ئەمنیەت بەهێزکراوە بۆ پاراستنی گوندە دوورەدەستەکانی قەزای عوزهیم له پارێزگای دیالە لەدژی هێرشی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، ئیدارەی ناوچەکە سێشەممە (3 تەمموز) رایگەیاند.
بەڕێوبەری قەزاكه، عەبدولجەبار عوبێدی، بە دیارونای وت هێزە ئەمنیەکان دۆخی ئەمنیی نائاساییان سەپاندووە بەسەر گوندە دوورەدەستەکانی عوزهیمدا کە هاوسێی سنووری کارگێڕیی پارێزگای سەلاحەدینن.
عوبێدی وتی ئەو دۆخە هەستیارە بەهۆی هێرشی هەڕەمەکی داعشەوەیە و زیادبوونی چالاکی گروپەکە لە ناوچەکانی دەوروبەری.
وتی: "لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، هێزە ئەمنیەکان و خێڵەکان بەرپەچی دوو هێرشی تیرۆریستییان داوەتەوە، یەکێکیان بۆ سەر گوندی ئەلبوبەکر."
وتیشی لەکاتی بەرگریکردندا لە گوندەکە، ئەندامێکی هێزە خێڵەکیەکان کوژرا و یهكێكی دیکە برینداربوو.
وتی هێرشی دووەم پێگەیەکی ئەمنیی کردە ئامانج لە گوندی شادیف، ئەندامێکی هێزە ئەمنیەکانی کوشت و سیانی دیکەی بریندارکرد.
عوبێدی وتی مەدەنیەكیش یەکشەممەی پێشوو کوژرا کاتێك بۆمبێکی دەستکرد بە ئۆتۆمبیلەکەیدا تەقیەوە لە گوندی موبارەك فەرحان.
ئەم رووداوە نزیك گوندی عەنجەنە بوو، کە دوو هەفتە لەمەوبەر ئەندامانی داعش شەش پیاویان رفاند لەوێ، کە لاشەكانیان هەفتەی رابردوو دۆزرایەوە.
ئۆپەراسیۆنی گهڕان و بەسەردادان
عوبێدی وتی زیادبوونی هێرش بەمدواییانە بۆتە هۆی زیادبوونی دۆخی کتوپڕ، بەجۆرێك هێزە ئەمنیەکان بەسەردادان ئهنجامدهدهن بۆ گهڕان بهدوای بنکەکانی داعشدا و جوڵەکانی گروپەکە بەرپەچدەدەنەوە.
وتی فیرقەی پیادەی 5 و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و هێزی ئاسمانی دووشەممە دەستیانکرد بە ئۆپەراسیۆنی شوێنپێهەڵگرتنی شانە نوستوەکانی داعش لە کەنارەکانی عوزهیم بۆ پاککردنەوەی رێگا و ماڵە پەرتەوازەکان لێیان.
وتیشی هێزی ئاسمانی عێراق لە بینایەکی نزیك بە گوندی تەل فەرحانی دا لە دەرەوەی دوز خورماتو، 16 توندڕەوی کوشت کە لەوێ خۆیان شاردبۆوە.
عوبێدی وتی سەرەڕای زیادبوونی توندوتیژی بەمدواییانە، خێزانهكانی گوندە دوورەدەستەکانی عوزهیم پێیانباشبووە بمێننەوە لە ماڵەکانیان.
وتیشی: "دانیشتوان لە شوێنەکانیان دەمێننەوە، شانبەشانی هێزە ئەمنیەکان و پاڵپشتی و کۆمەکیان دەکەن بۆ پاراستنی ئەمنیەت بە پێشکەشکردنی زانیاری و بەشداریکردن لە هەڵمەتی شوێنپێهەڵگرتندا."
وتیشی ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکان دەبێت بە هەوڵی دیکە یاوەرییان بکرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانهی دهپشكنرێن و بۆ لهناوبردنی هەر پاشماوەیەکی چەکدارانی داعش.
عوبێدی وتی: "دەبێت تەرکیز بخەینە سەر بنکە سەربازییەکان و بازگەكان و یەکە گەڕۆکەکان، بەتایبەتی لە ناوچەی گردەکانی حەمرین و ناوچەکانی سەر رێگای عوزهیم بۆ شاری کەرکوك کە بەنێو پارێزگای سەلاحەدیندا دەڕوات."