هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش لەسەر 'خیانەت' 60 کەس لە موسڵ دەکوژێت

دەوترێت چەکدارانی گروپی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 60 کەسیان گوللـەباران کردووە و هەندێك لە لاشەکانیان بە ستوندا هەڵواسیون دوای ئەوەی تۆمەتباریانکردون بەوەی هاریکاریی هێزەکانی عێراقیان کردووە، ئاژانسی فرانس پرێس هەینی (11 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە دەربارەی سەدان ستەمی قێزەون کە دەوترێت لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون، بە بەردەوامی سوپای عێراق لە هێرشە نزیك بە یەك مانگییەکەیدا بۆ گرتنەوەی موسڵ، کە دوا قەڵای جیهادیەکانە لە عێراق.

وتەبێژی ئۆفیسی مافی مرۆڤ راڤینا شەمدەسانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "رۆژی سێشەممە، بەپێی راپۆرتەکان داعش 40 مەدەنی کوشتووە لە شاری موسڵ دوای تۆمەتبارکردنیان بە 'خیانەت و هاریکاریی' هێزە ئەمنیەکانی عێراق."

وتیشی: "قوربانیەکان جلی پرتەقاڵیان لەبەرکرابوو، بە سور لەسەر جلەکان نوسرابوو: 'خیانەتکاران و عەمیلی هێزە عێراقیەکان'. لاشەکانیان دواتر بە ستونی کارەباییەوە لە چەند ناوچەیەکی شاری موسڵ هەڵواسرابوو."

دانیشتویەکی خۆرهەڵاتی موسڵ، ئەبو سەیف، لەڕێی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت چەند لاشەیەکی بینیوە بەنێو شارەکەدا بڵاوبونەتەوە و لێیان نوسراوە "عەمیل" و "خیانەتکار".

ئەو ژمارەیەکی وردی لاشەکانی لانەبوو، بەڵام وتی لەنێوان 30 بۆ 40 لاشەی بینیوە.

وتی: "داعش خەڵکی لە هەندێ شەقامەکانی موسڵ کۆکردۆتەوە و بە ئاشکرا چەند کەسێکی تەمەن جیاوازی کوشتووە، هەندێکیان بە گوللـەبارانکردن، ئەوانیدیکە بە سەربڕین."

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێشەممە پیاوێکی 27 ساڵە بە ئاشكرا و لە ناوەندی موسڵدا کوژراوە لەبەر بەکارهێنانی مۆبایل، کە داعش لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆیدا قەدەغەیکردوە.

بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند چوارشەممەش داعش 20 کەسی دیکەی کوشت لە بنکەی سەربازی غابات لە باکوری موسڵ دوای ئەوەی تۆمەتباریکردن بە "دزەپێکردنی زانیاری".

بەیاننامەکە راشیگەیاند: "لاشەکانی ئەوانیش لە چەندین دوڕیانی موسڵ هەڵواسران، بە تێبینییەکەوە کە دەڵێت: 'بڕیاری سێدارە' و 'مۆبایلی بەکارهێناوە بۆ دزەپێکردنی زانیاری بۆ هێزە عێراقییەکان'."

هەمو کوشتنەکان بەئاشكرا بەگوێرەی فەرمانی بەناو "دادگاکانن" کە داعش دایمەزراندون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500