هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراق سامانی ئەو کەسانە هەڵدەپەسێرێت کە پشتیوانی دارایی داعش دەکەن

خالید تائی

داعش بڕێکی زۆری پارەی لە چەندین سەرچاوەوە بەدەستدەگەیشت لەکاتی کۆنترۆڵکردنی رووبەرێکی گەورەدا لە عێراق و سوریا، بەڵام ئەم سەرچاوانە وشکیانکردووە بەهۆی هەڵکوتانەسەری ئەندامان و سەرچاوەکانی داراییان. [وێنەكه‌ له‌سه‌ر ئینتەرنێت بڵاوبۆته‌وه‌]

داعش بڕێکی زۆری پارەی لە چەندین سەرچاوەوە بەدەستدەگەیشت لەکاتی کۆنترۆڵکردنی رووبەرێکی گەورەدا لە عێراق و سوریا، بەڵام ئەم سەرچاوانە وشکیانکردووە بەهۆی هەڵکوتانەسەری ئەندامان و سەرچاوەکانی داراییان. [وێنەكه‌ له‌سه‌ر ئینتەرنێت بڵاوبۆته‌وه‌]

پەرلەمانی عێراق لە تەمموزدا دوو بڕیاری دەرکرد بۆ هەڵپەساردنی سامانی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە پشتیوانی دارایی چالاکیەکانی پەیوەست بە تیرۆریزمەوە.

هەردوو بڕیارەکە لە 19 تەمموز دەرکران لەلایەن "لیژنەی هەڵپەساردنی سامانە تیرۆریستیەکانەوە" و دەستبەجێ کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەگوێرەی بڕیاری لیژنەکە، سامانی جێگیر و جوڵاوی ئەوانەی تۆمەتبارن بە پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆریزم هەڵدەپەسێردرێن.

بڕیارەکەی پەرلەمان بەگوێرەی بەڵگەی بەردەستبوو لە دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا کە تایبەتمەندە به‌ کەیسەکانی تیرۆریزم و بەگوێرەی رێنماییەکانی یاسای عێراقی دژ به‌ شۆردنەوەی پارە.

ئەمە دوایین بڕیارن کە لە عێراق دەرچووبن وەك بەشێك لە هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی شەپۆلی پارە بۆ ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

'هەنگاوێك بە ئاراستەی دروستدا'

بەگوێرەی فه‌رمانی یەکەم، سامانی 200 کەس هەڵدەپەسێردرێت. دووەم فه‌رمان تەرکیزی لەسەر هەڵپەساردنی سامانی دوو کەسە بەناوەکانی سەعد حەسەن رەشاش و داود سەلمان حسێن کوبەیسی.

توێژەری بواری سیاسەت و ستراتیژی، ئەمیر ساعیدی بە دیارونای وت فه‌رمانه‌ نوێکان تیشکدەخەنە سەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانی دارایی داعش و "هەنگاوێکە بە ئاراستەی دروستدا".

وتی لە چەند ساڵی رابردوودا، عێراق چەندین بڕیاری دەرکردووە بۆ هەڵپەساردنی سامانی "ژمارەیەکی بەرچاو لە کەس و قەوارەکان" کە پشتیوانی دارایی تیرۆریزم دەکەن و ئاماژەیکرد بەوەی ئەوە بە یارمەتی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە.

ساعیدی وتی دەزگا ئەمنیەکانی عێراق توانیویانە بەدوای چەندین تۆڕدا بچن و دەستگیریان بکەن کە پارەیان داوەتە تیرۆریستان و ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ملیۆنان دۆلار زیان له‌ داعش.

وتی چەندین میانگیر و کۆمپانیا لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردەکەن بۆ ئاسانکاریی حەواڵەی پارە یان گۆڕینەوەی دراو. هەندێك قەوارە رێکخراوی خێرخوازی بەکاردەهێنن وك رووکارێك بۆ پشتیوانی دارایی چالاکیەکانی داعش.

پێویستی بە هاریکاری جیهانی هەیە

ساعیدی وتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە هاریکاریی عێراق بکات بۆ بەردەوامیدان بە شوێنپێهەڵگرتنی ئەندامانی داعش و وتیشی هەرچەندە پشتیوانی دارایی ناوەستێنرێت بەتەواوی، به‌ڵام دەکرێت سنوورداربکرێت لەڕێی چاودێریكردنی حەوالەی پارەی بانکەکان و ئاڵوگۆڕەکانی بازاڕی رەشەوە.

مامۆستای زانستی سیاسەت لە زانکۆی موستەنسریە، عیسام فەیلی بە دیارونای وت ئەو یاسایانەی ئامانجیان هەڵپەساردنی پشتیوانی دارایی تیرۆریستانە، رێژەیەکی بەرچاو لەو پشتیوانکارە داراییەیان کردۆتە ئامانج و تۆڕێکیان ئاشکراکردووە کە پەیوەستن بە پشتیوانی دارایی تیرۆریزم.

وتی عێراق گەیشتۆتە قۆناغێکی پێشکەوتوو لە بەدواداچوون و هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕ و کەسانەی کە پشتیوانی له‌ داعش دەکەن.

وتی: "هاریکارییەکی بەرچاو هەیە بەپێشڕەویی وەزارەتی دارایی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیەکان بۆ بڕینی سەرچاوە داراییه‌كانی تیرۆریستان."

وەزارەتی دارایی ئەمریکا لە ناوەندی تەمموزدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە حەوت وڵاتی ئه‌ندام له‌ ناوەندی پشتیوانی دارایی بۆ بەئامانجکردنی تیرۆریستان -- ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو -- پێکەوە شەش کیانی پەیوەست بە داعشیان ده‌ستنیشانكرد.

ده‌ستنیشانكردنه‌كان سێ کیان و کەسێكیان له‌ تورکیا و سوریا كرده‌ ئامانج کە پشتیوانیی گرنگی دارایی و لۆجستییان بۆ داعش دابیندەکرد؛ لەگەڵ رێکخراوێك له‌ ئەفغانستان، رێکخراوی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی نەجات و بەڕێوبەرەکەی.

وانەبێژی ئابوری لە زانکۆی عێراقییە، عەبدولڕەحمان مەشهەدانی بە دیارونای وت داعش هەوڵدەدات پشت به‌خۆی ببه‌ستێت بەهۆی هەوڵەکانه‌وه‌ بۆ بڕینی پشتیوانی دارایی لەو تۆڕانەی کە بۆی دابیندەکەن.

ئەو گروپە تیرۆریستییە چەند سەرچاوەیەکی خۆجێی پشتیوانیشی هەیە، لەنێویاندا هەڕەشەکردن لە جوتیاران و رفاندن بەرامبەر بە پارە لە ناوچە دوورەدەستەکان.

وتی بەڵام داهات لەو سەرچاوانەوە سنوورداره‌ و بەراورد ناکرێت بەو سامانەی داعش دەستیدەکەوت کاتێك کۆنترۆڵی چەند ناوچەیەکی گەورەی عێراق و سوریای کردبوو.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500