هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ئەمریکا هەڵدەکوتێتە سەر تۆڕێکی پشتیوانی دارایی داعش لە سوریا و ناوچەکە

خالید تائی

بازرگانێك سەفتەیەك لیرەی سوری رێکدەخات لە بازاڕێکی شاری قامیشلۆی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا لە 10 ئەیلول. وەزارەتی دارایی ئەمریکا لە 18 تشرینی دووەم سزای سەپاند بەسەر هەندێك کەس و کۆمپانیادا کە لە سوریا، تورکیا، کەنداو و ئەوروپا کاردەکەن له‌سه‌ر دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ داعش. [دەلیل سولەیمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

بازرگانێك سەفتەیەك لیرەی سوری رێکدەخات لە بازاڕێکی شاری قامیشلۆی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا لە 10 ئەیلول. وەزارەتی دارایی ئەمریکا لە 18 تشرینی دووەم سزای سەپاند بەسەر هەندێك کەس و کۆمپانیادا کە لە سوریا، تورکیا، کەنداو و ئەوروپا کاردەکەن له‌سه‌ر دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ داعش. [دەلیل سولەیمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

وەزارەتی دارایی ئەمریکا لە 18 تشرینی دووەم سزای سەپاند بەسەر هەندێك کەس و کۆمپانیادا کە لە سوریا، تورکیا، کەنداو و ئەوروپا کاردەکەن له‌سه‌ر دابینکردنی پشتیوانی دارایی گرنگ و پاڵپشتی لۆجستی بۆ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

وەزیری دارایی ستیڤن مه‌نیوچن وتی: "دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی نایاب دژی [ئەبوبەکر] بەغدادی، ئیدارەی ترەمپ سوورە لەسەر بەتەواوی تێکشکاندنی پاشماوه‌ی تۆڕی شانه‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش."

وتی: "وەزارەتی دارایی بەشداریدەکات لەم هەوڵەدا بە چەند شێوازێك، لەنێویاندا کەمکردنەوەی توانای داعش بۆ راکێشان و چەکدارکردنی چەکداران لە جیهاندا و لێدان لە پێگە داراییه‌كه‌ی."

مامۆستای زانستی سیاسەت لە زانکۆی موستەنسریە، عیسام فەیلی، بە دیارونای وت تیرۆریزم جڵەوکراوە لەڕێی فشاری سەربازی و پچڕاندنی شەپۆلی پشتیوانی داراییه‌وه‌ بۆ توندڕەوان.

وتی رۆڵی وەزارەتی دارایی ئەمریکا لە پچڕاندنی سەرچاوەی دارایی گروپە تیرۆریستیەکان "زۆر گرنگ و پێویست بووە بۆ هەوڵە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە شەڕی دژی تیرۆریزمدا".

وتیشی سزا سەپێنراوەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە به‌سه‌ر تۆڕێكدا لەو کەسانەی پشتیوانیی داعشیان کردووە بوونەتە هۆی جڵەوکردنی چالاکیەکانی گروپەکە نەك تەنیا لە عێراق و سوریا، بەڵکو لە چەندین وڵاتی جیهاندا.

سزاکان لەمپەر دەخەنە بەردەم پشتیوانی دارایی تیرۆریزم

فەیلی وتی سزا راگەیەندراوە نوێکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەو کۆمپانیانەی پارە دەگوێزنەوە بۆ سوودگەیاندن بە چەکدارانی داعش.

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، لەنێویاندا کۆمپانیای تەواسول هەیە کە نوسینگەکەی لە حه‌یمه‌ له‌ سوریا و پێشتر لەلایەن ئاسانکارێکی دارایی داعشەوە بەکاردەهێنرا بۆ گواستنەوەی پارە بۆ گروپەکە لە ناوەندی 2018.

لە 2018، گومانده‌كرێت داعش تەواسولی بەکارهێنابێت، لەگەڵ ژمارەیەك کۆمپانیای دیکە لە سوریا و خۆرئاوای ئەوروپا بۆ گواستنەوەی پارە بۆ چەکدارانی داعش.

سزاکان کۆمپانیای گۆڕینەوەی دراوی سەهلولیش ده‌گرنه‌وه‌، کە لە کۆتایی 2016 ئاسانکاریی کردووە بۆ گواستنەوەی پارەی بەخشراوی بیانی بۆ بنکەکانی پێشتری داعش لە موسڵ، له‌ عێراق.

جیا لەوەش، سەهلول هەزاران دۆلاری گواستۆتەوە بۆ هەواڵگرەکانی داعش لە تورکیا لە 2016.

فەیلی وتی لیستی سزاکان چەند لایەنێکی پشتیوانی دارایی تیرۆریستیان تێدایە کە بەناوی رێکخراوی مرۆییەوە کاردەکەن.

وتی: "ئەمە رەنگدانەوەی کارێکی دانسقەی هەواڵگرییە کە بۆتە هۆی دەرخستنی ئەو لایەنانەی بەناوی کاری خێرخوازییەوە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی پارە بۆ تیرۆریستان دەکەن."

لەنێویاندا سەید حەبیب ئەحمەد خان هەیە، بەڕێوبەری رێکخراوی نەجات بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی لە كوێت، کە سزای بەسەردا سەپێنراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە.

نەجات وەك کۆمپانیایەکی رووكه‌ش بەکارهاتووە بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی پارە و پشتیوانیكردنی چالاکیەکانی داعشی خوراسان.

نەجات خێری کۆکردۆتەوە بە نوێنەرایەتی داعشی خوراسان لە خه‌ڵكی قەتەر، ئیمارات، عێراق و وڵاتانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دواتر پارەکە لە کەنداوەوە گوێزراوەتەوە بۆ ئاسیا -- لەڕێی سیستمی بانکیەوە -- کە له‌وێ هەماهەنگیکارێکی داعشی خوراسان پارە نێردراوه‌کانی کۆکردۆتەوە.

هاوبەشیی ئەمریکا و عێراق

فەیلی وتی: "سزاکان رێگردەبن لەوەی ئەم پشتیوانانەی [داعش] بچنە نێو سیستمی دارایی جیهانییەوە بە رێگرتن لە کۆمپانیا و بانکەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵیان."

وتی ئەم بەربەستانە "توانای تیرۆریستان ناهێڵن بۆ پارەکۆکردنەوە و بەکارهێنانی بۆ چەکدارکردنی خۆیان و راکێشانی چەکداری نوێ و ئەنجامدانی هێرشی وێرانکارانه‌".

فەیلی ستایشی هاوبەشیی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکای کرد و ئاماژەیکرد بەوەی "ئاشکراکردنی زۆرێك لە سەرچاوەکانی دارایی تیرۆریستان لە ئەنجامی ئەو هاوبەشیەوەیە، کە بەردەوامە لەڕێی هەماهەنگی هەواڵگرییەوە".

وتی: "بەهۆی پشتیوانی سەربازیی ئەمریکاوە، لەمڕۆدا عێراق بانکێکی زانیاری گرنگی پاشماوەکانی داعشی لەبەردەستدایە."

وتیشی هەر زانیارییەك لەڕێی تۆمار و بەڵگە دۆزراوەكانه‌وه‌ لە حەشارگەکانی داعشدا بەدەستهێنرابێت دابەشدەکرێت وەك بەشێك لەو هاوبەشییە و بەکاردەهێنرێت بۆ بەدواداچوون بۆ تۆڕی دارایی تیرۆریزم لە ناوخۆ و دەرەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500