سەرکردەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە ماوەیەکی زۆر بوو خۆی شاردبووهوه لە هێرشێکی بوێرانەدا شەوی یەکشەممە (27 تشرینی یەکەم) کوژرا لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە لە باکوری خۆرئاوای سوریا.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کاتێك لە تونێلێکدا چواردەوری گیرا، ئەبوبەکر بەغدادی هێلهگه بۆمبڕێژکراوەکەی خۆی تەقاندەوە.
ترەمپ وتی: "هێلهگهكهی خۆی تەقاندەوە و خۆی کوشت... مرد دوای ئەوەی رایكرد تا کۆتایی بنبهستی تونێلێك، لهكاتێكدا دەگریا و دەلاڵایەوە و بە راکردنەوە هاواری دەکرد." ههروهها وتی سێ منداڵەکەشی لە تەقینەوەکەدا کوژران.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا مارك ئێسپەر وتی تیمی هێرشبەری دەلتا فۆرس بە بینین و پشكنینی دی ئێن ئەی مەرگی بەغدادییان پشتڕاستکردەوە.
ترەمپ وتی هێرشەکە، کە هەشت کۆپتەر تێیدا بەشداربوون و لە بنکەیەکی نهێنییەوە فڕین، بە هاریکاری روسیا، سوریا، تورکیا و عێراق ئەنجامدرا.
سوپاسی کوردەکانی سوریای کرد "بەو پشتیوانیەی کە توانییان پێمان بدەن".
بەغدادی زنجیرەیەك کردەی سەربڕین، کۆمەڵکوژی، لاقەکردن، رفاندن و پاکتاوی نەژادیی بهجێهێشت لە ماوەی پێنج ساڵیدا وەك سەرکردەی داعش.
ئەم پیاوه کە تەمەنی 48 ساڵ بوو، خەڵکی عێراق بوو، بەدەگمەن دەبینرا.
دوای 2014، دیارنەما و دواتر لە نیساندا لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوتەوە کە تێیدا پشتیوانانی هاندا بۆ "تۆڵەسەندنەوە" دوای ئەوەی گروپەکەی لەسەر خاك تووشی شکست بوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 25 ملیۆن دۆلار خەڵاتی دانابوو بۆ زانیاری دەربارەی شوێنهكهی.
وتەبێژی داعش کوژرا
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) مەزڵوم عەبدی وتی لە هێرشێکی جیاوازدا، تەنیا چەند كاتژمێرێك دوای راگەیاندنی مەرگی بەغدادی، وتەبێژی داعش ئەبو حەسەن موهاجیر کوژرا.
وتی موهاجیر "دەسته راستی بەغدادی و وتەبێژی داعش بوو، لە گوندی عەین بادیە کرایە ئامانج نزیك بە جەرابلوس، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەماهەنگیکراوی نێوان هەواڵگریی هەسەدە و سوپای ئەمریکادا".
پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس لە عەین بادیە وتی دوو ئۆتۆمبیل لە هێرشە ئاسمانیەکاندا لێیاندرا: پیکابێکی بچوك و لۆرییەکی گەورە کە فارگۆنێکی کانزایی بچوکی هەڵگرتبوو.
پهیامنێرهكه لەتەنیشت یەکەم ئۆتۆمبیلەوە دوو لاشەی بینی، لەکاتێکدا سێیەمیان لە فارگۆنە کانزاییەکەدا سوتابوو.
رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ مەرگی موهاجیری پشتڕاستکردەوە و رایگهیاند كه لەنێو پێنج ئەندامی داعشدا بوو کە لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشەنگیکراودا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کوژران بەپشتیوانیی هەسەدە.
وتەبێژی هەسەدە، مستەفا بالی، دواتر وتی دەوترێت موهاجیر لە جەرابلوس بووە بۆ ئاسانکاریی چوونەناوەوەی بەغدادی بۆ نێو ناوچەی قەڵغانی فورات، ئەو ناوچەیەی باکوری سوریا کە لەلایەن هێزە جێگرهوه سورییەکانی سەر بە تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت.
وتی: "ئەو دوو ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاریگەر سەرکردایەتی داعشیان لەکارخست کە خۆیان شاردبووهوه" لە باکوری خۆرئاوای سوریا.
'ئۆپەراسیۆنێكی هەماهەنگیکراو'
رێكخراوی روانگهكه رایگەیاند كه لە هێرشی بەئامانجکردنی بەغدادیدا، کۆپتەرەکانی ئەمریکا هێزەکانیان بەردایەوە نێو ناوچەیەکی پارێزگای ئیدلیب کە "چەند گروپێکی سەر بە داعشی لێبوون".
راشیگەیاند كه کۆپتەرەکان خانوویەك و ئۆتۆمبیلێکیان کردە ئامانج لە گوندی باریشا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە نۆ کەسی تێدا کوژرا، لەنێویاندا سەرکردەی باڵای داعش ئهبو یەمعان.
باریشا ناوچەیەکی چیایی کەم دانیشتوانە، نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە باکوری شاری ئیدلیبەوه و پێنج کیلۆمەتر کەمتر لە تورکیاوە دوورە.
ئەو ناوچە کشتوکاڵییە نزیکە لە باب هەواوە، کە یەکێکە لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و سوریا و شوێنی خەڵکێکی کەمی ئاوارەیە كه لە بەشەکانی دیکەی سوریاوە هاتوون.
ئەو خانووەی لە هێرشەکەدا کرایە ئامانج لە کەناری گوندەکە بوو.
ناوچەکە بەناو لەژێر کۆنترۆڵی تەحریر شامدایه، بەڵام شانە نوستووەکانی داعش و حوراس دینی سەر بە قاعیدەش لەو ناوچەیە بوونیان هەیە، بەگوێرەی روانگەکە.
ناوچەکە ناسراوە بەوەی قاچاخچێتی لێدەکرێت و بەشی ئەوە ئاڵۆزە کە گروپی چەکداریی دیکەی جیا لە تەحریر شام لەوێ چالاك بن.
حهسانهوه لە ئیدلیبی سوریا
چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف بە دیارونای وت لە باکوری سوریا، کە بەغدادیی لێ کوژرا، دانیشتوانی ئیدلیب هەناسەی شادییان هەڵکێشا کاتێك بە مەرگی ئەویان زانی.
وتی هەستێکی حهسانهوه هاتهكایهوه لهو ناوچەیەی تەحریر شام کۆنترۆڵی کردووە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و ئاماژەیکرد بەوەی خەڵکی ئیدلیب مەرگی بەغدادی بە "هەنگاوێکی گەورە دەبینن بەرەو ئازادبوونی تهواوهتییان لەدەستی فەرمانڕەوایی تووندڕەوان".
وتیشی گروپە توندڕەوەکانی وەك داعش و تەحریر شام رەوتی شۆڕشی سوریایان "بەلاڕێدابرد و خراپیان کرد" و رەوتی ژیانی مەدەنیەکانی ناوچەکانی ژێردەستی خۆیان بەشێوەیەکی زۆر خراپ گۆڕی.
پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت مەرگی بەغدادی بە کۆتایی داعش دادەنرێت و ئاماژەیکرد بەوەی تەنیا مانەوەی رەمزیی ئەو گروپەکەی هێشتبووهوە.
وتی بەبێ بەغدادی، زۆر سەختتر دەبێت بۆ گروپەکە بمێنێتەوە یان خۆی رێکبخاتەوە.
وتیشی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی بەغدادی پەیامێکی روونی نارد بۆ توندڕەوان کە هێشتا خۆیان شاردۆتەوە بەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوبەشەکانیان لەسەر زەمین هێرش دەستپێدەکەنەوە دژیان بە دەستێکی پۆڵایین کاتێك شوێنیان دیاری دەکرێت.
بەسام وتی مەرگی بەغدای بەبێ گومان دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی شانەکانی داعش کە هێشتا لە ناوچەکە چالاكن.
وتی دەبێتە هۆی نەمانی پەیکەربەندیی رێکخراوەیی گروپەکە و توانای بۆ راکێشانی چەکداری زیاتر یان کۆکردنەوەی چەکدارانی پێشتری.
وتیشی پەیوەندیکردن بە گروپە توندڕەوەکانی دیکەوە رەنگە بژاردەیەکی بەردەست نەبیت بۆ چەکدارانی داعش لە سوریا و ئاماژەیکرد بەوەی گروپەکانی دیکە دەترسن ببنە ئامانجی هێرشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەوهۆیەوە.
عێراق بانگهوازی 'کۆتایی قۆناغێکی رەش' دهكات
عێراقیەکان دووشەممە مەرگی بەغدادییان بە کۆتایی "قۆناغێکی رەش" لەقەڵەمدا و ناوزەدیانکرد بەوەی چەقۆیەك بوو لەسەر دڵی داعش.
بەڵام هۆشدارییان دا لەوەی مەرگی سەرکردەکەی داعش مانای کۆتایی گروپەکە نیە و داوای گوشاری بەردەوامیان کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپەکە و ئایدۆلۆژیاکەی.
شیکاروانی ئەمنی، سەفا ئەعسەم بە دیارونای وت سەرکردەی داعش "بە چارەنوسی حەتمیی خۆی گەیشت" و ئاماژەیکرد بەوەی مەرگی ئەو حەتمی و چاوەڕوانکراو بوو، بەهۆی کوشتنی کەسە نزیکەکانی و داڕمانی گروپەکەوە.
وتی: "لەناوبردنی سەری مارەکە و گەورەترین کەسی داواکراو زەبرێکی کوشندەیە بۆ داعش و چەقۆیەکە بۆ سەر دڵی."
ئەعسەم وتی: "بکوژێکی بەخوێن تینوومان کۆتایی پێهێنا، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ خەمی ئێمەیە کۆتاییهێنانە بە ئایدۆلۆژیایەکی خوێناوی کە ئەم تاوانبارە و پشتیوانانی بڵاویانکردۆتەوە."
وتیشی: "ئەمە گوشاری بەردەوامی دەوێت لەسەر پاشماوەکانی تیرۆریزم و کاری بەرفراوان بۆ شەڕکردن دژی و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی."
شیکاروانی هەواڵگری، فازل ئەبو ڕەغیف بە دیارونای وت هەواڵگریی عێراق دەریخست كه سەرکردەی داعش لەگەڵ خێزانەکەیدا لەکوێ خۆی شاردۆتەوە، دوای "چاودێریی وردی جوڵەکانی بەغدادی و ئەوانەی دەوروبەری".
شانەی راگهیاندنی ئەمنیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه هێرشەکە "بە هەماهەنگیی نێوان هێزی هەواڵگریی عێراق و هێزەکانی ئەمریکا" ئەنجامدرا.
بهگوێرهی بەیاننامەکە، تیمێکی تایبەتمەند لە هەواڵگری بەدووی جوڵەکانی بەغدادی کەوتبوو ساڵێك پێشئەوەی شوێنەکەی دیاریبکرێت.
ئەبوڕەغیف وتی سەرکردەی داعش "ترسی لەخۆی هەبوو" و متمانەی بە نزیکترین هاوکارەکانی نەدەکرد و ئاماژەشیکرد بەوەی ئەندامانی خێزانەکەی وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنا "کە لە دۆخی کوژرانهكهیدا پشتڕاستکرایەوە".
هەواڵی کوژرانی بەغدادی شادیی لە شەقامی عێراقیدا بڵاوکردەوە.
دانیشتوویهكی رەمادی، محەمەد فەهداوی وتی: "رووداوێکی ناوازە و مێژووییە؛ ئەو تیرۆریستەی بووە هۆی چەندین کارەسات چیتر لە ژیاندا نەماوە."
مەیادە عەلی، خەڵکی گەڕەکی شورتەی بەغدا، بە دیارونای وت: "مەرگی ئەم تاوانبارە کۆتایی قۆناغێکی تاریکە. ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەم رۆژە دەکەین و دواجار گەیشت."
'خاڵی وەرچەرخان'
سەرکردە نێودەوڵەتییەکان ستایشی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەیان کرد لەکاتێکدا خەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامییدان بە وریایی کردەوە.
سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆان، ئەو هێرشەی بەغدادیی تێدا کوژرا بە "خاڵی وەرچەرخان لە شەڕی هاوبەشماندا دژی تیرۆریزم" ناوزەکرد.
سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانۆئێل ماکرۆن، مەرگی بەغدادیی بە "زەبرێکی کوشندە لە داعش" لەقەڵەمدا.
وتی: "شەڕ بەردەوامدەبێت لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بەتەواوی شکستی هێناوە. ئەوە كاری پێشینهمانه."
سەرەکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن وتی: "مەرگی بەغدادی ساتێکی گرنگە لە شەڕماندا دژی تیرۆریزم، بەڵام شەڕ دژی خراپەکارییەکانی داعش هێشتا تەواو نەبووە."
وتیشی: "کاردەکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی [نێودهوڵهتی] بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکیە تاوانكاری و بەربەرییەکانی داعش بۆ هەتاههتایە."
سەرۆکی ناتۆ، جێنس ستۆلتنبێرگ، ئۆپەراسیۆنەکەی لهقهڵهمدا بە "هەنگاوێکی بەرچاو لە هەوڵەکانماندا دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی".
سعودیەش مەرگی بەغدادیی بە ئەرێنی لەقەڵەمدا و سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوە وتی سەرکردەکەی داعش "وێنەی ئیسلامی شێواندبوو" و "ستەم و تاوانی" ئەنجامدابوو.
ئهمه ههشتهمین جاره كهسێك دهكوژرێت بۆ پڕكردنی گیرفانی ئهمریكا لهسهر حسابی خهڵكی ناوچهكه.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت