هێزەکانی عێراق دوو کەمپی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لە ناوچەی وادی حوسەینیات لە بیابانی پارێزگای ئەنبار تێکشکاند لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمدواییانەدا، سەرکردەیەکی خێڵەکی بە دیارونای وت.
یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و لیوای تاکتیکی بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار بەشدارییان لە هێرشەکە کرد بۆ سەر دوو کەمپەکە، رۆژی یەکشەممە و دووشەممە (27 ئایار).
هێزەکان دەستیانگرت بەسەر چەندین شمهكدا لە کەمپەکان پێشئەوەی تێكیانبشكێنن، لەنێویاندا کۆمپیوتەر، ئامێری پەیوەندیگرتن، چەك و بەڵگەنامە. هەروەها ئاگریان بەردایە ئۆتۆمبیلێکی بچوکیش.
ژمارەیەك کەسی داواکراو لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکران، لەکاتێکدا تەواوی ناوچەکە کنەوپشکنینی بۆ کرا بۆ دڵنیابوون لەوەی داعشیان تێدا نەماوە.
غانم عەیفان، سەرکردەیەکی خێڵەکیی خۆرئاوای ئەنبار، وتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیە بەشێكە لە زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی ئەمدواییانە لە بیابانی خۆرائاوا."
بە دیارونای وت جیا لە وادی حوسەینیات، ئۆپەراسیۆنەکە وادی قەزف، وادی حوران، وادی عەجرەمیات و وادی ئەبیەزی گرتەوە، لەگەڵ ناوچەی عامج.
وتی هەست بە پێگە و ئامانجەکانی دوژمن کراوە "لەڕێگەی چاودێریی ئاسمانی و کاری هەواڵگریی کاراوه لە قوڵایی بیاباندا".
داعش لە بیابان پەناگەی نیە
عەیفان وتی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمدواییە لە حوسەینیات "زەبرێکی کوشندەی دیکە بوو بۆ پاشماوەکانی [داعش] کە هەوڵدەدەن شوێنێکی سەلامەت بدۆزنەوە لە ناوچەکانی بیابان کە وەك پێگەی پلان بێت بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانیان دژی شار و گوندەکانی [ئەنبار]".
وتی: "ئەو هێرشە چڕانە هیچ دەرفەتێك بە دوژمن نادەن بۆ خۆڕێکخستنەوە و دەستکردنەوە بە چالاکیەکانیان،" وەك ئەندامانی داعش هەوڵیاندابوو بۆ قۆستنەوەی دۆڵ و ئەشکەوتە زۆرەکان و حەشارگە سروشتییەکانی بیابان بۆ دامەزراندنی بنکە نهێنییەکانیان.
وتیشی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لەئێستادا "ئەزمونیان زیاترە لە چاودێریکردن و شوێنپێهەڵگرتنی پاشماوەکانی داعش، جا لە هەر شوێنێکی دوورەدەست خۆیان شاردبێتەوە".
ههروهها وتی پشتیوانیی خەڵکی ناوچەکە و خێڵەکان لە شەڕی دژی داعشدا "فاکتەری سەرەکییە لە سهقامگیركردنی ئهمنیهت و بەردەوامیدان بە فشاری سەربازی" و داوای لە بەرپرسان کرد کە بەشداریی خەڵکی ناوچەکە لە بەرپرسیارێتییە ئەمنیەکان زیاتربکەن.