رفاندن و کوشتنی هەشت عێراقی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه توڕەیی و شەرمەزارکردنی گروپەکەی لەلایەن خەڵكەوە لێکەوتۆتەوە.
سوپای عێراق (27 حوزەیران) بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگهیاند كه لاشەی هەشت کەسیان لە سەر رێگای خێرای کەرکوك و بەغدا دۆزیوەتەوە و ئەو شەش کەسەشیان تیابوون کە لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون و لە ڤیدیۆیەکدا هەفتەی رابردوو دەرکەوتن.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، فەریق میزهیر عەزاوی، بە دیارونات وت ئهو لاشانهی لە تەل شەرەف لە پارێزگای سەڵاحەدین دۆزرانەوە دهستیانكردبووه "شیتەڵبوونەوە و هێلەکی بۆمبرێکراویشیان لەبەرکرابوو".
عەزاوی بە دیارونای وت: " شوێن فیشەك بەسەر سەر و شوێنی دیکەی لاشەکانەوە بوو."
'خیانەت و تێكشكان'
شەممە داعش هەڕەشەیکرد شهش بارمتە بکوژێت گەر بەغدا بەندکراوە ژنەکانی داعش لە زیندان ئازاد نەکات لە ماوەی سێ رۆژدا.
لە ڤیدیۆیەکداکە پێگەی پڕوپاگەندەی ئەعماقی گروپەکە بلاویکردبووهوە، توندڕەوەکان شەش پیاویان پیشاندا بە دەموچاوی بریندارەوە و وتیان ئەندامی هێزەکانی پۆلیس و حەشدی شەعبین.
هەر کە ڤیدیۆکە بڵاوبووهوە، هێزێکی گەورەی ئەمنی هەڵمەتێکیان ئەنجامدا بۆ رزگارکردنی پیاوە رفێنراەکان، کە خەڵكی پارێزگای کەربەلا و شاری رەمادیی پارێزگای ئەنبار بوون.
عەزاوی وتی: "لاشەکان بران بۆ یەکەی پزیشکی داد لە نەخۆشخانەیەك لە شاری توز خورماتوو، كه پشکنینی سەرەتایی نیشانیدا چەند رۆژ پێشتر کوژرابوون."
ناوهندی راگەیاندنی ئەمنی چوارشەممە رایگهیاند كه چەکدارانی داعش "ئەم کارە دڕندەیەیان چەند رۆژ لەمهوپێش ئەنجامداوە و پابەندی ئەو کاتە نەبوون کە لە ڤیدیۆکەدا دیارییانکردبوو."
وتی: "بێوچانین تا ئەو چەکدارە بێنرخانەی تهنها خیانەت و تێكشكان دەزانن بە سزای خۆیان دەگەن."
'خوێنیان بەڵگەی یەکێتیمانە'
لە چەند رۆژی رابردوودا، چارهنوسی ئەو رفێنراوانە هزری عێراقیەکانی داگیركردبوو، كه زۆربەیان هاوخهمیی خۆیان دهردهبڕی بۆ خێزانی قوربانیەکان.
سامر سەعید، تەمەن 32 ساڵ، لە گەڕەکی غهدیر له بەغدا، بە دیارونای وت: "ئێمه توشی شۆك بووین بە هەواڵی دۆزینەوەی لاشەی قوربانیەکان و هیواخوازبووین هێزەکانمان رزگاریانبکەن."
وتی: "داعش رووی نەگریسی خۆی جارێکی دیکە دەرخست بە سەندنەوەی ژیان بەشێوەیەکی زۆر دڕندە و قێزەون."
خدر فازڵ، تەمەن 41 ساڵ، لە گەڕەکی دۆرە لە بەغدا، بە دیارونای وت:" ئەمە تاوانێکی دیکەیە لە مێژووی تاوانكاریی تیرۆریستاندا."
وتی: "قوربانیەکان سوننە و شیعەن، خوێنیان بەڵگەی یەکێتیمانە و چارهنوسی ئەو تیرۆریستانەی ماون تەنیا مردنە." داواشیکرد کە "هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ لەناوبردنی تیرۆریستەکان".
زینه عەدنان، تەمەن 38 ساڵ، لە گەڕەکی ئیسکانی بەغدا، وتی دڵنیایە لە توانای هێزەکانی عێراق بۆ لەناوبردنی ئەو چەکدارانەی داعش کە ماون.
ئەم خانمە بە دیارونای وت: "ئەو تاوانە نابێت بەبێ سزا بەسەریانەوە بچێت."
ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فازڵ غەراوی، داوای لە حکومەت کرد دەستبەجێ ئەنجامدەران بدۆزێتەوە و بیانهێنێتە بەردەم دادگا.
غەراوی بە دیارونای وت: "تیرۆریستەکان دەیانەوێت ترس بڵاوبکەنەوە بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە."
وتیشی: "ئەو تاوانانە پاڵمان پێوەدەنێن یەکبگرین دژی پاشماوەکانی داعش و لەناویانبەرین."