هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

حکومەتی عێراق دەستدەگرێت بەسەر دارایی 93 کیانی پشتیوانکاری تیرۆریستاندا

خالید تائی

کارمەندی بانکێکی عێراقی تۆماری حسابەکانی بەشداربوویەك دەپشکنێت لەم وێنەیەدا کە 26 کانونی یەکەم 2018 گیراوە. [خاوەنی وێنە: بانکی رەشید]

کارمەندی بانکێکی عێراقی تۆماری حسابەکانی بەشداربوویەك دەپشکنێت لەم وێنەیەدا کە 26 کانونی یەکەم 2018 گیراوە. [خاوەنی وێنە: بانکی رەشید]

لەسەر پێشنیازی لیژنەی سزا نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی عێراق سامانی 93 کەس و کیانی هەڵپەساردووە لە تەواوی جیهاندا کە تۆمەتبارن بە پشتیوانیكردنی تیرۆریزم.

چوار بڕیارەکەی هەڵپەساردن لە 13 شوبات و لەلایەن لیژنەی عێراقی بۆ هەڵپەساردنی دارایی تیرۆریستانه‌وه‌ دەرکران کە لەلایەن بەڕێوبەری بانکی ناوەندی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەندامانی لە 10 وەزارەت و حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان پێکدێن.

بەگوێرەی بڕیارەکان، کە لەلایەن نوسینگەی دژە پارەشۆردنەوە و شەڕکردن دژی پشتیوانی دارایی تیرۆریستان بڵاوکرایەوە، 77 کەس بەر ئەم سزایانە کەوتوون.

ئەوانه‌ پێکهاتوون لە خەڵکی چەندین وڵات، لەنێویاندا مالی، نێجیریا، تونس، میسر، فلیپین، یەمەن و ئەفغانستان.

سێ عێراقیشیان تێدایە: موسەننا حارس زاری، عەبدولڕەحمان محەمەد قادولی و مەیسەر عەلی موسا عەبدوڵا جەبوری.

سزاکان خراونەتە سەر 16 رێکخراو کە پشتیوان و پشتگیریکاری تیرۆریزمن، لەنێویاندا ئەنسار شەریعە، ئەنسار موسلیمین لە سودان، مورابیتون، ئەهل سوننە بۆ دەعوە و جیهاد (بۆکۆ حەرام)، رێکخراوی چاکەی نێودەوڵەتی، دەزگای فریاگوزاری جیهانی و رێکخراوی مرۆیی وەفا.

عێراق پابەندە بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمەوە

وتەبێژی بانکی ناوەندی عێراق، ئەیسەر جەبار وتی بڕیارەکانی هەڵپەساردن "پابەندبوونی عێراق دەردەخەن بە پێشنیازی سزاکانی لیژنەکەی ئەنجومەنی ئاسایش و رێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانه‌وه‌ و تەواوی کیانە نێودەوڵەتیەکان کە سەرقاڵی شەڕی دژی سەرچاوە داراییەکانی گروپە تیرۆریستیەکانن".

وتی: "بانکی ناوەند، لەڕێی لیژنەی هەڵپەساردنی سامانەوە، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە هەڵپەساردنی سامان و کاڵای دارایی و سەرچاوە ئابورییەکانی تەواوی ئەو کەس و دەزگا و کیانانەی لەنێو لیستی تیرۆریزمدان و سزای نێودەوڵەتییان لەدژ دەرکراوە."

وتیشی هەر لیستێك کە دەنێردرێت بۆ نوسینگەی دژ به‌ پارە شۆردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی پشتیوانی دارایی تیرۆریزم، "هاتنە نێو سیستمی دارایی عێراقیان لێ قەدەغە دەکرێت".

جەبار وتیشی دەزگا بانکییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە حساب بانکیەکانیان دابخەن، سامانەکانیان هەڵپەسێرن و چاودێریی هەر چالاکیەکی دارایی و بازرگانی بکەن کە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدەدرێت.

وتی: "بانکەکە بەردەوام و تەواو شه‌فافانه‌ ئەوە رادەگەیەنێت کە چ کیانێك لەسەر لیستەکانی تیرۆریزمن و ئەو بڕیارانەش کە دژیان ده‌ركراوه‌ بەگوێرەی رێنماییەکانی یاسای عێراقی ژمارەی 39 ساڵی 2015 دژ به‌ پارە شۆردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم و پشتیوانی دارایی تیرۆریزم و یاسای ژمارە 5 ساڵی 2016 هەڵپەساردنی سامانی تیرۆریستان."

جەبار وتی بەشدارییەکانی بانکی ناوەند لە شەڕی دژی تیرۆریزمدا "یارمەتی بەهێزکردنی هەوڵە نیشتمانیەکانی داوە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر بۆ خەڵکی عێراق".

وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکانمان، لەسەر ئاستی یاسایی و کارگێڕی، سامانی تیرۆریستانیان زۆر لاوازکردووە و چیتر ناتوانن پشتیوانی دارایی کردە تیرۆریستیە قێزەونەکانیان بکەن دژی خەڵکی بێتاوان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500