هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

تاوانکاریەکانی داعش زیاتردەکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی تێکشکانی لە موسڵ

عەلاء حسێن لە بەغدا

ئەو عێراقیانەی لە موسڵ هەڵهاتوون، شمەکی پەناگە و کۆمەك و وەردەگرن لەکاتی ئاوارەبوونیاندا. [خاوەنی وێنە: نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق]

ئەو عێراقیانەی لە موسڵ هەڵهاتوون، شمەکی پەناگە و کۆمەك و وەردەگرن لەکاتی ئاوارەبوونیاندا. [خاوەنی وێنە: نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق]

بەرپرسان بە دیارونایان وت کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستیکردووە بە تاوانکاریی دڕندانە دژی مەدەنیە بێچەکەکان لە موسڵ و سەدانیان کوشتووە و ئەوانی تریش بەکاردەهێنن وەك قەڵغانی مرۆیی لەڕوبەروبوونەوەیاندا لەگەڵ پێشڕەویی هێزەکانی عێراقدا.

فەرماندەیەکی حەشدی خێڵەکی نەینەوا، شێخ خالید سەباح جبوری، وتی لەوکاتەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بۆ رزگارکردنی موسڵ دەستیپێکردووە لە 17 تشرینی یەکەم دا، گروپەکە "دەستیکردووە بە کردەوەی هیستێریانە و هەڕەشەی ئازاردانی ئەو مەدەنیە بێگوناهانە دەکات کە هێشتا لەژێردەستیدان".

جبوری بە دیارونای وت: "زانیاری باوەڕپێکراو لەناو موسڵەوە ئەوە پیشاندەدات کە گروپەکە لە رۆژانی یەکەمی هێرشەکەدا بەژمارەی زۆر و بەهەڕەمەکی خەڵکی دەستگیرکردووە لە گەڕەکەکانی باشوری موسڵ و ناوچەکانی وادی هاجەر و نەمرود."

وتیشی هێشتا چارەنوس و جێگای ئەو دەستگیرکراوانە دیارنیە.

هەروەها وتی: "دانیشتوان لە ترسدا دەژین و کەس نازانێت بۆچی گیراون یان سەرنگونکراون یان چ هەڵەیەکیان کردبوو."

جبوری وتی: "هەر کەسێك ئامانجە بۆ داعش بەبێ جیاوازی لەنێوان ئەندامانی خێڵەکاندا یان لەنێوان گروپە ئێتنیە جیاوازەکاندا."

وتیشی: "ئەوان [داعش] دوژمنی هەموو مرۆڤایەتین."

کوشتنی بەکۆمەڵ

جبوری وتی: "چارەنوسی زۆربەی ئەوانە دیارنیە کە لەم رۆژانەی پێشوودا [لەلایەن داعشەوە] رفێندرابوون،" جگە لەوانەی لە ناوچەکانی نزیك شاری حەمام عەلیل دەستگیرکراون، لە باشوری خۆرهەڵاتی موسڵ.

وتی ئەوانە بران بۆ بنکەیەکی سەربازیی کۆنی عێراقی و رەمیکران لە مەیدانێکی راهێنانی نیشانەگیریدا. "تەنها گوناهیان ئەوە بوو ئەندامی پۆلیسی عێراقی بوون."

رۆژی 28 تشرینی یەکەم، نوسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی بەگوێرەی راپۆرتەکان داعش 232 کەسی لە یەك رۆژدا، لە 26 تشرینی یەکەم، رەمیکردووە و 24 کەسی تریش رۆژی پێشتر. .

نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی ئەم شێوازی کوشتنە بە رەمیکردن لەکاتێکدابوو کە داعش ستراتیژیەتێکی گرتەبەر بۆ ناچارکردنی دانیشتوانی ناوچەکانی دەرەوەی موسڵ تا بەرەو ناو شارەکە بچن.

رێکخراوەکە وتیشی داعش "دەیان هەزار کەسی ناچارکردووە بە بەجێهێشتنی ماڵەکانیان لە هەندێك ناوچەی دەوروبەری موسڵ".

ئەوانەی کوژران لەو مەدەنیانەیان تێدابوو کە رازینەبوبوون مل کەچبکەن بۆ فەرمانەکانی داعش بۆ گواستنەوەیان و ئەوانەش کە لەوەپێش بۆ دەزگا ئەمنیە حکومیەکان کاریانکردبوو.

پەرلەمەنتاری عێراقی بۆ پارێزگای نەینەوا، عەبدولڕەحمان شەمەری، وتی نزیکەی 190 کەس بەمدواییانە لە گوندەکانی نزیکی حەمام عەلیل براون و کوژراون لەلایەن داعشەوە.

شەمەری بە دیارونای وت: "گروپەکە کوشتنی، هەرچەندە تۆبەشیان کردبوو... هەروەها ماوەیەکی زۆر لەوەپێش چەکەکانیشیان تەسلیمکردبوو."

وتی: "کوشتاری تریش ئەنجامدراوە لە ناوچەیەکی نزیکی ئەوێ لە عەریج لەهەمان ماوەدا، کە تێیدا 42 پیاوی گەنج کوژران و ئەوانیش ئەندامانی پێشووی پۆلیس یان خزمیان بوون."

داعش مەدەنیەکان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت

لەپاڵ ئەو دەستگیرکردن و کوشتن و بەزۆر راگوێزانانەدا، تاوانکاریەکان بریتیشبوون لە بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیان، لەنێویاندا ژن و منداڵ، بۆ بەکارهێنانیان وەك قەڵغانی مرۆیی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، داود جوندی، بە دیارونای وت.

جوندی وتی چەکدارانی داعش سەدان خێزان لەگەڵ خۆیان دەبەن کاتێك لە گوندێك یان ناوچەیەك پاشەکشێ دەکەن.

وتیشی ئەوە تاکتیکێکە بۆ پاراستنی خۆیان لە هێرشەکانی سوپای عێراق بە خۆحەشاردانیان لەنێو مەدەنیەکاندا.

هەروەها وتی: "هێزەکانی عێراق ئێستا ئەرکێکی زەحمەتتریان هەیە و دەبێت وریابن کاتێك هێرش دەکەنەسەر دوژمن."

جوندی وتیشی: "رەوشی دڕندانە"ی داعش لە ترسیەوە هاتووە لە هەڵگەڕانەوەیەکی سەرتاسەریی میللی کە رەنگە بتوانێت بیڕوخێنێت پێشئەوەی سوپا بگاتە ناوەندی موسڵ.

هەروەها وتی: "هەڕەشە لە مەدەنیەکان دەکەن بە کوشتن و دەستگیرکردن تا پەیامێك بنێرن کە دەتوانن هەر سەرکێشیەك دابپڵۆسن لەدژیان لە شارەکەدا."

وتی: "تەواو سەریان لێتێکچووە و تۆقیون." جەختیشی لەسەر ئەوە کرد کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێوست دەکات بە پاراستنی مەدەنیەکان لە تاوانکاریەکانی داعش.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500