشی هەزاران ئاوارە، زیاتر ئێزیدیەکان، هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەکاندان لە هەرێمی کوردستان.
میلیشیاکانی سەربە ئێران هەڕەشە لە رێکەوتنەکە دەکەن
سنجاری هۆشداری دا لەوەی دەکرێت حکومەت لەلایەن گروپەکانی سەربە ئێرانەوە هەڕەشەی لێبکرێت.
وتی سەرکردەکانی میلیشیاکان لەئێستاوە ناڕهزایی خۆیان له رێکەوتنەکە دەربڕیوە لەبەرئەوەی باس لەوە دەکات دەبێت گروپە چەکدارەکان لە شەنگال نەمێنن.
سەرکردەی عەسائیب ئەهل حەق قەیس خەزعەلی وتی رێکەوتنەکە "موجامهلهیهكی سیاسییە".
سنجاری وتی: "رەنگە سەخت بێت وێنای ئەوە بکرێت ئێران و هاوسۆزەکانی بێ کاردانەوە بن گەر ناچاربکرێن قەزاکە جێبهێڵن، کە دەکەوێته سەر رێگەی گواستنەوەی چەکداران و چەکە ئێرانیەکان بۆ سوریا لەڕێی عێراقەوە."
وتی میلیشیاکانی سەربە ئێران، کە دەستیان هەبووە لە کردەی ئاوارەکردن و تووندوتیژیدا دژی مەدەنیەکانی سهر به خێڵە عەرەبیەکان لە شەنگال، "لەمڕۆدا نفوزێکی بەهێزیان هەیە لە قەزاکە و بەدڵنیاییەوە بەئاسانی دەستبەرداری نابن".