بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ بڕینی سەرچاوەی دارایی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).
هەوڵەکانی حکومەت چڕکردنەوەی چاودێریی جوڵەی پارە و سەرچاوەکانی دارایی لەخۆدەگرن، لەگەڵ هاریکاریی زیاتر و گۆڕینەوەی زانیاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
هێزهكانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی عێراق و هێزەکانی دژەتیرۆری کوردی بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەمدواییانە10 ئەندامی تۆڕی دارایی ئهلڕاوییان دەستگیرکردکە گروپێکی سەرەکیی ئاسانکاری داراییە بۆ داعش.
ئەو دەستگیرکردنانە، کە رێگەیان بۆخۆشکرا لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لەلایەن هێزە هاوبەشەکانەوە ئەنجامدران لەکاتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا كه لە بەغدا و هەولێر ئەنجامدران لەنێوان 7 بۆ 9 تشرینی یەکەم.
پێشتر عێراق سامانی دارایی چەندین کیان و کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی دراوی هەڵپەساردبوو بەهۆی دابینکردنی پاڵپشتی داراییهوه بۆ داعش و قاعیدە.
هەوڵەکانی عێراق هاوکاتن بە هەوڵە جیهانییەکان بۆ نەهێشتنی سەرچاوە داراییەکانی گروپە تیرۆریستیەکان.
وەزارەتی دارایی ئەمریکا لە 17 تشرینی یەکەم رایگەیاند كه سزای سەپاندووە بەسەر ئافاق دوبەیدا، کە بزنسێکی خزمەتگوزاریی پارەیە لە عێراق و پارە دەگوێزێتەوە بۆ داعش.
وەزارەتەکە رایگەیاند كه ئافاق دوبەی بەشێکە لە "تۆڕێکی دارایی فراوانتر کە چەندین بزنسی خزمەتگوزاریی پارە، حەواڵە و ئاسانکاریی دارایی لە خۆدەگرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست".
'کلیلی سەرەکی'ی جەنگ دژی تیرۆریزم
ئابوریناس ماجید سوەری بە دیارونای وت بەرپرسانی عێراقی ئۆپەراسیۆنهكانی نزیکەی "400 ئاڵوگۆڕی دراوی ناوخۆیی و کۆمپانیای خزمەتگوزاریی داراییان" وەستاندووە لەم چەند ساڵەی رابردوو.
زۆربەی ئەو کۆمپانیایانە بازرگانییان لێ قەدەغەکراوە و خراونەتە لیستی رەشەوە بەهۆی پشتگیرییانهوه له گروپە تیرۆریستیەکان بە ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕی بانکی و کردەی شۆردنەوەی پارە.
وتی عێراق چاودێریی ورد و توندی سەپاندووە بەسەر هەموو ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەیەکدا کە لەڕێی بانکە ناوخۆیی و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی داراییەوە ئەنجامدەدرێن.
سوەری وتی حکومەت بەنیازە یاسایەکی نوێ دەربکات کە توانای گواستنەوەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو سنووردار دەکات و دەیسەپێنێت بەسەریاندا کە تەنیا مۆڵەتی گواستنەوەیەکیان هەیە کە لەڕێی بانکی ناوەندی عێراقی و بانکەکانی سهربه دەوڵەتەوە کرابێت.
وتی: "دەزگاکانی دژی شۆردنەوەی پارە و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا هەواڵگرییەکان هەموویان کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی تیرۆریستان دەستیان ناگات بە پارە."
وتیشی: "ئەمە رەگەزێکی سەرەکیی جەنگی دژی تیرۆریزمه."
یاسای دژەتیرۆر
خالید عەبدولئیلا کە زانستی سیاسەت دەڵێتەوە لە زانکۆی بەغداد وتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان چەندین بڕیاری دەرکردووە (2170، 2199، 2178) لەژێر بهشی حەوتەمی بڕیارنامهی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بۆ نەهێشتنی پشتیوانی دارایی تیرۆریزم.
بە دیارونای وت: "هەموو ئەم بڕیارانە بۆ پشتگیریی هەوڵەکانی عێراقن بۆ نەهێشتنی پاڵپشتی دارایی تیرۆریزم و پارەشۆردنەوە و بەقاچاخبردنی نەوت."
وتی لەمڕۆدا حکومەتی عێراق زیاتری تەرکیزی لەسەر ئەو بابەتەیە چونکە پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتمانیەوە هەیە و ئاماژەیکرد بەوەی کاربەدەستان رێکارەکان پتهوتردهكهن بۆ چاودێریكردنی وردی هەموو ئاڵوگۆڕێکی دارایی و هاریکاری لەگەڵ حکومەتانی دیکە بۆ بەدواداچوونی سەرچاوەی دارایی تاك و گروپە تیرۆریستیەکان.
عەبدولئیلا وتی عێراق دوای 2014 یاسایهكی دەرکردووە بۆ وەستاندنی رۆیشتنی پارە بۆ گروپە تیرۆریستیەکان، وەك یاسای دژی پارەشۆردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی پشتگیریی دارایی تیرۆریزمی ساڵی 2015.
وتیشی هاوکات، "بانکی ناوەندی کاردەکات بەرەو یەکخستنی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی پارە لە هەوڵێکدا بۆ وەستاندنی پارەسپیکردنەوە، لەگەڵ خۆلادان لە باج".
پەرلەمانتارێكی دیالە، عەبدولخالق عەزاوی وتی: "شەڕی دژی داعش لەڕووی سەربازییەوە براوەتەوە و سەرکەوتنێکی مێژووییمان بەدەستهێناوە بە دەرکردنیان لە شارەکانمان."
بە دیارونای وت: "بەڵام ئەمە کۆتایی نیە، چونکە هێزەکانمان و دەزگا هەواڵگرییەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دواکەوتنی ئەندامانی داعش و بەئامانجگرتنی سەرچاوەکانی داراییان."
لە نێوەندی تشرینی یەکەمدا هێزەکانی عێراق تۆڕێکی 5 ئەندامیی داعشیان دەستگیرکرد، کە پارەیان دابەشدەکرد بەسەر خێزانەکانی چەکدارانی داعشدا لە شاری موسڵی پارێزگای نەینەوا.