هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق بەسەر شانە نوستوەکانی داعشدا دەدەن

خالید تائی

هێزەکانی عێراق چەندین ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە لە پارێزگای ئەنبار لە مانگی ئایاردا. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار، لە 12 ئایار 2019 بڵاویکردۆتەوە]

هێزەکانی عێراق چەندین ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە لە پارێزگای ئەنبار لە مانگی ئایاردا. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار، لە 12 ئایار 2019 بڵاویکردۆتەوە]

بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی سەربازی عێراق ئەم هەفتەیە 19 کەسی داواکراوی دەستگیرکرد لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکاندا دژی شانە نوستوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە پارێزگاکانی کەرکوك، ئەنبار، نەینەوا و دیالە، بەرپرسێك چوارشەممە (15 ئایار) بە دیارونای وت.

لە کەرکوك، شانەیەکی نوستووی بەناو ویلایەتی کەرکوكی داعش هەڵوەشێنرایەوە و 12 ئەندامەکەی دەستگیرکران.

ئەوانه‌ پارە، چەك، سوتەمەنی و خۆراکیان دابیندەکرد بۆ ئەو چەکدارانەی داعش کە خۆیان لە ناوچە دوورەدەستەکان شاردبۆوە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ ئامادەدەکرن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت: "بەڕێوبەرێتی [هەواڵگری] پێشڕەویی زۆر دەکات لە شوێنپێهەڵگرتنی شانە نوستووەکان و دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان."

دوو ئەندامی بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی سەربازی عێراق دەبینرێن لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكدا لەدژی شانە نوستوەکانی داعش لە پارێزگای دیالە لە مانگی نیساندا. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی سەربازی عێراق]

دوو ئەندامی بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی سەربازی عێراق دەبینرێن لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكدا لەدژی شانە نوستوەکانی داعش لە پارێزگای دیالە لە مانگی نیساندا. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی سەربازی عێراق]

وتی دەستگیرکردنەکان بەشێکن لە هەنگاوە هەواڵگرییەکانی ئەمدواییە کە نراون لە دژی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و ئەندامەکانی داعش لە خۆرئاوای کەرکوك و زنجیرە چیای حەمرین.

وتیشی ئەو پاشماوانە هەوڵدەدەن چالاکی دەستپێبکەنەوە بەیارمەتی ئەو شانە نوستووانەی گەڕاونەتەوە بۆ هەندێك گوندی رزگارکراو، بەتایبەتی لە حەویجە.

هەواڵدانی هاوڵاتیان کلیلی سەرکەوتنە

خەفاجی وتی: "هاوڵاتیان پشکی شێریان بەردەکەوێت لە دەستگیرکردنی تیرۆریستان، کە رۆژانە بڕێکی زۆر زانیاریمان دەدەنێ لەسەر حەشارگەکانی پاشماوەکانی داعش و شانە نوستووەکانیان."

وتی ئەم هەواڵدانانە یارمەتی هێزەکانی عێراقیان داوە بۆ دەستپێکی ئۆپەراسیۆن دژی ئامانجەکان بەشێوەیەکی وردتر و خێراتر.

وتیشی هاوکات لە ئه‌نبار، یەکەکانی هەواڵگریی سەربازی دوو پیاوی داواکراویان دەستگیرکردووە لە قەزای روتبە، یەکێکیان پارەی دەدا بە ئەندامانی داعش و ئۆتۆمبیلی بۆ دابیندەکردن.

هه‌روه‌ها وتی: "دەستبەسەرکراوەکەی دیکە زانیاریی دەدا دەربارەی جوڵەی هێزە ئەمنیەکان و ئەوانەی هاوکارییان دەکەن."

وتیشی ئەندامێکی دیکەی داعش کە لە ناوچەی سوفیە لە رەمادی دەستگیرکرا، بەرپرسی دیوانی دەعوە و رێنمایی داعش بوو.

وتی دەزگای هەواڵگری چوار پیاویشی دەستگیرکرد، کە سیانیان لە گەڕەکەکانی عامل و ئینتیساری موسڵ له‌ نەینەوا بوون و ئاماژەیکرد بەوەی بەشێك بوون لە شانەیەکی نوستوو کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا بۆ رزگارکردنی شارەکە شەڕیان دژی هێزە ئەمنیەکان کردووە.

وتی چوارەمیان، چەکدارێکی داعشە، لە شارۆچکەی خالیسی دیالە دەستگیرکرا.

خەفاجی جەختیکردەوە لە هەوڵەکانی وەزارەت بۆ هاندانی کاری هەواڵگری "چونكه‌ شەڕكردن دژی پاشماوەی باندەکانی تیرۆریزم، لەمڕۆدا شه‌ڕی زانیاری و ئۆپەراسیۆنه‌ نهێنییه‌كانه‌".

وتی: "بۆ ئەم مەبەستە، بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بردنەوەی متمانەی هاوڵاتیان و هەماهەنگی لەگەڵ یەکە ئەمنی و هەواڵگرییەکان تا بەرپەچی پیلانەکانی دوژمن بدەینەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500