هێزەکانی عێراق تاکتیکی نوێ دادەنێن بۆ زیادکردنی چالاکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە خۆرئاوای ئەنبارلەکاتێکدا پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ململانێدان لەو دۆخە سەختەدا، بەرپرسان بە دیارونایان وت.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی وتی هێزی تایبەتی ئاسمانی، تایبەتمەند لە دیاریکردنی دەستبەجێ و تێکشکاندنی ئامانجی دیاریکراو، لە قوڵایی بیاباندا جێگیرکراون وەك بەشێك لە تەکتیکێکی نوێی سەربازی.
وتی: "ئەم هێزانە پشت بە هێرشی کتوپڕ دەبەستن بۆ تێکشکاندنی ئامانجەکانی دوژمن لە بیابان."
بە دیارونای وت: "هێزێکی ئاسمانیی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم، بە پاڵپشتی لەلایهن هێزی ئاسمانیی سوپا و هێزەکانی هاوپەیمانانهوه، هێرشی کوشندەیان ئەنجامداوە لەم مانگەدا کە بوونە هۆی زیانی زۆر لە ریزەکانی تیرۆریستاندا."
وتی شەش ئەندامی داعش کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستبوو لە 20 ئایار کوژران لە بیابانهكهی خۆرئاوا.
وتیشی لە 15-16 ئایار، هێزێکی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم بە پەڕەشوت چووە نێو بیابانی وادی حۆرانەوە و نۆ ئەندامی داعشی کوشت.
خەفاجی وتی لەکاتی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا چەند شوێنێکی حەوانەوەی داعش و کەمپێکی گەورە تێکشکێندران، لەگەڵ 50 ئامێری تەقەمەنی، چەك، مۆدێمی ئینتەرنێت، کۆمپیوتەر، محەویلەی کارەبایی و محهویلهی وزەی خۆر، ههروهها چەردەی خۆراك و پزیشكی.
بەهێزکردنی کاری هەواڵگری
وتی: "هاوکات بەم ئۆپەراسیۆنانە، ماوەیەکە کارمانکردووە بۆ بەرفراوانکردنی سەرچاوەکانی هەواڵگریمان و دابینکردنی هێزە ئەمنیەکانمان بە زانیاری دەربارەی جوڵە و شوێنی تیرۆریستان لە بیابان."
خەفاجی وتی: "ئەرکی ئێمە چیتر سنووردارنیە به ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەڵکو لێکۆڵینەوەشە لە زانیاریی هەواڵگری و بەکارهێنانی بۆ هێرشکردنە سەر دوژمن لە شوێنی دیاریکراودا." ئاماژەیکرد بەوەی ئەمە بۆتە هۆی ئۆپەراسیۆنی وردتر.
وتیشی بیابانی بەرفراوانی خۆرئاوا سەختە بۆ چاودێری، "بەڵام بە بەکارهێنانی زانیاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و چالاکییەکانی چاودێریی خۆمان و چاودێریی ئاسمانی، وردیی زیاتر لەکارماندا دەردەکەوێت".
خەفاجی تێبینی ئەوەی کرد کە شوان و بەدەوییەکان زۆر گرنگ بوون لە پێدانی زانیاری کە یارمەتی هێزەکانی عێراقیان داوە لە گەشەدان بە ستراتیژی سەربازیی باشتر.
وتی: "بەهۆی زانیاریی مەدەنیەکانەوە، لەئێستادا ناهێڵین هیچ شوێنێك بێ چاودێری بێت."
وتیشی دوایین راپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن كه پاشماوەکانی داعش شوێنیان نەماوە لە بیابانی خۆرئاوای ئەنباردا و ئاماژەیکرد بەوەی ئەمە بهشێكی بەهۆی هاریکاریی چڕوپڕی نێوان سەرکردە ئەمنیەکانهوه بووە لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا و سەلاحەدین.
وتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ناوچە بیابانییەکان دەکەنە ئامانج لە کەناری دەرەوەی ئەم پارێزگایانە کە دوایین پەناگەی پاشماوەکانی داعشن.
خێڵەکان و بەدەوییەکان پشتیوانی هێزە ئەمنیەکان دەکەن
سەرکردەیهكی خێڵەکی لە خۆرئاوای ئەنبار، غانم عەیفان وتی خێڵەکانی جوغەیفە، ئەلبونیمر، ئەلبو مەحەل، رۆڵێكی چالاکیان هەبووە لە دوایین ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکاندا.
بە دیارونای وت لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی شێرەکانی جەزیرەدا، کە سەرەتای ئایار ئەنجامدرا، چەکدارە خێڵەکیەکان و ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان نۆ ئەندامی داعشیان کوشت.
وتی هەروەها چەند شوێنێکی حەوانەوەیان تێکشکاند و ئۆتۆمبیلێك و ماتۆڕێکیان سوتاند لە ناوچەی جەبەل مەنایف لەنێوان ئەنبار و نەینەوادا.
وتیشی: "بەشداریی خێڵ و بەدەوییەکان بەشێوەیەکی بەهێز پاڵپشتییە بۆ ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان چونکە ئەوان شارەزای ناوچەکانیانن." ئاماژەیکرد بەوەی یارمەتی ئەوان، جا بە چەك هەڵگرتن بێت یاخود پێدانی زانیاریی هەواڵگری "زۆر گرنگە بۆ پاراستنی بیابانهكه".
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كەعود بە دیارونای وت هێزەکانی هەواڵگریی عێراق خەریکی دروستکردنی داتابەیسێکن بۆ بیابان بە بەکارهێنانی سیستمێکی پێشكەوتووی تەکنەلۆژی.
وتی سیستمەکە گوێگرتن لە پەیوەندییەکانی پاشماوەکانی داعش و چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ چڕکردنەوەی چاودێری لەڕێی درۆن و کامێرای گهرمیبینەوە.
وتیشی ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکان لە بیابان "ئەنجامێکی بەرچاویان هەبووە بەهۆی هاریکاریی کۆمەڵگە بەدەوییەکان کە دەستیانکردووە بە پێدانی زانیاری بە دەزگا هەواڵگرییەکان دەربارەی شوێن و جوڵەی تیرۆریستان".