بەرپرسانی عێراق داوای پتەوکردنی ئەمنیەتی ناوچە دوورەدەستەکانی وڵاتەکەیان کرد بۆئەوەی دانیشتوانی ئاوارە بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
چەندین دانیشتووی ئاوارە هێشتا دەترسن لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان لە ناوچەکانی دەوروبەری ناوەندی شارەکان لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکان لە نزیک گوندەکانیان جێگیرنەکراون، کە دەڵێن ئەمەش دەیانکاتە نێچیرێکی ئاسانی هێرشەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
قائیمقامی قەزای حهزهر، عەلی ساڵح ئەحمەدی بە دیارونای وت زیاتر لە 20 گوندی دوورەدەست لە بەشی باشوری قەزای نەینەوا بە چۆڵی ماونەتەوە.
بەڵام ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی دانیشتوانە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە گوندەکانی شێخان و شێخە، کە دەکەونە كهنارهكانی حهزهر لە ناوچەکانی "نێو بازنەی کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەکان".
وتی بەشێک لەو گوندانە بۆ ماوەی چەند ساڵێک چۆڵکراون، بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونه نێوان دوورگەی حهزهر و قەزاری راوە له پارێزگای ئەنبار.
ئەحمەدی وتی پاشماوەکانی داعش بەتەواوی لە ناوچەی باشوری حهزهر پاککراونەتەوە، کە بە جەزیرە ناسراوە، هەروەها چەند ئۆپەراسیۆنێکی بەردەوامیش هەبوون کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێریکردنەوە پشتیوانیکراون.
هۆشدارییدا: "هەرچەندە هیچ هێزێک لەوێ جێگیرنەکراوە کە بەشێوەیەکی هەمیشەیی خاکەکە بپارێزێت، ئەمەش رێگریدەکات لە گەڕانەوەی گوندنشینەکان."
وتی گوندە بچووکە لێکدوورەکانی دوورگەکە و دوورییان لە یەکترەوە وادەکات سەختتربێت بۆ هێزە ئەمنییەکان بە خێراییەکی پێویست بکەونەخۆیان بۆ بەرگریکردن لە خەڵکەکەی لەکاتێکدا هەڕەشەیان لێدەکرێت یان هێرشیان دەکرێتەسەر.
داواکاری بۆ داخستنی 'رێڕەوە نهێنیەکان'
ئەحمەدی وتی: "داوای جێگیرکردنی چەند یەکەیەک دەکەین لە دوو یان سێ فیرقەی سەربازییەوە بۆ دانانی بنکەی ئەمنی و ئەنجامدانی دەورییەی سەربازی لە دوورگەکە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەمنیەت و داخستنی تەواوی درزەکان و رێڕەوە نهێنیەکان."
وتی لەكاتی دواییترین هێرشی ئەمدواییهوه -- کە لەلایەن پاشماوەکانی داعشەوە بۆسەر گوندی خیربەت حەماد نزیکەی چوار مانگ پێش ئێستا ئەنجامدرا -- هیچ سهرپێچییهكی ئەمنی لە شاری حهزهر و گوندەکانی باکوری قەزاکە رووینەداوە.
بهههرحاڵ ئهمه لە گوندە دوورەدەستەکانی خۆرهەڵاتی عێراق بەمجۆرە نییە، بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە نێوان پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالەوه، کە داعش بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە دانیشتوانە گەڕاوەکانیان.
بەڕێوبەری ناحیەی عوزهیم لە دیالە، عەبدولجەبار عوبەیدی بە دیارونای وت نزیکەی 10 خێزان کە لە گوندی هیتاویین دەژین بەناچاری هەڵهاتوون دوای هێرشێکی داعش بۆسەر گوندەکەیان مانگێک پێش ئێستا.
چوار مەدەنی لە هێرشەکەدا کوژران.
لە دوای ئەم رووداوە، هێزەکانی عێراق جێگیرکران بۆ پاراستنی گوندەکە و شارۆچکە و گوندە دوورەدەستەکانی خۆرئاوای عوزهیم، وەک بەشێک لە ئۆپەراسۆنەکانیان له سەڵاحەدین، لەنێویاندا مەیته و موتەیبیجە.
عوبەیدی وتی ههڵمهتێكی چڕیش هەبووە بۆ ئەمینکردنی گوندەکان لە خۆرهەڵاتی قەزاکە و چەند بەشێکی شارۆچکەی جەلەولا و ناوچەکانی دەوروبەری قەزای خانەقین، لە دوای چەند هێرشێکی تیرۆریستی بۆسەر گوندە دوورەدەستەکان.
لهوانه هێرشێك له 27 تشرینی یهكهم کە پێنج مەدەنی تێدا كوژرا لە گوندی خەیلانییە لە قەزای موقدادییە.
ئەمنیەتی چڕتر لە ناوچە دوورەدەستەکان
لەژێر رۆشنایی ئهم رووداوانهدا، عوبەیدی پێشنیاری ئەمنیەتێكی چڕتری كرد، ههروهها گرتنەبەری رێوشوێنی پێشگیر و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان دانیشتوان و هێزە ئەمنییەکاندا، لەگەڵ زیادکردنی جێگیرکردنی سەربازی لە ناوچە دوورەدەستەکان.
هەروەها داواشیکرد پیاوانی خێڵەکی پشتیوانی له هێزەکانی عێراق بکەن بۆ پاراستنی ناوچەکانیان.
وتیشی گرنگە ئەمنیەت بەرەوپێشەوە ببەین، چونكه هێشتنەوەی گوندەکان بە چۆڵی لە بەرژەوەندی پاشماوەکانی داعشدایە، كه دهتوانن ئازادانە لەو ناوچانە هاتوچۆبکەن و بیانکەن بە شوێنی ئەنجامدانی هێرشەکانیان.
سەرۆکی ئەنجومەنی ناوخۆ، شێخ ناجی حەواس بە دیارونای وت هێزە ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵی ناوەندی قەزای حەویجە لە خۆرئاوای کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری وەک رەشید و عەباسی و ریاز دەکەن.
وتی: "ماوەیەک دەبێت ناوچەکەمان لەدەست هێرشە تیرۆریستییەکان رزگاریبووە. بارودۆخ جێگیرە و زۆربەی دانشتوانی قەزاکە کە ئاوارەبووبوون گەڕاونەتەوە گوند و شارۆچکەکانی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان دەگوزەرێنن."
وتی سەرباری ئەوەش "پێویستمان بە هێزی زیاترە بۆ پتەوکردنی ئەمنیەت لە ناوچەکانی دەوروبەری قەزاکە، بەتایبەتی ناوچەکانی دەوروبەری قەزای مەخمور، شەرگات و زنجیرە چیاکانی حەمرین، کە داعش ئێستا تێیاندا چالاکە".
حەواس وتی ئەو زانیاریانەی دانیشتوانی حەویجە پێشکەشی هێزە ئەمنییەکانیان کردووە یارمەتیدەر بووە لە هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستیدا لە ناوچەکانی زاب و عەباسی، تەنانەت لە شاری کەرکوکیش.
پشتیوانیی مەدەنییهكان بۆ ئەمنیەت زۆر گرنگە و بووهته هۆی هەڵوەشاندنەوەی شانەکانی داعش لە داقوق و رەشاد.